ئەمڕۆ شەممە ١٢ی مانگی خاکەلێوە، ساڵڕۆژی داسەپینی ڕژیـمێک بەسەر خەڵکی ئێراندایە کە ناوی نراوە کۆماری ئیسلامیی. سی و هەشت ساڵ لهمهوبهر لە وەها ڕۆژێکدا ئەوانەی بە ڕێبەریی ” خۆمەینی” دهستیان بهسهر شۆڕشی ئێرانیان گرت، لە شانۆگەریەکدا بەناوی، “گشت پرسی لە خەڵكی ئێڕان” دهسهڵاتی جەهەل و خورافە و سەرکوتییان بەسەر ئەم وڵاتەدا ڕەسمیەت پێدا.
ڕۆژی ١٢ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٥٨، لە حاڵێکدا هێشتا، دوو مانگ بهسهر سەرکەوتنی ڕاپەرینی خەڵک تێنەپەڕیبوو وە جەماوەری خەڵک بە تەواوی ناوهڕۆكی بیروڕای کۆنەپەرستانە و ئامانجی بۆرژوازی داگیرکەرانی شۆڕشیان نەناسیبوو، کە دارودەستەی خومەینی بە دروشمی، ” کۆماری ئیسلامی نە یەک وشه زیاتر و نە یەک وشه کەمتر” هاتنە مەیدان تا خەڵک ناچار بکەن کە لە نێوان دوو بژارادەی ” ئەرێ و نا” دا یەکێکیان هەڵبژێرن و بە بەشداری کردن لەم بەناو ” گشت پرسی”ەدا بە نیزامی کۆماری ئیسلامیی دەنگی ئەرێ یا نا بدەن. خۆمەینی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم شانۆگەریە زۆری پەلە بوو. لەبەر ئەوەی دەیزانی ئەگەر خەڵک دەرفەتیان هەبێت بە چاوەی کراوەوە سەبارەت بە ماهیەتی حکومەتی ئیسلامی قەزاوەت و داوەری بکەن، ئاکامی ڕیفڕاندۆمەکە ئەو جۆرە نابێت کە ئەو چاوەڕێیەتی.
پرسیارێکی فریوکارانە و وڵامی ” ئەرێ یان نا” کە بۆ ئەم ڕیفڕاندۆمە دیاریکراوبوون، بە شیوەیەک بوو کە گۆیا ئەگەر کەسێک دەنگی ” ئەرێ”ی نەخستە سندوقەوە، بە واتای ئەوەیە کە لایەنگری گەڕانەوەی ڕژیمی پاشایەتییە. دیارە لە بارودۆخێکدا کە جەماوەری خەڵک لە خۆبوردوانە و بەشێوەیەکی بەرین بەشدارییان لە ڕاپهڕین بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی پەهلەوی كردبوو، چەسپاندنی وەها نیسبەتێک پێیانەوە مایەی شەرمەزاری بوو و گەلێک لەم خەڵکە لەبەر نەفرەتیان لە ڕژیمی پەهلەوی و سەرەڕای مەیلی باتینیان، بە حاکمیەتی مەزهەبی و حوکمڕانی تاقمێک ئاخوند و کۆنەپەرست، بە ناچاری و هێندێکیشیان لەروی خۆشیاوهڕییهوه دەنگی ” ئەرێ”یان هەڵبژارد و خستیانە سندوقی دەنگدانەوە.
هەڵبەت لەو کاتەشدا ئەو بەشە لەخەڵک کە ماهیەتی حاکمیەتی مەزهەبی و بەهێز بوونی کۆنەپەرستانیان وەک حاکمیەتی ئیستبدادی و دیکتاتۆڕی شاهەنشایی دەبینی، نەك ههر ئەم ڕێفڕاندۆمەیان تەحریم کرد، بەڵکوو تا ئەو جێگایەی بۆیان کرا، داوایان لە جەماوەری خەڵکیش کرد بەشداری تێدا نەکەن. کاربەدەستانی تازە بە دەسەڵات گەیشتوی بەهرەمەند لە ئیمکاناتێک کە بەدەستیان هێنابوو وە بە کەڵک وەرگرتن لەو تریبۆنانەی کە لە ئیختیاریاندا بوو وە بە پشت بەستن بە سوننەتە مەزهەبیەکانی مەوجود لە نێو خەڵکدا، ئاکامی بەناو گشت پرسییەکەیان بە قازانجی خۆیان و بەناوی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاند. پێشینەی هەموو هەڵبژاردنە فەرمایشیەکانی ٣٨ ساڵی ڕابردوو دەگەڕێنەوە بۆ وەها ڕۆژێک و بە سەقامگیر بوونی وەها ڕۆژێک بوو کە سوننەتی هەڵبژاردنە شانۆیی و فەرمایشیەکان لەم ڕژیمەدا بهردهوام دووپات دەبێتەوە. ١٢ی خاکەلێوە، بۆ خەڵکێک کە لەژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا دەژین، وەربیر هێنەرەوەی یەکەم رۆژەکانی ڕەد کرانەوەی مافی هەڵبژارنە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا و یەکەم رۆژی چەسپین و سەقامگیر بوونی حاکمیەتی جەهل و خورافە و یەکەم ڕۆژی شکڵ گرتنی حاکمییەتێکە کە هەم کۆنەپەرستانە و هەم سەرمایەداریە.
ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوە، ئەگەر بۆ کۆماری ئیسلامیی ڕۆژی دەستپێکی ٣٩ هەمین ساڵە لە حاکمیەتی نیزامی سەرمایەداری، بۆ جەماوەری خەڵک ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆتایی دەوری جەماوەری خەڵکە لە شۆڕشێکی شکۆداردا و ساڵڕۆژی دەست پێکردنی ڕژیمێکی کۆنەپەرست و ساڵڕۆژی بەردەوام بوونی تەمەنێک سەرکوت، سوکایەتی، داسەپاندنی هەژاری و برسیەتیە و سەرەتای ٣٩ هەمین ساڵی بەردەوام بوونی زەوت کرانی سەرەتایی ترین ئازادییە فەردی و کۆمەڵایەتیەکانە.
ئەگەرچی لەو کاتەشدا بەشێکی تا ڕادەیەک زۆر لە خەڵک لەو یەکەم شانۆی هەڵبژاردنەدا بەشداریان نەکرد، بەڵام کۆماری ئیسلامی یەکەم ئاماری جەعلی خۆی لە بەناو ڕیفڕاندۆمێک ڕاگەیاند کە گۆیا زیاتر لە ٩٨ لەسەدی خەڵک لە شانۆی ” کۆمارەی ئیسلامی ئەرێ یان نا” دا بەشدار بوون. ئەم ئیدیعایەی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا ڕادەگەیەندرا کە خەڵکی کوردستان بە جەمعیەتێکی چەند ملیۆنیەوە، سەرەڕای ئەم فریوکاریە ئاشکرایە، بە وشیاری تەواوەوە لەم ڕیفڕاندۆمەدا بەشداریان نەکرد و بەم جۆرە مەشروعییەتی ئەم ڕژیمەیان قەبوڵ نەکرد. ڕژیم تەنانەت شانسی ئەوەشی نەبوو کە دووكانی هەڵبژاردن لە کوردستان بكاتهوه. بۆ گەلێک لە ناوچە دورەکان هیچ بەرگەیەکی هەڵبژاردن نە نێردرا. لە چەند شوێن و لەوانە لە بەشیک لە تورکەمەن سەحرا سندوق دانەندرا.
ئهمڕۆ بە میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران دەست خۆشی لە خەڵکی کوردستان و لە هەموو ئەو کەسانەی کە بە وشیاریەوە، لەم شانۆگەریەی ڕەوایەتیدان بە ڕژیمی ئیسلامیدا بەشداریان نەکرد دەکەن. ئهمڕۆ زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران و بە تایبەت کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش خوازیاری ڕووخاندنی ئەم ڕژیمەن. بەڵام وەها داخوازیەک تەنیا بە تێکرار بوونەوەی دیمهنهكانی شكۆداری ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٣٥٧ و ئەم جارە بە نواندنی رۆڵی ئاگاهانە و ڕێكخراوی چینی کرێکار و حوزوری بە ملیۆن لە لاوان، ژنان و گشت خەڵکی ژێر ستەم لە مەیدان و گۆڕەپانە جۆراو جۆرەکاندا، دەستەبەر دەبێت. با دەست لە دەستی یەکدا بواری وەها شۆڕشێک بە ئیرادەی ملیۆنیمان فەراهەم بکەین. لە رۆژی دامەزرانی حکومەتی جەنایەت، خەڵەفاندن و وێرانی کۆماری ئیسلامیدا جێی خۆیەتی یادی ژنان و پیاوانێكی شۆڕشگێڕ و پێشڕهو و كۆمۆنیست ڕێز لێبگرین کە لە بهرانبهر بهم ههیولا دژی بەشەرییە و بۆ هاتنەدی ئامانجهكانی شۆڕشی ئێران، لە مەیدانی نەبەرد و یان لە زیندانەکاندا گیانیان فیدا کرد. یادی ئیلهام بەخشیان لەمرۆدا زیاتر لە هەر رۆژێکی تر یارمەتی دەری ئێمەیە لە تێکۆشانی بێ ئەمان، خاوەن بەرنامە، ڕیکخراو و بەردەوامان لەدژی ڕژیمی ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداری.