کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی نفوزی کۆماری ئیسلامی به‌ واتای کارەساتی ئینسانی زیاتر لە ناوچەکە دایه‌

 عەلی یونسی، راوێژکاری تایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاروباری پێوەندیدار بە ئەقوام و كه‌مایه‌تیه‌ مەزهەبیەکان، رۆژی یەکشەممە ١٧ی مانگی رەشەمە لە “سمیناری هۆویەتی ئێرانیدا”، هێندێک قسەی کرد کە بە لەبەرچاو گرتنی ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییانه لە ناوچەکەدا، لەوانە بەشداری کردنی بەرینی سپای پاسداران لە شەڕی عێراقدا، بەهێز بوونی حه‌وسیە شێعەکان لە یەمەن، مانەوەی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی لە سوریە، جێی سه‌رنجە. یونسی وتی: “لە ئێستادا عێڕاق نە تەنیا حەوزەی شارستانیه‌تی نفوزی ئێمەیە بەڵکوو هۆویەت، ناوەند و پێتەختیشمانە و ئەم مەسەلەیە هەم بۆ ئەمرۆیە و هەم رابردوو.” ئەگەرچی یونسی مەبەستی خۆی لە ناوەند و پێتەخت بوونی عێراق دەرنەبڕی، بەڵام ئەم وتەیە دەتوانێ پاساوی حزوری بەرینی هێزەکانی سپای قودس لە عێراقدا بێت. ئەو لە درێژەدا وتی: “لەبەر ئەوەی کە جوغرافیای ئێران و عێراق لێک جیانەکراوەیە و فەرهەنگیشمان تێکەڵە، کەوایە ئێمە دەبێ بەیەکەوە شەڕ بکەن و ببینە یەک.” ئەگەرچی “بوون به‌ یەک” دروشمێکی بێ ناوەرۆکە کە تەنیا دەتوانێ دڵی ناسیۆنالیستە ئێرانیەکانی ئوپوزسیۆن خۆش بکات و ئیجازەیان بداتێ تا شانازی بە بوونی کۆماری ئیسلامیەوە بکەن، بەڵام ئه‌وه‌ش نه‌بێت، لانیکەم قایم تر بوونی جێگا پێی رژیمی ئێران لە عێراقدا راستیەکی ئاشكرایه‌. ماوەیەک پێش ئه‌و قسانه‌ نەتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی ٢٧ی مانگی رێبەندان وتبووی: “ئیمپراتۆریه‌تی ئێران خەریکە دەبوژێتەوە و هەر ئێستا دەستی بەسەر چەند وڵاتی ناوچەکەدا گرتووە؛ لوبنان، سوریە، غەزە و بەم دواییانەش جێگاپێی خۆی لە یەمەن پته‌و کردووه‌”.

 383

ئەمجۆرە قسانە لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە لە بارودۆخێکدا دەکرێن، کە وتووێژکارانی ئێرانی و ئامریکایی لە سه‌روبه‌ندی نزیکبوونەوە لە رێكه‌وتن لەسەر بەرنامەی هەستەیی کۆماری ئیسلامیدان. لە کەس شاراوە نییە کە لە جەریانی “وتووێژە هەستەییەکاندا” ئەوە تەنیا ژمارەی سانتریفیوژەکان و ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم نییە کە قسەوباسی لەسەر دەکرێت، بەڵکوو لە هەمانحاڵدا و تەنانەت گرینگ تر لەوە رێكه‌وتن لەسەر رێژە و چلۆنایەتی دەور و نەخش نواندنی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵوگۆڕه‌كانی ناوچەکەشی تێدایە. دیاردەکان ئەوە دەردەخەن کە ستراتیژی ئامریکا لەمبارەیەوە ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هەنگاو بە هەنگاوی لایەنی ئێرانیە لە نەیارێکی سەرکێشی سیاسەتەکانی ئامریکاوە بكات به‌ هاوکارێکی نزیک.

ئەنگیزەی دوو لایەنی ئیسرائیل و رژیمی ئێران لەمجۆرە قسانە ئاشکرایە. یونسی و باقی کاربەدەستانی رژیم هەوڵ ئەدەن کە تامی تاڵی سازش بەکامی خۆیان شیرین بکەن و رێگا بۆ تەسلیم بوونێکی “ئابڕومەندانە” لە بەرانبەر ئامریکادا خۆش بکەن. بەڵام ئەم سازشە بریتی نییە لە کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، بەڵکوو هاوئاهەنگ کردنی بە کرده‌وەی بەرژەوەندیەکانی ئامریکایە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا. دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەدا کە دژایەتیەکی لەگەڵ ئاکامی کۆتایی وتووێژەکاندا نییە، هەوڵ دەدات گوشار بخاتەسەر لایەنی ئامریکایی تا ئیمتیازی زیاتر لە کۆماری ئیسلامی وەربگرێت.

