کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

منازرەی کاندیداکانی سەرۆک کۆماری و هەڵبژاردنی خەڵک

ڕۆژی هەینی ٢٢ی مانگی گوڵان ئاخرین پەردەی شانۆی سێ پەردەیی منازرەی کاندیدە دەستەبژێر کراوەکانی کۆماری ئیسلامیی هاتە سەر شانۆ. ئەم نمایشە سێ پەردەییە دەبێ هەم تەنوری هەڵبژاردنی گەرم بکردایە و هەم دەبوو لەخزمەت ئەم ئەفکار سازیەدا بوایە کە گۆیا خەڵک بە چوون بۆ بەردەم سندووقەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنی یەکێک لەم کاربەدەستانەی ڕژیم دەتوانن چارەنووسی خۆیان و کۆمەڵگە دیاری بکەن. هاوکات هەڵبەت سەرانی ڕژیم لە مەترسی ئەم جۆرە منازرانە لە کۆمەڵگەیەکدا کە لە قەیرانێکی قوڵدایە و مەترسی تەقینەوەی زۆرە، بێترس و دڵنیا نەبوون. ئەم جۆرە منازرانە بۆ ڕژیمێک کە ڕژیمی کوشتار، ڕژیمی هەژاری کردنی خەڵک، ڕژیمی سەرکوتی ئازادییەکان، ڕژیمی ئاپاڕتایدی جنسی، ڕژیمی خوڵقاندن و پەرەدانی میلیۆنی حاشیە نشینان و گشت ئەو ئازار و موسیبەتانەیە کە لە کاتی بە دەسەڵات گەیشتنیەوە بەسەر خەڵکیدا سەپاندوە، ببێتە زەویەکی بە مین چیندراو. لەخۆڕا نییە کە هاوکات نیازی ڕژیم بە گەرم کردنی تەنوری هەڵبژاردن لە زمان کاربەدەستانی جۆراوجۆرەوە سنوور و خەتێکی سوور کە پێویستە کاندیدەکان ڕەچاوی بکەن، باس دەکرێت. خەتیبی نوێژی هەینی تاران چەند کاتژمێر بەر لە بەڕێوەچوونی یەکەم منازرە هۆشداری بە کاندیدەکان دابوو کە ” ئەگەر قسەکانیان ببێتە هۆی لاواز بوونی نیزام حەرامە”. بەر لە منازرەی دووهەمیش ئیمام جومعەی کاتی تاران بە کاندیدەکانی وەت کە ” خۆیان لە وتنی ئەو قسە و حەدەکاتانەی کە ئەم کۆمەڵگایە دەجوڵێنێ” بپارێزن. دوو دۆژ بەرلە منازرەی سێهەم ئەمجار خودی خامنەییش هاتە مەیدانەکەوە و هۆشداری دا کە:” کەلێنە ئیعتیقادی، جوغڕافیایی، زمانی و قەومیەکانی وڵات نەجوڵێنن دەنا سزا ئەدرێن”.

122

بەڵام لەگەڵ گشت ئەم تەشەر و تواجانەدا کارنامەی کۆماری ئیسلامیی و مۆرەکانی گەلێک کارەساتبارتر لەوەیە کە بکرێت بەم خەت و نیشان کێشانانە کێشەی بەینی باڵەکان بە چەشنێک ڕێکبخرێت کە هەم تەنووری هەڵبژاردن گەرم بکرێت و هەم هێڵە سوورەکانی نیزام پێشێل نەکرێت. بەڵام دەزانین کە یەکێک لە کارکردەکانی ” هەڵبژاردن” لە کۆماری ئیسلامیدا دابەش کردنی دەسەڵاتە لەنێوان باڵ و باندەکانی نێوخۆی حکومەتدایه‌ و ئەوەی کە هەرکامە لە باڵەکان چ سەهمێکی لە دەسەڵات و چ سەهمێک لە سەروەتی کۆمەڵگە بە تاڵان ببەن، خۆی لە شکڵی موهەندیسی کردنی هەڵبژاردندا و یان لە ڕووخاندنی ڕەقیبەکانیاندا دەردەخات. لەم ڕوەوە ئەو ئیفشاگەریانەی ئەنجام دراون لەم منازرانەدا بەر لەهەر شتێک دەرخەری کێشەی نێوان باندەکانە لەسەر بەش خوازی زیاتر. بەڵام لەم ئیفشاگەریانەدا چارەنووسی موسیبەت باری ژیان و بەڕێچوونی جەماوەری میلیۆنی خەڵک دەورێکی نییە. لەبەر ئەوەی کە هەموو ئەمانە بە گشتیی لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا لە هەموو جەنایەت و سەرکوتەکانی ڕژیم و لە بە تاڵان بردنی سەروەتی گشتی و توشی هەژاری کردنی خەڵکدا بەشدار بوون. ئەوەی کە ئەوان لە منازرەکانیاندا هێنایانە گۆڕێ تەنها گۆشەیەکی چکۆلە بوو لە بارودۆخێکی فەلاکەتبار کە بە میلیۆن کەس لە خەڵک هەر دەقیقە و هەر ساعات لە ژیانی رۆژانەی خۆیاندا دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەن. کاندیدەکان باش دەزانن کە هیچ جۆرە ڕێگا چارەسەرێکیان بۆ گرفتەکانی ئەم کۆمەڵگایە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا بە بێشەرمی تەواو باڵی ڕەقیب بە بەرپرسی ئەم نابەسامانیانە دەناسێنن. کافیە تەنها هێندێک لە قسەکانیان لە منازەکاندا وەبیر بێنینەوە تا ئاستی ئەم بێشەرمیە ئاشکرا تر بێت.

