کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کاتێک لە ئابووریی نەخۆشی ئێراندا “مافی وەرگرتنی قەرز” کڕین و فرۆشتنی پێ دەکرێت

Screenshot ۲۰۲۶ ۱۱ ۰۱ ۱۱ ۱۴ ۵۹ ۱۴۹ com facebook katana edit

لە ئێرانی ئەمڕۆدا، قەرز تەنها ئەو پارەیە نییە کە بانگ دەیدات، بەڵکوو خودی “مافی وەرگرتنی قەرزیش” نرخێکی هەیە و دەستاودەستی پێدەکرێت. لە ساڵانی ڕابردوودا بازاڕێکی نافەرمی دروست بووە کە تێیدا قەرز، ئیمتیازی قەرز، کەفیل، بارمتە و تەنانەت متمانەی بانکیی کەسەکانیش دەفرۆشرێن و دەکردرێن. ئەم بازاڕە سەرەڕای قەدەغەی قانونی و هۆشدارییە یەک لەدوای یەکەکانی بانکی ناوەندی، هێشتا هەر چالاکە.

بۆ تێگەیشتنی ئاسان لەم دیاردەیە، ئەوەندە بەسە کە قەرز وەک هەر کاڵایەکی دەگمەنی تر سەیر بکەین. کاتێک شتێکی هەرزان، خواستی زۆری لەسەر بێت و ئاستەم دەست بکەوێت، لە تەنیشت سەرەی فەرمیی ئەو کاڵایە، بازاڕێکی ڕەشیش دروست دەبێت. وەک چۆن لە سەردەمێکدا کۆپۆن یان پشکی کاڵاکان لە بازاڕی ئازاددا دەفرۆشران، ئەمڕۆ نۆرەی قەرزی بانکییە. ئەم بازاڕە چۆن کار دەکات، بۆچی دروست بووە و چ دەرئەنجامێکی بۆ خەڵک هەیە؟.

ئەم بازاڕە دوو شێوەی سەرەکی هەیە: یەکەم، کەسێک کە مافی وەرگرتنی قەرزی هاوسەرگیری یان خانووبەرەی هەیە، بەڵام پێویستی پێی نییە یان پارەی نەختینە و خێرای دەوێت، ئەم قەرزە بە گرێبەستێکی تایبەت دەداتە کەسێکی تر. دووەم، لە هەندێک بانگ و دامەزراوەی داراییدا، دەکرێت ئیمتیازی وەرگرتنی قەرز لە ڕێگەی کاروباری فەرمییەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە. ئەم شێوازە بە شێوەیەکی فراوان بەکاردێت.

لە هەردوو حاڵەتدا، کڕیار تێچوویەکی قورس دەدات. بەشێک لە بڕی قەرزەکە، پێش وەرگرتن، دەگاتە دەست دەڵاڵ یان کەسی ناوەندگیر. کەواتە ئەگەر قەرزێک بە ناو سەد ملیۆن تمەن بێت، ئەوەی بە ڕاستی دەگاتە دەست کڕیار زۆر کەمترە، بەڵام ئەو دەبێت تەواوی شایستە و سوودەکەی بداتەوە.

تێچووەکان هەر لێرەدا تەواو نابن. بانگەکان بۆ ئەوەی کە قەرز بە کەسێک بدەن، کەفیل و بارمتەیان دەوێت و کەسێک کە ئەمانەی نییە، دەبێت ئەوانەش بکڕێت. بەم شێوەیە، کەفیل و بارمتە خۆیان دەبنە کاڵایەکی نوێ لەم بازاڕەدا. دەرئەنجام ئەوەی کە بەشێک لە سەرچاوە داراییەکانی وڵات، پێش گەیشتن بە کەسی شایستەی ڕاستەقینە، لە دەست تۆڕێک لە دەڵاڵ و واسیتەکاندا دەمێنێتەوە.

کلیلی سەرەکی ئەم دیاردەیە، بریتییە لە مەودای نێوان نرخی سوودی قەرز و ڕێژەی هەڵاوسان. نموونەیەکی ئاسان ئەوە ڕوون دەکاتەوە. وافەرز بکەن ئەمڕۆ سەد ملیۆن تمەن قەرز بە سوودی ساڵانەی ۲۳٪ وەربگرن، لە کاتێکدا هەڵاوسانی ساڵانە ۴۰٪ بێت. ئەگەر بەم پارەیە زێڕ، دراو، زەوی یان خانو بکڕن، بایخی سامانەکەتان لەگەڵ هەڵاوسان بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەو قەرزەی کە دەبێ بیدەنەوە بە بە بانک وەک خۆی دەمێنێتەوە و بایخە ڕاستەقینەکەی ساڵ بەساڵ کەمتر دەبێتەوە.

