کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مانگرتن لە خواردنی بەرینی فەلەستینییەکان لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدا

لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی خاکەلێوە، ١٧ی ئاوریلەوە، نزیکه‌ی هەزار و ٥٠٠ کەس لە به‌ندكراوانی فەلەستینی ناو زیندانەکانی ڕژیمی ڕەگەز پەرستی ئیسڕائیل دەستیانداوەتە مانگرتن لە خواردنی بێ سنوور. ئەوان هاوکات لەگەڵ ڕۆژی “هاوپشتی لەگەڵ به‌ندكراوانی فەلەستینی” مانگرتنەکەیان دەست پێکرد. مانگرتن لە خواردن بەردەوام وەک چەکێکی خۆڕاگری زیندانیانی فەلەستینی لە سیاچاڵەکانی دەوڵەتی ئیسڕائیلدا بووە. مانگرتن لە خواردنی زیاد لە هەزار و ٥٠٠ کەس لە به‌ندكراوان بۆ ماوەی مانگێک لە ساڵی ٢٠١٢دا و مانگرتن لە خواردنی ٨٠٠ کەس لەوان بۆ ماەی ٦٣ ڕۆژ لە ساڵی ٢٠١٤ ئاخرین نمونەکانی ئەم خۆڕاگری و خەباتەی به‌ندكراوانی فەلەستینییە. مانگرتوان کە لە بارودۆخی نا مرۆڤانەی حاکم بەسەر زیندانەکاندا و لەوانە کۆتایی هێنان بە زیندانی تاکە کەسی، بەند کرانی بێ مەحکومییەت و بێ سنوور، ناڕازی بوون و خوازیاری ئیجازەی ملاقات و چاوپێکەوتنی ٢ جار لە مانگدا ( ئێستا مانگێ جارێک ئیجازەی چاوپێکەوتن ئەدرێت)، ملاقات بۆ کەسوکاری دەرەجە دوو، زیاد کرانی ملاقات لە ٤٥ خولەکەوە بۆ کاتژمێرێک، باشتر بوونی بارودۆخی نامرۆڤانەی ڕاگوێزرانی به‌ندكراوه‌كان لە زیندانەوە بۆ دادگا، ئیمکانی وەرگرتنی جلی ژێرەوە و کەلوپەلی بێهداشتی جێی پێداویستی به‌ندكراوه‌کان، ئیمکانی خوێندن لە دەورانی بەندکران و هیترن.
لەم مانگرتن لە خواردنەدا هەموو مه‌یلە سیاسیەکانی مەوجوود لەنێو فەلەستینیەکاندا بەشدارن. دەوڵەتی ئیسڕائیل خێرا ڕێبەرانی مانگرتنەکە لەوانە ناسراو ترینیان واتە “مەروان بەرغوسی” گواستەوە بۆ ژووری تاکە کەسی و هەموو جۆرە ملاقاتێکی لەگەڵیان و لەوانە ملاقات لەگەڵ وەکیلەکانیان قەدەغە کرد. .
بەرغوسی لە پەیامێکدا کە بە بۆنەی دەست پێکردنی مانگرتن لە خواردن بڵاوی کردەوە دەڵێ، ” ئەمڕۆ ڕووی قسه‌م لەئێوەیە. لە قوڵایی ژووری تاکە کەسییە بەر تەسکەکەمەوە، لە نێو هەزاران زیندانی و لە ڕێگای ئەوانەوە بە ئێوە ده‌ڵێم، لەنێو هەزاران زیندانیەوە کە پێداگرن لەسەر ئەوەی کەرامەت و ئازادییان بخەنە نەبەردێکەوە کە کەیلی شەڕافەت و بوێرییە. ئێمە ئەم مانگرتن لە خواردنەمان لەدژی سیاسەتی وەحشیانەی داگیرکاری کە هەروا درێژەی هەیە و بەرین تریش دەبێتەوە، درێژە پی ئەدەین. لەدژی ئینسان ڕفاندن، ئەشکەنجە، ئازار و ئەزیەت، پێ ڕانەگەیشتنی پزیشکی و دەرمانی، کرداری سەرەرۆیانە و تەنبێی لەدژی به‌ندكراوان و بنەماڵەکانیان لە بێبەش کردنیان لە مافی چاوپێكه‌وتن. ئێمە بڕیاری خۆمان لەسەر بنەمای بەرەو پێشبردنی ئەم مانگرتنە وێڕای ئەو گیانبازیانەی کە دەیخوازێ و دەرد و ئازارێک کە لەگەڵیدایە، ڕادەگەیەنین.”.101
پەیامەکەی بانگەوازی مافخوازانەی ئێنسانێکی خۆڕاگرە کە ویژدانی بەشەریەتی پێشکەوتن خواز شەرمەندەی خۆی دەکات. ئەو هاواری مافخوازی زیاتر لە یەک میلیۆن فەلەستنی واتە نزیک بە ٣٠ لەسەدی ئەم خەڵکەیە کە لە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵ داگیرکاریدا لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا بەند کراون. ئەو بانگی داخوازی زیاتر لە ٦ هەزار و ٥٠٠ به‌ندكراوی فەلەستینییە کە ئێستا لە به‌ند دان. لەنێو ئەواندا ٣٠٠ منداڵ و تازەلاو، ٥٧ ژن، ٧٠٠ به‌ندكراوی نەخۆش، ٥٠٠ به‌ندكراوی بێ حوکمی مەحکومییەت و بێ ماوەی زەمانی و ٤٥٨ کەس مەحکوم بە زیندانی هەتاهەتایین. ئەو خۆی بە ٤٠ ساڵ زیندان مەحکوم کراوە..
وەزیری ئاسایشی ئیسڕائیل ڕۆژێک دوای دەست پێکردنی مانگرتنەکە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ” تایمزی ئیسڕائیل” بەو پەڕی بێ شەرمییەوە وتی، ” تەنها یەک ڕێگا چارە بوونی هەیە و ئەویش ئێعدام کردنی تێرۆریستەکانە. تەنها لەم ڕێگایەوە دەکرێ بەر بە کەسانێکی وەک بەرغوسی بگیرێت کە لە نێو زینداندا مانگرتن لە خواردن ڕێکدەخەن.” قسەکەی ئەو چیرۆكێكی بێزار کەری جەنایەتێکی مێژووییە کە لەدژی نەتەوەیەک پەیڕەو کراوە. ئەوانەی کە لە ساڵی ١٩٤٨ دا لە ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان مۆری تەئیدیان نا بە داگیرکاری و دامەزراندنی دەوڵەتێکی ڕەگەز پەرستەوە، خۆیان شەریکی ئەم جەنایەتە مێژووییەن. تاریخی ئەم دەوڵەتە سڕێنەوەی نەتەوەیەکە. و لەم نێوانەدا ئەوانەی کە بێ شەرمانە دەوڵەتی ئیسڕائیل بە ” تەنیا دەوڵەتی دێمۆکراتیک لە ناوچەکەدا” دەزانن، واژەکان لە چەمکی ڕاستەوینەیان بەتاڵ دەکەن. دەوڵەتێک کە بناغەکەی لەسەر ئیدئۆلۆژیەکی ڕەگەز پەرستانەی سەهیۆنیستی و داگیرکردنی سەرزەویەک و سەرکوت و ئاوارە کردنی بەمیلیۆن کەس لە خەڵکەکەی دامەزرابێ، دەوڵەتێک کە هەروا لەسەر ئەم باوەرەیە کە بە یەکەوە ژیانی یەهودییەکان لەگەڵ نەتەوەکانی دیكه‌ لە سنورێکی جوغڕافیاییدا ئیمکانی نییە، چۆن دەکرێ وەک ” تەنها دەوڵەتی دێمۆکراتیک لە ناوچەکەدا” ناوی بێت. ئەمە هیچ شتێک نییە بێجگە لە خۆڵ کردنە چاوی جەماوەری خەڵکەوە و بێ شەرمانە زیاتر لە ٦٠ ساڵ خۆراگری خەڵکی فەلەستین بۆ دیاری کردنی چارەنووسیان لەبەرچاو ناگرێت..
لەم شەڕە نا بەرابەرەدا کە لایەکی شانۆیەکی شکۆداری خۆڕاگری و تێکۆشانی نەتەوەیەکی دەرکراو لە زێد و سەرزەمینی خۆیەتی و لایەنەکەی دیکەی سەرجەم ئۆردوی ئێمپریالیستی و تەواوی هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەی تێدا لە ڕیزێکدا وێستاوە، هەر هێزێک هەڵبژاردنی خۆی دەکات و خۆی بە لایەنگری لایەنێک لەم شەڕە دەناسێنێ. ئێمە خۆمان لە پاڵ خۆڕاگری و خەباتی میللەتی فەلەستیندا دەبینین. ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە ڕزگار بوونی ئەم نەتەوەیە نە لە سازش لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەر و قەبوڵ کردنی سوکایەتی و مل کەچ بوون بۆ ڕێگا چارە دیکتە کراوەکان لە لایەن ڕژیمی داگیرکەر و هاوپەیمانە نێوده‌وڵه‌تییه‌کانییەوە، نە لە چوونە پاڵ ڕژیمێكی تا سەر ئێسقان کۆنەپەرست و سەرکوت گەر وەک کۆماری ئیسلامی ئێران و نە سپاردنی چارەنووسی خۆڕاگری بە هێزێکی کۆنەپەرستی وەک حەماس، بەڵکوو لە پشت بەستن بە زەینیەتی مێژوویی خۆڕاگری و خەباتی ئەم نەتەوە دایە. کۆتایی هێنان بە داگیرکاری و تەوسعە تەڵەبی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە سەرزەویە فەلەستینییەکان، فەراهەم کردنی ئیمکاناتی گەڕانەوەی ئاوارەکان، لابردنی ئەو دیوارانەی کە خەڵکی فەلەستینی لە یەک جیا کردۆتەوە و له‌ زیندانێكی گه‌وره‌دا به‌ندی كردوون، کۆتایی هێنا بە بڵاو کردنەوەی نەفرەت لەنێو خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین و سەرئەنجام بە ڕەسمیەت ناسینی مافی خەڵکی فەلەستین لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیدا، مەسیری ڕزگار بوونی خەڵکی فەلەستینە. هیچ مەنتیقیك حوکم ناکات کە نه‌ته‌وه‌ی فەلەستین تاوانی گشت ئەو جەنایەتانە بدەن کە لە دژی نه‌ته‌وه‌ی یەهود بە درێژایی مێژوو پەیڕەو کراوە و تازە لە لایەن خودی ئەو کەسانەوە ئەنجام دراون کە لە ئێستادا لە دەوڵەتی ئیسڕائیل وەک قەڵا و سەنگەری قایمی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کەڵک وەردەگرن. ئەگەرچی دەسەڵات بە دەستەوە گرتنی ترامپ لە هەیئەت حاکمەی ئیمپڕیالیزمی ئامریکادا بەستێنێکی لەبار تری بۆ درێژەدان بە قەڵاچۆ کردن و كۆمه‌ڵ کوژی دەوڵەتی ئیسڕائیل فەراهەم کردووه‌، بەڵام کێ دەتوانێ بڵێت کە ئەم جەنایەتکارانە دەتوانن ئیرادەی نەتەوەیەک کە زیاتر لە ٦ دەیەیە خۆڕاگری دەکات، تێکبشکێنێ.