راوێژکاری تایبەتی حەسەن رۆحانی لە درێژەدا بە ئاماژە کردن بەوەی کە “ئێمە دیفاع لە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی ناوچەکە دەکەین لەبەر ئەوەی کە ئەوان هەمویان خەڵکی ئێرانن.” وتی: “هەموو ئەو کەسانەی کە لە فەلاتی ئێراندا دەژین لەلایەن ئێمەوە پشتیوانی دەکرێن و لە بەرانبەر مەترسی، سوڵتەی عوسمانی نوێ، سوڵتەی وەهابیەت، سوڵتەی رۆژئاوا و سەهیونیزم دا دیفاعیان لێده‌كه‌ین.” ئەو بە دەربڕینی ئەم خاڵانە لەڕاستیدا ئاماژە بە ململانێ وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیە و عەرەبستان و ئیسرائیل دەکات. عەلی یونسی بە دەربڕینی ئەوەی کە “ئێستا ئێران دیفاع لە عێراق دەکات” لەدرێژەدا وتی: “ئەوان ناتوانن ئەم کارە بکەن، ئێستا رەقیبە مێژوییەکانمان میراتگرانی رۆمی شەرقی و عوسمانی لێمان ناڕەحەتن کە ئێران یارمەتی عێراق دەدات لە حاڵێکدا کە دەبێ بڵێم ئەگەر بتانتوانیبا دەهاتن و یارمەتیتان دەکرد”. ئەم قسانە لە لایەن کەسێکەوە دەکرێت کە خۆی ئەندامی کابینەی دەوڵەتی رۆحانیە. دەوڵەتێکی کە پابەندی ئاکامی وتووێژەکانە و سازش لەگەڵ ئامریکای لە وردەکاریشدا قەبوڵ کردووە.

گومانی تێدا نییە کە گرفتی ئامریکا بە قەناعەت گەیاندنی رەقیبە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی واتە عەرەبستانی سعودی، تورکیە و ئیسرائیلە و یەکێک لە هۆکارەکانی درێژەکێشانی رەوتی وتووێژەکان، بۆ دەوڵەتی ئامریکا دەستەبەر کردنی دەرفەتە لەم بوارەدا. لەم وتووێژانەدا دوڵەتی ئامریکا پێویستی بە فۆرمۆلێکی تایبەتە. فۆمۆلێک کە هەم سازشی ئابڕومەندانە بخاتە بەردەم رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەم نیگەرانیە ئەمنیەتیەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بسڕێتەوە و هەم موناسباتی ئامریکا لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکانی کە هیچکامیان دڵخۆشیەکیان لە کۆماری ئیسلامی نییە، تێکنەچێت. گرفتی هەردوو لایەنی وتووێژکار، واتە کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئامریکا، تەنیا ئەوە نییە کە بگەنە تەوافوق سەبارەت بە تەقسیم کارێک لە ناوچەکەدا و دابەشکردنی ئەرک و بەرژەوەندییەکان، بەڵکوو گرفتێک کە خێرا زەق دەبێتەوە ره‌عایەت کردنی بەرژەوەندی هاوپەیمانە قەدیمی تر و سابتەکانی ئامریکا واتە عەرەبستانی سعودی، تورکیە و ئیسرائیل و پێکهێنانی هاوسەنگیە لەم بوارەدا.

ئەوەی کە لە لایەن “یونسی”ەوە لە هەمایشی مانا داری “هۆویەتی ئێرانی” دا دەوترێ و بەشێوەی نیگەرانی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە باس دەکرێت، سیاسەتێکە کە رژیمی ئیسلامی بە دانی هەزینەیەکی قورس لە بەرهەمی کار و رەنجی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران، گرتویەتە پێش، بۆ کۆماری ئیسلامی دەستەبەر کردنی پێگەی ناوچەیی ئامرازێکە بۆ زەمانەت کردنی مانەوەی خۆی لە نێو ئێراندا. کۆماری ئیسلامی دەیەوێ مەتلوبیەت و پێویستی مانەوەی خۆی بە هێزە رۆژئاواییەکان و لەوانە به‌ ئامریکا نیشان بدات. گرتنەپێشی ئەم سیاسەتە لە بارودۆخی ئێستادا بەتایبەت لەو لایەنەوە گرینگی هەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستاوە خەریکی خۆ ئامادە کردنە بۆ سنگەربەندی کردن لە بەرانبەر ته‌وژمی ناڕه‌زایه‌تی و بێزاری گشتی لەنێو خۆدا و بەگژدا چوونەوەی.

ئەمرۆ شاهیدی هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیە و عەرەبستانین لە بەرانبەر پەرەسەندنی نفوزی ئێران داین، عەرەبستان بە کەمکردنەوەی نرخی نەوت بەکردەوە ئابووری ئێرانی کردۆتە نیشانە و تورکیە بە راگەیاندنی ئامادەیی بۆ ئاموزشدانی هێزە نەیارەکانی سوریە و په‌یڕه‌و كردنی سیاسەتی فریوکارانەی “ئاشتی” بەکردەوە خۆی بۆ قەرەبووی شکستەکانی ئامادە دەکات. لەم رووەوە دوای رێكه‌وتنی هەستەیی ئێران و ئامریکا دیسانیش رۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست رووی ئاسایش و ئاسودەیی بەخۆیەوە نابینێ. ئەگەر نەفسی حزوور و دخاڵەتی ئامریکا لە رووداوەکانی خاوەرمیانەدا بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە بە واتای روودانی کارەساتی ئینسانی بووە، کە بوونی داعش تەنیا یەکێک لە ئاسەوارەکانیەتی، حزوری کۆماری ئیسلامی و هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئامریکا کارەساتی دوو هێندەی بەدواوە دەبێت. رقابەت و تێکهەڵچوون و کێشمەکێشە ناوچەییەکان درێژەیان دەبێت و ئێمە شاهیدی کارەساتی ئینسانی زیاتر لەم ناوچەیەدا ده‌بین. تەنیا ئاڵوگۆڕێک کە دەتوانێ رەوتەکە ئاوەژوو بکاتەوە، پەرەسەندنی خەباتی كۆمه‌ڵانی خەڵکە لە ئێران و پێكهاتنی بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانە کە ببێتە هۆی رووخانی رژیمی کۆماری ئیسلامی و خەڵکی ئێران و سەرجەم ناوچەکە لە نه‌هامه‌تی ئەم رژیمە رزگار بکات.