بۆنمونە جەهانگیری بە ئاماژە کردن بە ماجەرای درانی ئەملاکی نجومی لە ساڵی ڕابردوودا لە لایەن شارەداریی تارانەوە بە قاڵیباف دەڵێ:” ماڵ و مڵکی خەڵکت چی لێکرد؟ دوو هەزار و ٢٠٠ میلیاڕد تمەن مڵکی خەڵکت بەخشی و وتت کە تا سی ساڵی تر پوڵەکەی بدەن”. قاڵیبافیش نوکی هێرشی خۆی دەکاتە دەوڵەتی ڕووحانی و دەڵێ:” زیاتر لە سێ میلیۆن یەکەی نیشتەجێبوونی باتاڵمان هەیە کە هی ٤ لەسەد لە ڕانت خۆرەکانی کۆمەڵگایە”. ڕەئیسیش دەڵێ:” خەڵک دەبێ تەوانمەند بکرێن تا بتوانن مەسکەنیان دەست بکەوێ و بافتی کۆن و پەرتوکاوی خۆیان نۆژەن بکەنەوە.” دەبێ بپرسن کاتێک کە لانیکەمی هه‌قده‌ست یەک لەسەر چواری هێڵی هەژارییە، کاتێک کە زۆربەی مۆعەلیمان دوو شوغڵەن، کاتێک کە حقوقی خانەنشینان یەک لەسەر سێی هێڵی هەژارییە و ئەمانە جەمعیەتێکی نزیک بە ٥٠ میلیۆن کەسن، کەوایە باسی تەوانمەند کردنی کام خەڵک دەکەی.

قاڵیباف دەڵێ ئەگەر بمانەوێ پێنج میلیۆن هەلی کار دروست بکەین و بارودۆخی بەڕێچوونی و ئیشتیغاڵ بگۆڕێن دەبێ لە نیزامی گومرکی و پوڵیدا ئاڵوگۆڕ پێکبێنین.” قاڵیباف لە هەمووان باشتر دەزانێ کە لە هەموان زیاتر ئەوە سپای پاسدارانە کە لە ١١٤ ئیسکلەی ڕەسمییەوە کەلوپەلی قاچاغ هاوردە دەکات. لەخۆڕا نییە کە هاشمی تەبا یەکێکی تر لە کاندیدەکان ئەم پرسیارە دێنێتە گۆڕێ کە ” ئەو برادەرانەی کە زانیاری گرنگ و دەقیقیان هەیە بڵێن، ئەم ١١٤ ئیسکلەیە بۆ کێیە؟” ڕووحانیش تۆپەکە بەرەو دەروازەی ڕەئیسی شوت دەکات و دەڵێ:” لایەکی ئەو پەروەندە ٢ هەزار میلیاڕدییەی کاربەدەستێکی دەوڵەتی بوو کە ئێستا لە ستادەکەی ئێوەدایە. ئەو لەگەڵ چەند کەسی دیكه‌ بە دامەزراندنی شیرکەتێکی بێهزیستی بونیاد لەژێر ناوی ئوموری خێریەدا دەستی ئەدایە قاچاقچێتی کالا”.

لوتکەی بێشرمی کاتێکە کە ڕەئیسی دەبێتە داکۆکی کاری ئازادی و دەڵێ:” ڕەخنە گرتن ڕەمزی زەمانەتی سڵامەتی فەرد، کۆمەڵگا و دەوڵەتە. مافی شارۆمەندی ئەوەیە کە کەسەکان قسەکانیان بکەن.” جەهانگیری ڕوو بە ئەو دەڵێ:” هەر ئەڵێی ئەمانە نەبوون کە مەتبوعاتیان بە شێوەی بە کۆمەڵ دادەخست و خەڵکیان ئێعدام دەکرد.” ئەو هەڵبەت گۆیا لەبیری چۆتەوە کە ئەگەر ڕەئیسی ئەندامی هەیئەتی سێ کەسی هەڵبژێردراوی خومەینییە لە کوشتاری بە کۆمەڵی ساڵی ٦٧ دا، کەسێکی دیکەی ئەم کومیتەیە واتە مستەفا پوور محەممەدی هاوکاری ئەوە لە کابینەی ڕووحانیدا.

ئەگەر ڕەئیسی و قاڵیباف بە دانی وەعدەی زیاد کردنی یارانەکان بۆ ٢٥٠ هەزار تمەن دەیانەوێ بەشێک لە خەڵکی پەڕاوێز خراو بکێشنە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان، ئەگەر ڕووحانی دەڵێت:” خەڵک دەبێ هەڵبژێرن.” دەوڵەتێک کە دەیەوێ هەموو شتێک بە یارمەتی خەڵک چارەسەر بکات و یان دەوڵەتێک کە بە دخاڵەت و پاوانخوازی دەیەوێ بابەتەکان جارەسەر بکات، لە بەرانبەر دوو ڕێگا چارەداین درووشم و وەعدە و یان کردەوە ئیجرا؟ ئێمە ئەڵێین بە توزقاڵیش جەوهه‌ری ئینسانی لە ستراتێژی و بەرنامەکانی ئەمانەدا بوونی نییە و ڕاست لەم گۆشە نیگایەوەیە کە خەڵک نابێ بە بەشداری کردن لەم شانۆی هەڵبژاردنەدا ڕەوایەت بدەن بەم ڕژیمە سەرتاپا گەندەڵی وجەنایەتە. ڕێگا چارەی خەڵک چوون بۆ بەردەم سندووقەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنی هیچکام لەمانە نییە، ڕێگا چارەی خەڵک بەشداری نەکردنە لەم جۆرە شانۆگەریانەدا و ئامادەکارییە بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمه‌.