کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندنی حاشییە نشینی

حاشییە نشینی بە پانتایی ئێران به‌رده‌وام په‌ره‌ده‌ستێنێ، بەڵام ناوەندە حکومەتییەکان ئامارێکی دەقیق لە حاشیە نشینانی نادەن بەدەستەوە. گه‌ش بیناترین ئامارەکان جەمعیەتی حاشیە نشینی ئێران لە نێوان ١١ تا ١٣ میلیۆن کەس بەراورد دەکەن. بە وتەی هێندێک لە کاربەدەستانی ڕژیم لە مەجلیسی ئیسلامیی، ” کۆچ کردن و حاشیە نشینی لە شارە گەورەکاندا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٦١ ی هەتاوی، ١٧ بەرابەر زیادی کردووە و گه‌لێك خەساری کۆمەڵایەتی قەرەبوو نەکراوی بە سەر وڵاتدا هێناوە.” سەرچاوەیه‌كی غەیرە دەوڵەتیی، جەمعیەتی حاشیە نشینانی ئێرانی بە ١٨ میلیۆن کەس بەراورد کردووە. بۆ بە دەستەوە دانی وێنایەکی ڕاستر لە ئاستی ئەم کارەساتە کۆمەڵایەتییە با بە یەکەوە چاوێک لە ئاماری حاشیە نشینی لە هێندێک لە شارەکانی ئێران بکەین.

ئەگەرچی ئامارێکی ڕاست لە جەمعیەتی حاشیە نشین لە تارانیشدا بوونی نییە، بەڵام ماوەیەک لەوە پێش محەممەدباقر قاڵیباف، شارەداری تاران ڕایەگەیاند کە ٢٥ تا ٣٠ لەسەدی جەمعیەتی تاران حاشیە نشینن، و بە لەبەرچاو گرتنی جەمعیەتی ٨ میلیۆن و نیوی تاران وادیارە کە دەبێ زیاتر لە ٢ میلیۆن کەس لە دەوروبەری ئەم شارەدا بوونیان هەبێت. بە گوێرەی هێندێک لە ئامارەکان کە هەواڵنێریی مێهر بڵاوی کردۆتەوە لە شاری مەشهەد زیاتر لە یه‌ك میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس واتە ٣٢ لەسەد لە جەمعیەتی ئەم گه‌وره‌ شاره‌ لە ٨ ناوچەی حاشیە نشینی شار لە ” نشیمەنگای ناڕەسمی” دا دەژین. لە ئیسفەهان ٣٠ لە سەد لە جەمعیەتی ٢ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسیەکەی حاشیە نشینن. بە گوێرەی بەراوردەکانی کارناسان زیاتر لە ٥٠٠ هه‌زار کەس لە جەمعیەتی تەورێز حاشیە نشینان پێکیدێنن کە لە ١٨ ناوچەی پڕ جەمعیەتدا لە شۆمال و جنووبی ئه‌مشاره‌دا دەژین. لە کەڵان شاری شیرازیشدا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس لە ١٠ ناوچەی پەڕاوێزی شاردا دەژین. لە هەمەدان زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس پەڕاوێز نشین بوونیان هەیە. ٤٠٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی خوزستان حاشینە نشینن. لە شارستانی ئەدەبیل یەک لەسەر سێی دانیشتوانی نیو میلیۆنی ئەمشارە لە ناوچە پەڕاوێز خراوەکانی ئەمشارەدا دەژین. لە ئوستانی ئازەربایجانی غه‌ربی، زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس لە ٧٢ گەڕەک و ناوچەی حاشیە نشیندا دەژین. شاره‌كانی ورمێ، پیرانشار و بۆکان زۆر ترین ئاماری حاشیە نشینیان لەم ئوستانەدا هەیە. کرماشان لە نێوان ٣٠٠ تا ٣٥٠ هەزار کەس لە شارەک و ناوچە حاشیەییەکانی ئەم شارەدا دەژین. گەڕەک و ناوچە حاشیە نشینەکانی سنە زیاتر لە نیوەی جەمعیەتی شاری واتە ٥٤ لەسەدی جەمعیەتی ئەم شارەیان لە خۆ گرتووە. لە ئێستادا لە زیاتر لە ١٣ ناوچەی شاری سنە نشیمەنگای نا ڕەسمی بە بەرینایی زیاتر لە ١٦١ هێکتارەوە بوونی هەیە.81

