بەپێی ڕاپۆرتەکان، “میلاد ئیبراهیمی” هاووڵاتیی خەڵکی کامیاران و یەکێک لە برینداربووانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی بەندکران و سزای نەختیی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو ڕێککەوتی ۱۸ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە گوللەی جەنگی بریندار کرا و ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سنە کرا. هێزە ئەمنییەکان لە کاتێکدا دەستبەسەریان کرد و ڕەوانەی گرتووخانەیان کرد کە هێشتا چارەسەری پزیشکیی تەواو نەبووبوو. سەرئەنجام لە لایەن دادگای شاری کامیارانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی تەناهیی وڵات» حوکمی ۱ ساڵ بەندکرانی تەعزیری و ٤٠٠ ملیۆن تمەن سزای داراییی بەسەردا سەپێندرا.