بە زمانێکی سادە، لە ئاوا ئابوورییەکدا، وەرگرتنی قەرز واتە بەشێک لە تێچووەکە هەڵاوسان لە جیاتی تۆ دەیداتەوە. لەمڕووەوە قەرز ئیتر تەنها ئامرازی چارەسەرکردنی پێویستی نییە، بەڵکوو “دەرفەتێکی قازانجدار“ە. هەرکەسێک دەستی بە قەرزی هەرزان بگات، بە کردەوە ئیمتیازێکی ماڵیی، یان بە واتایەکی تر “رانتی دارایی“، لە بەردەستدایە.

کاتێک شتێک قازانجێکی گەرەنتی کراو بێنێت، خواست لەسەری بەرز دەبێتەوە. بەڵام سەرچاوەی بانگەکان سنووردارە و هەموو کەسێک ناتوانێت قەرز وەربگرێت. کەواتە دەستڕاگەیشتن بە قەرز کەم دەبێتەوە و هەر ئەم کەمبوونەوەیەش، مافی دەستڕاگەیشتن پێی دەکاتە کاڵایەکی بەهادار.

لە سەردەمێکدا کڕیارانی قەرز ئەو کەسانە بوون کە بەمەبەستی دەستپێکردنی کار پێویستییان بە سەرمایە بوو. ئەمڕۆ جۆری کڕیاران زۆر فراوانتر بووە. لەگەڵ کەمبوونەوەی بەردەوامی بایخی پۆڵی نیشتمانی و گوشاری ئابووری، فەرمانبەران، مووچەخۆران و تەنانەت ئەو بنەماڵانەش کە ناتوانن تێچووی ڕۆژانەیان دابین بکەن، ڕوویان لەم بازاڕە کردووە.

زۆرێک لەم کەسانە قەرزیان نەک بۆ وەبەرهینان، بەڵکوو بۆ دابینکردنی کرێ، قیستە دواکەوتووەکان یان خەرجییەکانی ژیان دەوێت. لێرەدا خولگەیەکی مەترسیدار دروست دەبێت. کەسەکە بۆ دانەوەی قەرزەکانی پێشووی، قەرزی نوێ دەگرێت، چونکە قەرزەکەی لە بازاڕی ڕەش و بە نرخێکی گران کڕیوە، پارەیەکی کەمتر دەگاتە دەستی، قیستی زیاتری لەسەر شان دەمێنێتەوە و سەرلەنوێ پێویستی بە وەرگرتنی قەرز دەبێت. بەم شێوەیە، بنەماڵەکە بە شێنەیی لە “گێژاوی قەرز“دا بە جۆرێک گرفتار دەبێت کە دەرچوون لێی زۆر سەختە. ئەو قەرزەی کە بڕیار بوو گرێیەک لە ژیانی بکاتەوە، خۆی دەبێتە گرێیەکی نوێ.

بانگەکان بە شێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای کەفیلی متمانەپێکراو، بارمتەی پێویست و پەیوەندی ئیداری قەرز دەدەن. کەسێک کە کارێکی فەرمی، مووچەی جێگیر یان ناسیاوێکی بانکیی هەبێت، ئاسانتر دەتوانێت قەرز وەربگرێت. بەڵام گەنجان، کەسانی بێکار و بنەماڵە کەمدرامەتەکان لە پشت ئەم دەرگایانەوە دەمێننەوە. ئەوان ناچارن بۆ هەمان قەرز پەنا ببەنە بەر بازاڕی دەڵاڵی و وایستەگەری و  تێچوویەکی زیاتر بدەن.

ئەو قەرزە هاوکارییانەی کە بڕیار بوو یارمەتی ئەو کەسانە بدەن کە بەڕاستی پێویستییان پێیەتی، لە دەستی ئەوان دەردەچێت و دەگەنە دەست ئەو کەسانەی کە توانای کڕینی ئیمتیازی قەرزیان هەیە. واتە ئەو سەرچاوانەی کە بە ڕواڵەت بۆ کەمکردنەوەی کەلێنی چینایەتی دیزاین کرابوون، خۆی ئەم کەلێنە قووڵتر دەکات. بە واتەیەکی تر، هەژار هەزینە دەدات تا دەستی بە ئامرازەکانی هاوکاریی خۆی بگات. ئەم دیاردەیە یەکێکە لە نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە بەئازارەی کە ئابووریی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، تووشی بووە. لەلایەکەوە کالابەرگ دەداتە دەست خەڵک و لەلایەکی تریشەوە بەهای کالابەرگەکان بە فرۆشیاران نادات. هم کالابەرگ بێبایخ دەبێت و هم وردەفرۆش مایەپووچ دەبێت و خۆیشی دەچێتە ڕیزەی وەرگرانی کالابەرگی بێبایخبوو. ئەم پڕۆسە پڕ لە گرفت و عەیبدارە تەنها بە ڕزگاربوون لە چنگ ئەم ڕژیمە شکستخواردووە چارەسەر دەبێت.