کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کارەساتی برسیەتی لە ئافریقا

ئەو وێنانەی لە مێدیا گشتیەکاندا لە رۆژانی ڕابردوودا بڵاو بوونەتەوە، جارێکی دیكه‌ و بۆ چەندەمین جار، ڕواڵەتی موسیبەت باری برسیەتی لە ئافریقا نیشان ئەده‌ن. زیاتر لە ٢٠ میلیۆن کەس لە چوار وڵاتی سودان، نیجێرییە، سۆمالی و یەمەن لەگەڵ برسیەتی دەست و پەنجە نەرم دەکەن. بە میلیۆن ئینسان، دوایین تواناییەک کە لە گیانیاندا ماوەتەوە، دەخەنە سەر ئەو هەنگاوانەی کە هەر جار ناجارێک شل دەبێه‌ته‌وه‌، ڕێدەکەن تا بەشکوو دەرفەتێک بدۆزنەوە، بەر لەوەی مەرگ ئەو تواناییەشیان لێ بستێنێ، خۆیان بگەیەننە ئۆردوگایەک.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی دەبیری گشتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان تا کۆتایی مانگی ماڕس، ٤ ملیارد یۆرۆ پێویسته‌ بۆ ئەوەی بەر بە موسیبەت بارترین کارەسات بگرن. ئەو بێ هیوایانە دەڵێ کە تا ٢٠ی مارس “ئەوەڵی خاکەلیوە”، تەنیا یەک دەهومی ئەو بڕە، واتە ٤٠٠ ملیۆن یۆرۆ کۆکراوەتەوە. هاوکات وتەبێژی کۆمیساریای باڵای ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دەڵێ “لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئێمە تەنیا دەتوانین بەر بە مەرگی كتووپڕی ئەم شەپۆلە گەورەیەی برسیەکان بگرین و ئیمکانی دۆزینەی چارەسەرێکمان بۆ ماوه‌یەکی دورودرێژ نییە، هه‌ر بۆیه‌ بۆ وێنه‌ بە جێگای لێدانی بیر، لە ڕێگای تانکرەوە ئاویان پێده‌گه‌یه‌نین و یان بە جێگای گواستنەوەی نەخۆشەکان بۆ نه‌خۆشخانه‌، دەرمانگای پزیشکی كاتی دادەمەزرێنین”. بەرپرسی هاوئاهەنگی یارمەتی نا ئاسایی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دەڵێ، “بەشەریەت لە ساڵی ١٩٥٤ بەم لاوە، بەرەورووی وەها کارەساتێک نەبۆتەوە.”

ئەوەی کە خەریکە روئەدات و تەنیا بەشێکی لە مێدیای گشتیدا پیشان ئه‌درێت، لە نەکاو و دوور لە چاوەڕوانی نییە. لەبیرمان نەچێت کە لە ساڵی ٢٠١١ نزیكه‌ی ٢٥٠ هەزار کەس لە وڵاتی سۆمالی لە برسا مردن. لە ئێستادا جارێکی دیكه‌ ئەم کارەساتە تێکرار ئەبێتەوە. نزیکەی میلیۆنێک و ٥٠٠ هەزار منداڵ لە به‌رده‌م مردن دان. یازدە ئوستان لە ١٨ ئوستانی ئه‌م وڵاته‌، نەخۆشی وەبا و باقی نەخۆشیە عوفونیەکان لە حاڵی بڵاو بوونەوەدان. ئەم بارودۆخە لە سودانیش هه‌روایه‌. گەلێک ناوچە لە باشوری سودان، بەرەو رووی کارەساتی برسیەتی بوونەتەوە، لەم ناوچانەدا زیاتر لە چوار ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس برسین و بە پێی ئاماری رێكخراوی یۆنیسێف تا کۆتایی مانگی ئاوریل “نیوەی یەکەمی مانگی گوڵان”، لانیکەم یه‌ك میلیۆن كه‌سی دیكه‌ به‌م ڕێژه‌یه‌ زیاد دەبێت. ئەمە بەو واتایەیە کە ئەگەر ڕێگا چارەیەک نەدۆزرێتەوە، نیوەی جەمعیەتی سودان، له‌ برسان بەرەورووی مه‌رگ دەبنەوە. شەڕی ٣ ساڵە لە سودان، نەک هەر بۆتە هۆی نا سەقامگیری و هەڵکەندرانی بە ملیۆن ئینسان لە ماڵ و شوێنی ژیانیان، بەڵکو بۆته‌ کۆسپێک لەبەردەم چاندنی بەرهەمی خۆراکی و پەوەردە و ئاژه‌ڵداری.78

لە باکوری نیجێریە، نزیک بە ٧ ملیۆن کەس، مه‌ترسی له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌. ئەو منداڵانەی کە گەلێک رۆژ هیچ مه‌وادێكی خۆراكییان پێناگات، توانایی ڕاوەستان بەسەر پێوەیان نییە. قۆڵ و باسکیان بەملاولای جەستەیاندا شۆڕ دەبێتەوە، ئیسکی دەموچاویان وەک ئاخرین رۆژەکانی ژیانی کەسانی به‌ساڵاچووی لێدێ و بۆ هەمیشە سەردەنێنەوە. ئەمە وێنایەکی خەیاڵی نییە. پرۆسەی مەرگی ئه‌و منداڵانەیە کە لە هەر ٥ سانیەدا، یەکێکیان کۆتایی بە ژیانی دێت. لە “یەمن” شەڕی نیابه‌تی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و عەرەبستانی سعودیدا، هۆکارێکی گرنگە لە پێوەند لەگەڵ کارەساتی برسیەتی لەم وڵاتەدا. له‌ ڕاستیدا کارەساتی برسیەتی لە ئافریقا لە ناخی بێ خەیاڵی سەبەبکارانی ئەم کارەساتەدا، رۆژ بە رۆژ ئاستێکی بەرین تر بە خۆیەوە دەگرێت. لە هیچ کوێیه‌كی دنیادا، گۆڕانی كه‌ش و هەوا، وەها کاریگەریەکی وێرانگەری دانەناوە. بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم وڵاتانە لە ڕێگای کشت و کاڵ و ئاژەڵداریەوە بەڕێدەچن. لەبەین چوونی كشت و كاڵ و نابوود بوونی ئاژەڵداری، لە یەکەم ئاکامەکانی گۆڕانی كه‌ش و هه‌وا و ژینگه‌یه‌ لە دنیادا. لانیکەم لە ساڵی ٢٠٠٧ وە، بەرهەمی کافی لەم وڵاتانەدا بەدەست نەهاتوە و زەویە کەشاوەرزیەکان بە هۆی وشک ساڵیەوە، وەک بێتۆنیان لێهاتووه‌. کەلاکی ئاژەڵەکان لە لێواری روبار و چاڵاوە وشكه‌كاندا کەوتوون. ئەو ژن و پیاو و منداڵانەی کە هێشتا ره‌مه‌قێكیان تێداماوه‌ بە لارەلار، لە هەوڵدان خۆیان بگەیەننە ئۆردوگایەکی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان. ئەو کەمپانەشی كه‌ لە باکوری ئۆگاندا، کینیا و ئیتیۆپیدا هەن، خۆیان وێنایەکی دیکەن لە کارەساتێکی دڵتەزێن. شەڕە نیابەتییه‌كان، قەومی و مەزهەبیەکان لە هۆکارەکانی دیکەی ئەم تراژیدیە گەورەن. دیارە نابێ لە بیرمان بچێتەوە کە ئەو دیوی رووی ئەم هەژاریە و برسیه‌تییه‌، سەروەتی کەڵەکە بووە لە دەست کەمینەیەکدا کە بەشی زۆری ئه‌م سه‌روه‌ته‌، تاڵانی سەرچاوە سروشتیەکانی ئەم وڵاتە هه‌ژارانه‌یه‌.

گومانی تێدا نییە کە ئاستی لە سەرەوەی ژیان لە وڵاتانی پیشەسازیدا، پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هەژار کردنی ئەو جۆرە وڵاتانەدا هەیە. لەم روەوە، مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا سەرچاوەكانی سروشتی، بە شێوەیەکی به‌رابه‌ر لەنێو خه‌ڵكی دنیادا دابەش دەکرێت. لە ڕاستیدا زیادەی بەرهەمهاتو لە وڵاتانی پیشەسازیدا، شتێک نییە بێجگە لە نابوود کردنی ئەو سەرچاوە سروشتیانەی كه‌ هەن. ئەو سەرچاوانەی کە دەتوانن و دەبێ لە خزمەت گشت دنیادا بن.

تەنیا لە وڵاتانی ئوروپاییدا، ساڵانە ٣ ملیۆن تۆن نان فڕی ئەدرێت. و یان بەرهەمهێنانی مادەی خۆراکی لە ئامریکا، گەلێک زیاترە لەو بڕه‌ی كه‌ مەسرەف دەکرێت. لە وڵاتانی پیشەسازیدا ٥٠ لەسەدی بەروبومی کشتوکاڵی و دانەوێڵە فڕێئەدرێن. کاتێک کە بەهۆی مەسرەفی زۆری دانەوێڵە لە وڵاتانی پیشەسازیدا، نرخەکەیان بەرز ئه‌بنه‌وه‌، ئاکامەکەی ئەوەیە کە خه‌ڵكی ئافریقایی، توانایی تەحەمول کردنی ئەم بارە گرانەی نابێت و گیرۆدەی برسیەتی و مەرگ ده‌بن.

له‌ راستیدا بەرهەمهینانی بەروبومی کشتوکاڵی لە وڵاتانی پیشەسازیدا، گەلێک گەشەی کردوە. لە حاڵێکدا کە کەشاوەرزێک لە ساڵی ١٩٦٠ دا خۆراکی ١٠ کەسی بەرهەمدەهێنا، لە ئێستادا هەمان کەشاوەرز لە هەمان پانتایی زەویدا، خۆراک بۆ ١٤٠ کەس بەرهەمده‌هێنێ. ئاشکرایە کە بەم ئاستە لە پێشکەوتنی بەرهەمهێنان بە هاسانی دەکرێ، خۆراکی ١٠ ملیارد کەس دابین بکرێت.

پرسیار ئێستا ئەوەیە کە ئایا نابێ کۆتایی به‌و نەزم و نیزامە بێت کە هەژاری و مەرگی بە ملیۆن ئینسان، تێیدا هاوسانە له‌گه‌ڵ کەڵەکە بوونی سەروەتی کەمینه‌یەک و ئایا نابێ هەوڵ بدرێت، بۆ بەدیلێک کە گرنگترین ئەرکی، دابین كردنی ژیان و بەڕێچوونی ئینسان بێت.