دوێنی ناونووسی كاندیدهكانی نوێنەرایەتی شوڕاکانی شار و دێهات لە ئێران تەواو بوو. بە پێی ڕاپۆرتی ستادی هەڵبژاردنی وەزارەتی نێوخۆ، زیاتر لە ٢٥٨ هەزار کەس لە سەرتاسەری ئێران، ناوی خۆیان تۆمار کردوە. بە وتەی “عەبدالرهزا ڕەحمانی فەزلی” وەزیری نێوخۆ، زیاتر لە ١١٠ هەزار کەس بۆ ئەندامیەتی لە نزیکەی ٤٠ هەزار شوڕادا هەڵدەبژێردرێن. چاو گێڕان بەسەر ئەو مەرجانەدا کە کاندیداتۆرەکانی “شوڕا ئیسلامیەکانی شار و دێهات”، دەبێ هەیان بێت و سەبارەت بە پێبەندبوون، پێیانەوە سوێند بخۆن، نیشانی ئەدا کە ماهیەتی ئەو کەسانەی کە دەتوانن لەم شانۆ گەریەدا کاندید بن دهبێ چۆن بێت.
” ئیعتماد و ئیلتیزامی بە کردەوە بە ئیسلام و بە ویلایەتی فەقیە، دهربڕینی وەفاداری بە یاسای بنهڕهتی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەربە هیچ حیزب، سازمان و گوروپێکی نا یاسایی نەبوونیان لە لایەن سەرچاوەی سەڵاحیەتدارەوە ڕاگەیەندرابێت. ئەو کەسانە بە تاوانی، کردەوە لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران، مەحکوم نەکرابێتن”.
ڕابردوی داوتەڵەبەکان دەبێ لە لایەن وەزارەتی دادگوستەری، وەزارەتی ئیتلاعات و هێزی ئینتیزامیەوە تەئید کرابێ. بەم شێوەیە دیارە، هەموو ئەو کەسانەی کە رۆژێک لە رۆژان بە هۆکاری لایەنگری لەم یان لەو ڕەوتی نەیاری ڕژیم، پێیان کەوتبێتە بێدادگایەکی ڕژیمەوە یان وەزارەتی ئیتلاعاتهوه، ناتوانن لەم شانۆگەریەی هەڵبژاردنەدا بەشدار بن.
پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی ئەم شوڕایانە لە کاناڵی ناوەندێک بە ناوی ” هەیئەتی ئیجرایی چاودێری بەسەر هەڵبژاردندا” تێدەپەڕێت. ئەم ناوەندە رۆڵی شوڕای نیگابانی ناوچەیی و چاودێری ئیستسوابی دەگێڕێ و بۆ تەئید کردنی سەڵاحیەتی داوتەلەبان لە ئیدارەی ئیتلاعات، هێزی ئینتیزامی و دادگوستەری بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنووسیان، ڕێنمایی وەردەگرێت.
بەشی فۆرمالی ئەرکی شوڕاکانی شار و دێهات بە گوێرەی ئەوەی کە لە قانونی شوڕاکاندا هاتوە، بریتیە لە “چاودێری کردن بەسەر کرداری دێهدار و شارەدارەکان و پەسند کردنی بوجەی شارەداریەکاندا.” بەڵام بەشی ڕاستەقینەی، دیسان بە گوێرەی هەر ئەم یاسایە بریتیە لە “هاوکاری کردن لەگەڵ هێزی ئینتیزامی بهمهبهستی سەقامگیر کردنی ئەمنیەت و نەزمی گشتی، دەستەبەر کردنی بەشداری و هاوکاری لە بەڕێوەبردنی کاروباری فەرهەنگی و دینیدا”، (واتە هاوکاری کردن لە بەسیج گیری و وەڕێخستنی مەڕاسمە مەزهەبیەکانی ڕژیم لەو شوێنە و چاودێری کردنی.)
قەرارە ئاکامی سەرەتایی هەڵسەنگاندنی سەڵاحیەتەکان لە رۆژی ٢ ی مانگی گوڵان، واتە چوار حەفتەی دیکە، ڕابگەیەندرێت و هەڵبژاردنی شوڕاکان، رۆژی ٢٩ی گوڵان، هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردنی شوڕاکان، دوای پەسند کرانی یاسای بنهڕهتی لە رۆژی ١٢ ی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٥٨ ههتا مانگی ڕهشهمهی ساڵی ١٣٧٧ بۆ ماوەی نزیك به ٢٠ ساڵ بەڕێوەنەچوو. لە ساڵەکانی دواتریدا کە ئەم مادەیەی یاسای بنهڕهتی ئیجرا کرا، ئەم شۆڕایانە خاوەنی ٢ تایبهتمهندی ئەساسی بوون. یەکەم ئەوەی کە بە شێوەی گشتی، هەڵبژاردنەکان لە کۆماری ئیسلامیدا، هیچ ڕەنگ و بۆیەکیان لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیک پێوە نەبوو، وە بە کردەوە ناوەندێکی دەوڵەتی بوون کە کەسەکانی لەسەرەوە، دەست نیشان دەکران و سەریان لە سندوقەکانی دەنگدان، دەردەهێنا. دووهەم ئەوەی کە بەم حاڵەشەوە، بەکردەوە خاوەنی کەمترین توانایی و ئیختیار بوونو، وەک ناوەندێکی بێ خاسییهت و لەبیر کراویان لێدەهات. لەم بارەیەوە لەنێو هەموو شوڕا ئیسلامیەکانی ئێراندا، ناوی شوڕای شاری تاران لەسەر زارانە. لەبەر ئەوەی کە ئەساسەن، بەستێنێکە بۆ ڕقابەتی باڵە حکومەتیەکان و سەکۆیەکی بازدان، بۆ دەست ڕاگەیشتنی کەسانی سەربە باڵە جۆراو جۆرەکان بە ئەهرومەکانی دەسەڵات لەسەرترەوە.