دیاردەی حاشیە نشینی تەنها تایبه‌ت بەم شارانە نییە و ئەم ئامارانەش هەموو ڕاستییەکان نیشان نادەن، بەڵام ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە چلۆن لەژێر حاکمیەتی سەرمایەداری ئیسلامیدا هەژاری و فەلاکەتی ئابووریی و بێ مەسکەنی و بێبەش بوون لە سەرەتایی ترین خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، شارە گەورەکانی ئێرانی گەمارۆداوە. حاشیە نشینی شوێنەواری مناسباتی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارانە و قوڵتر بوونەوەی کەلێنی چینایەتی و داگیر کرانی سەرچاوەکانی سەروەتی ئەم کۆمەڵگایەیە لە لایەن کەمینەیەکی سەرمایەدار و مشەخۆرەوەیه‌. حاشیە نشینان ئەو هاوڵاتییانه‌ی کە گوشاری هەژاری و بێکاریی و بێبەش بوون لە ئیمکاناتی سەرەتایی ژیان، وشکە ساڵی بەردەوام، میكانیزه‌ بوونی کەشاوەرزی ئەوانی لە دێهاتەکان، شارۆچکە و گەڕەکەکانی شوێنی نیشتەجێ بوونیان هه‌ڵكه‌ندووه‌ و ڕەوانەی شارە گەورەکانی کردون و لە پەڕاوێزی ئەم شارانەدا گیرساندونییەتەوە. گەڕەکە حاشییەکان بەشێوەی ئاسایی لە زەویە لێژ و بەردەڵان و چۆڵەکانی خاڵی لە دانیشتاوان کە لە دەوروبەری ناوەندی شارەکاندان، پەرە ئەسێنن. شوێنی نێشتەجێ بوونی حاشیە نشینەکان بەپێی ئیمکاناتێکی کەم خەڵکی ئەم ناوچانە لە مەواد و کەرەستەی کەم دەوام و مەعمولەن لە لایەن خودی دانیشتوانەوە دروست کراون. ئەم بەشە لە هاوڵاتییان بە کردەوە لە مافی هاوڵاتیی بوون بێبەش کراون و بە نا ڕەسمی بە حێساب هێنانی گەڕەکەکانیان لە دەرەوەی چەتری پشتیوانی یاسایین. زۆرێك لە گەڕەکه‌ پەڕاوێزنشینه‌كانی شارەکان خاوەنی هیچ جۆرە خزمەتگوزاریەکی وەک ڕێگای قیره‌تاو، بەرق و سیستمی ئاو و ئاوەرۆ نین. ئەم ناوچانە بە هۆی ئەم بێبەشیانەوە بوونەتە ناوەندی پەرەگرتنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان.

ناوچەگەلێک بە کۆڵانی تەسک و پێچاوپێج کە لەواندا خەبەرێک لە ناوەندی بێهداری و پزیشکی، مەدرەسە و فەزای سەوز بوونی نییە. لە هێندێک لە کۆڵانەکاندا ئاوەرۆ بە جۆگەلەی سەر ئاوەڵەدا کە خۆی هۆکاری سەرەکی بڵاو بوونەوەی نەخۆشییە لەم گەڕەکاندا، دەڕوات. ئەو منداڵانەی کە بە جێگای باخچەی ساوایان و دەرس و مەدرەسە بە خۆڵ و خاک یاری دەکەن، لاوانی بێبەش لە کار و خوێندن کە بە ڕواڵەتی داتەپیو لەدەوری یەک کۆبوونەتەوە و خەریکی سیگار کێشانن. ئەو پیاوە بە ساڵاچوانەی کە گیرۆدەی داوی ئیعتیاد بوون و چەماونەتەوە، ئەو ژنانەی کە لەدەوری شێرەیەکی ئاو خەریکی جل شۆردنن. ئەمانە تەنها وێنایەکن لە ژیانی حاشیە نشینی دەوری شارێک، دەرد و ڕەنجێکی هاوبەش کە دانیشتوانی ئازار ئەدات. ئەگەرچی هێندێک لە کۆمەڵناسانی چینی دەسەڵاتدار، کێشە و گرفتەکانی حاشیە نشینان و بێکاری بەرین لەم ناوچانەدا دەگەڕێننەوە بۆ میراتی فەرهەنگی دێهاتیی بوونی ئەوان، بەڵام ئەم قسەیە پوچ و بێ بنەمایە. بەشێک لە حاشیە نشینەکان ئەو کرێکارانەن کە بەهۆی بێتوانایی لە دەست ڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی ژیانی شاری و ئاموزش و پەروەرش و ئاموزشی حیرفەیی و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی بوونی بەمیلیۆن بێکار لە سەرتاسەری وڵاتدا شانسێکی کەمیان بۆ دەست کەوتنی دەرفەتی بەهرەمەند بوون لە کارێک هەیە.

ئەوەی کە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیمی وادار کردوە تا لە سەرودەمی نزیک بوونەوە لە سێ هەڵبژاردن بە یەکەوە، باس لە پەرەگرتنی حاشیە نشینی و بارودۆخی خراپی دانیشتوانی و ڕێگای بەرەنگار بوونەوەی بکەن نەک لە ڕووی دڵسۆزیەوە و بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاری شاری بۆ ئەم بەشە لە هاوڵاتییان، بەڵکوو سەرچاوەگرتوو لە مەترسی ئاخێز و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان لەم ناوچانەیە کە پێش بینی ناكرێت. بە لەبەرچاو گرتنی پێشینەی مێژوویی خەباتی حاشیە نشینەکان کاربەدەستانی ڕژیم دەزانن کە ئەگەر چه‌خماخه‌یه‌كی ئەم ناڕەزایەتییانە بکەوێتەوە، ئەویش لە بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگادا بە هاسانی شیاوی کۆنترۆڵ کردن نییە.

ئاشکرایە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی پەڕاوێز نشینن ئەو کرێکار و زەحمەتکێش، و خەڵکی هەژار و بێبەشەن کە لەگەڵ زۆربەی زۆری جەماوەری خەڵکی ستەمکێشی کۆمەڵگادا خاوەنی موسیبەت و دەردی هاوبەشن. بوونی ناوچەی حاشیە نشین خۆی لەخۆیدا نیشانەی بوونی هەژاری و فەلاکەتی ئابوورییە لەنێو بە میلیۆن ئینسانی ژێر ستەمدا کە خاوەنی کەمترین و سادە ترین ئیمکاناتی ژیانێکی شاری مۆدێڕن نین لە سەدەی ٢١ دا. هۆکار و سەرچاوەی پەرەسەندنی حاشیە نشینی، تەنیا و تەنیا نیزامی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامییە.