لەحاڵێکدا کە کەمتر لە دوو مانگی ماوە بۆ ” هەڵبژاردن”ی دیەمین دەورەی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ڕەوتی ئامادەکاری بۆ شانۆگەری گەڵبژاردن بۆتە یەکێکی تر لە مەیدانەکانی ڕقابەت و زۆرانبازی دوو باڵی حاکم لە کۆماری ئیسلامیدا. زۆربەی مەجلیسی نۆهەم لە ئیختیار رۆحانیە محافزەکار و ئوسول گەراکانی لایەنگری رێبەری دایە. لەم دەورەی دواییدا، دەوڵەتی رۆحانی تا ئێستا ١٧ کارتی زەردی لە مەجلیس وەرگرتوە و لانیکەم سێ کەس لە وەزیرەکانی ئیستیزاح کراون. مەجلیسی نۆهەم بە خستنەژێر گوشاری دەوڵەتی رۆحانی هەوڵیدا واداری بکات تا بە تەواەتی مل بۆ دەستوراتی وەلی فەقیە کەچ بکات. بەم جۆرە لە هەڵبژاردنی مەجلیسی دەیەمدا ئیعتیدال گەراکان و ئیسلاح خوازانی حکومەتی هەوڵئەدەن لە مەجلیسدا ماوقعیەتێکی باشتر بەدەست بێنن تا لە داهاتودا بتوانن بەر بە کارشکێنیەکانی رۆحانیە ئوسول گەراکانی لایەنگری وەلی فەقیە لە مەجلیسدا بگرن. لە لایەکی دیکەوە رۆحانیە ئوسول گەرا و محافزەکارەکانیش لە بەرانبەر دەوڵەتدا کە قودرەتی ئیجرایی لەدەستدایە نایانەوێ مەجلیس و قوەی قەزاییە کە وەک پێگەی ئەوان بەحیساب دێت لەدەست بدەن. سپای پاسداران کە بە چەند هۆیەکی مادی لە ساختاری حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا دەستی باڵای هەیە نایەوێ هاوسەنگی هێزی باڵە حکومەتیەکان لە مەجلیسی داهاتودا بەشێوەیەک تێک بچێت کە کاری مودیریەت کردنی شەڕ و کێشەکانیان هاسان نەبێت.
لە کارزاری ئەم هەڵبژاردنەدا ئەگەر جەریانی ئوسول گرا پشتی بە ئەهرومی چاودێری ئیستسوابی شوڕای نیگابان بۆ لادانی بەرینی کاندیدەکانی سەربە ئیعتیدال گرا و ئیسلاح خوازەکان بەستوە، لەبەرانبەردا دەوڵەتیش بەرپرسیاریەتی ئیجرایی ئەم گاڵەتەچاڕی هەڵبژاردنەی لە ئەستۆیە. بەڵام دەوڵەتی رۆحانی و ئیسلاح خوازانی لایەنگری دەوڵەت لەم کارزارەدا ئەساسەن پشت بە تەوافوقاتی هەستەیی و بەرجام وەک سەرمایەیەکی سیاسی و گرنگترین دەستکەوتی دەوڵەتی تەدبیر و ئومید بۆ پاشەکشە کردن بە ئوسول گەراکان لە ڕقابەتی هەڵبژاردندا دەبەستن. هەڵبەت لەم بوارەدا تێپەڕ بوونی کات بە زیانی دەوڵەتی رۆحانییە. هەرچی کات تێپەڕ بێت کەم کەم روون دەبێتەوە کە تەوافوقاتی هەستەیی، باش بوونی مناسبات لەگەڵ رۆژئاوا و تەنانەت بە کۆتایی هاتنی تەحریمە ئابووریەکانیش باشتر بوونێکی ڕاستەقینە لە ئاستی ژیان و بەڕێچونی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگەدا بەدی نایەت. لە ئێراندا کەلێنێکی وەها بەرین کەوتوەتە نێوان ئاستی حەقدەستی کرێکاران و حقوقی موعەلیمان و کارمەندانی ئاسایی و هەزینەکانی دابین کردنی ژیانێکی ئینسانیەوە و تەنانەت لە هێڵی هەژاری جیا دەکاتەوە کە لاچونی گەمارۆکانیش باشتر بوونێک لەم بارودۆخە کارەسات بارەدا دروست ناکات. دەوڵەتی رۆحانی ئەگەر لە کورت ماوەدا بەرنامەیەکی بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیان و بەڕێچونی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگە نییە، بەرنامە درێژ ماوەکانیشی بێجگە لە زیاتر کردنی هەژاری هیچی تری بەشوێنەوە نییە. بەرنامە ئابووریە درێژ ماوەکانی دەوڵەتی رۆحانی، یان مۆدێلێکی کە بۆ تەوسعەی ئابووری ئێران لە نەزەری دایە، ئاکامێکی بێجگە لە توند بوونەوەی چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزانی ئێڕان، لەخوارەوە ڕاگرتنی ئاستی حەقدەستەکان و بێکارسازی بەرین شتێکی دیکە نییە. کۆماری ئیسلامی و چینی سەرمایەداری ئێڕان دەیانەوێ بە پێ نانەسەر شانی چینی کرێکاری ئێران زیان و زەرەرەکانی دەورەی تەحریمەکان قەرەبوو بکەنەوە.