پێكهاتنی شوڕا خەڵکی و کرێکاریەکان نە تەنیا بەرهەمی خەباتی جەماوەری خەڵک، بەڵکو دەرکەوتەی ئیرادەی ئەوانە لە بڕیاردان، سەبارەت بە چارەنووسی خۆیان. ڕژیمێک کە خۆی بەرهەمی شکستی ئامانجی ڕاستەقینەی شۆڕشی ١٣٥٧ له ئێران بوو، تا کاتێک کە لە شکستی بە تەواوەتی جەماوەری خەڵکی شۆڕشگێڕ دڵنیا نەبۆوە، تەنانەت دەستی بۆ بهڕێوهبردنی ئەم خاڵه بێ كهڵكهی یاسای بنهڕهتی، سەبارەت بە شوڕاکان نەبرد. کۆماری ئیسلامی تا کاتێک کە کرێکاران و بزوتنەوەی کرێکاری بە کوشتاری بەرینی کرێکاران و کومونیستەکان سەرکوت نەکرد، تا کاتێک کە شوڕاکانی کرێکاری لە شوێنی کار لەگەڵ شوڕا ئیسلامیەکانی کار و خانەی کارگەر جێگۆڕکێی پێنەکرد، تا کاتێک کە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانی لە بواری نیزامیدا، سەرکوت نەکرد و شوڕاکانی خەڵک و بزوتنەوەی شوڕایی لە کوردستان و تورکەمەن سهحرای قەڵاچۆ نەکرد، تا کاتێک کە بیرەوەری شوڕاکانی خوێندکاران و قوتابیان و ئیدارەکان و شوڕاکانی گەڕەک لە زەینەکان نەسڕانەوە و دەزگاکانی وەزاڕەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران و باقی هێزە سەرکوت گەرەکان، سەقامگیر نەبوون و بەسەر گشت ئاستەکانی ژیانی خەڵکدا زاڵ نەبوون و لە کۆتاییدا لە مەجلیسی ئیسلامی، ناوەرۆکی ئەبزاری ئەم ناوەندانە، لایەنی یاسایی پێنەدرا، ناوێک تەنانەت لە هەڵبژاردنی شوراکان لە ئارادا نەبوو. تەنیا بە دڵنیا بوون لە شکستی شۆڕش و بزوتنەوەی شوڕایی بوو کە دژی شۆڕشی حاکم، ڕازی بە بەڕێوەچونی شانۆی هەڵبژاردنی شوڕاکان بوو. ئەوکاتەی کە ناوی ئەوانیشی نابوو “شوڕا ئیسلامیەکانی شار و دێ”.
لەم دەورەیەشدا وەک دەورەکانی پێشتر لە شوێنەکانی دەنگداندا، دوو سندوق دادەندرێت، هەرکامێکیان بۆ یەکێک لەم بەناو هەڵبژاردنانە بەکاردێت. هاوکاتی شانۆی هەڵبژاردنی شوڕا ئیسلامیەکان، لەگەڵ شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، یەکێک لە شگردەکانی شانۆیی هەڵبژاردنی ڕژیمە. ئامانجی ئەم سیاسەتە، ڕاکێشانی خەڵکە بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان لە سێناریۆیەکی لەپێش داڕێژراودا. ڕژیم سەرەتا بە مەیدان دان بە ڕقابەتی ناوچەیی کاندیدی شوڕاکان، تەنووری هەڵبژاردن گەرم دەکات تا بەشێک لە خەڵک، لانیکەم لەبەر خاتری بەشداری کردن لەم ڕقابەتانەدا، ڕاکێشنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و لەم ڕێگایەوە، ماتریاڵی پێویستی بۆ گەرم نیشاندانی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، لەبەر دەستدا بێت. ئەم فریوکاریە لەگەڵ سەرجەم سیناریۆکانی شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیمدا، دەبێ ئیفشا و ڕیسوا بکرێن.