لەسەر بەستێنی درێژەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری و توند بوونەوەی ناکۆکیە نێوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەو ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریانەی لە ئارادان بە هێواشی ڕەوتی روو لە گەشەی خۆی درێژە پێئەدات و قین و بێزاری گشتی پۆنگ خواردو لە درێژەی ئەم بارودۆخە زیاتر لە پێشو زەرفیەتی ئاخێزێکی خۆڕسکی جەماوەری لە کۆمەڵگادا فەراهەم کردوە.لەم بارودۆخەدا سەرانی هەردوو باڵی ڕژیم کە دەرسیان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی ٨٨ وەرگرتوە و لەبیریانە، خەڵکی ناڕازی کە لە کاتی شانۆگەری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا حوزوریان لە شەقامەکاندا تەحەمول کرابوو، چلۆن دوای ئاشکرا بوونی کودتای هەڵبژاردنی پاسدارەکان، هێزی ملیۆنی خۆیان لە خۆپیشاندانی گەورەی خیابانیدا نیشاندا و بە تێپەڕبوون بەسەر ئیسلاح خوازانی حکومەتیدا لەدژی کولیەتی ڕژیم دروشمیان بەرز کردەوە. لەم روەوە هەردوو باڵی ڕژیم لەگەڵ ئەوەی لەحاڵی ڕقابەتدان بۆ داگیر کردنی کورسیەکانی مەجلیس بە تەواوەتی ئاگایان لەوەش هەیە کە مەبادا لە جەریانی ” هەڵبژاردندا” کەلێنێک بۆ دەرکەوتنی خەڵک و ئاخێزە خۆڕسکەکان بکەنەوە. بەم جۆرە ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی لەم هەڵبژاردنەدا بەهۆی ئاڵوگۆرە ناوچەییەکان و کەوتنە ژێر پرسیاری مەشروعیەتی زۆرێک لە دەوڵەتانی حاکم و هەروەها لە دەورەی دوای تەوافوقاتی هەستەییدا و دوای بەرجام پێویستیان بە نیشاندانی ڕەوایەتی خۆیان و گەرم ڕاگرتنی تەنوری هەڵبژاردن هەیە، بەڵام هیچکام لە باڵەکان نایانەوێ بە پشت بەستن بە میکانیزمی دەخاڵەتدانی خەڵک لە خەباتی ” هەڵبژاردندا” تەکلیفی هاوسەنگی هێز لە مەجلیسی داهاتودا یەکلایی بکەنەوە.
لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی دەهەمین دەورەی مەجلیسدا هەردوو باڵەکە دەیانەوێ ڕەوایەتی بدەن بە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی. هەر ئەو جۆرەی کە دیارە ماهیەتی کێشە و ناکۆکیەکانی باڵەکانی نێوخۆی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ پێوەندیەکی بە بەرژەوەندی خەڵکەوە نییە. ئامانج و ئیستراتیژی هەردوو باڵەکەی ڕژیم، زەمانەت کردن و مانەوەی حاکمیەتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیە. کرێکاران و خەڵکی ئێران کە زیاتر لە سی ساڵە ژیان بەسەر بردن لەژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا تەجروبە دەکەن، دەزانن کە بەشداری کردن لەم هەڵبژاردنەدا واتا مەشروعیەتدان بە ڕژیمێک کە بە پشت بەستن بە سەرکوتی وەحشیانە دەرێژە بە حاکمیەتی خۆی ئەدات. واتە ڕەوایەتیدان بە بێ مافی کرێکاران، واتا مەشروعیەتدان بە حەقدەستی سێ جار لەخوار هێڵی هەژاریەوە، یانی ڕەوایەتیدان بە درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکان، بە سیاسەتی پەیڕەو کردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و سوکایەتی هەموو رۆژە بە ژنان، بە بەردەوامی ستەمگەری نەتەوایەتی، بە حاکمەیەتی ئەفکاری کۆن و پڕتوکاوی مەزهەبی، واتا زەوت کردنی مافە فەردی و کۆمەڵایەتیەکانی لاوان، واتا مەشروعیەتدان بە هەزار و یەک بێبەشی تر.
خەڵکی ئازادی خوازی ئێڕان، ئەگەر خوازیاری کۆتایی هێنان بەم موسیبەت و بێ مافیانەن، ئەگەر خوازاری ئازادی و بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی پڕ لە ڕێفاه و ئاسودەن، ئەگەر پێداگرن لەسەر درێژەدان بە خەبات بۆ باشتر بوون و ئیسلاحی ژیانی خۆتان، لە هەڵبژاردندا بەشداری مەکەن، مەچنە بەردم سندوقەکانی دەنگدان و بە نەچون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، نا مەشروع بوونی ڕژیم و بەساتی هەڵبژاردنەکەی پیشانی هەموو خەڵکی دنیا بدەن. بە نەچونتان بۆ بەردەم سندوقەکان ئەم گاڵتەجاریە بکەنە شانۆی ڕێسوا بوونی ڕژیم. بە نەچوونتان بۆ پای سندوقەکان عەزمی خۆتان بۆ روخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن.