کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیەندراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی دەی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان

ڕاگەیەندراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی دەی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان 1 1

لە سەروبەندی دەی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی خەبات دژ بە سزای مەرگدا، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەموو کاتێک ڕووی ڕاستەقینەی خۆی وەک حکوومەتێکی کە بە زەبری پەت و سێدارە دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە، نیشان داوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی لێبووردنی نێونەتەوەیی، ڕژێمی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٢١٥٩ کەسی لەسێدارە دا. ئەمە بەرزترین ژمارەی تۆمارکراوە لە ساڵی ١٩٨١ـەوە تا ئێستا و زیاترە لە دوو هێندەی ئاماری ساڵی پێشترە. ئەمساڵیش ماشێنی لەسێدارەدان بێوچان بەردەوام بوو. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تەنها لە هەشت مانگی یەکەمی ٢٠٢۶دا زیاتر لە ٥٣٠ لەسێدارەدانیان بەپێی سەرچاوە سەربەخۆکان پشتڕاست کردووەتەوە و ڕاپۆرتی زیاتر لە ٤٠٠ لەسێدارەدانی تریش هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. بەشێکی زۆری ئەم لەسێدارەدانانە لە بێدەنگیدا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکان و بەبێ هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی بەڕێوە چوون.

ساڵی ٢٠٢۶ ساڵی ئاخێزی بەفرانباری ١۴٠۴ و ساڵی شەڕ بوو. ڕژێم کە بەهۆی تووڕەیی و بێزاریی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر ترسی مەرگی لێ نیشتبوو، فەزای شەڕ و کوژانەوەی دیجیتاڵی بە هەلێک زانی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ناڕازییان. لە ڕێبەندانی ١۴٠۴ـەوە شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی دەستی پێکرد و پاش ئاگربەست زیاتر پەرەی سەند. تاوەکوو ئێستا لانیکەم ٢٩ کەس لە دەستبەسەرکراوانی راپەڕینی بەفرانبار و چەند کەسێک لە زیندانییانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لەسێدارە دراون. چەند گەنجێکی وەک ئاروین خێرخواهان تەمەن بیست ساڵ لە زیندانی شاهرود بوونە قوربانیی ئەم تۆڵەسەندنەوەیە. لە کرماشان، محێدین عەبدوڵڵاهی و حوسەین پاڵانی جاف، دوو زیندانی سیاسیی کورد، لەسێدارە دران. لە هەرئێستا سەدان ناڕازی، لەوانە زیاتر لە ٧٠ کەس تەنها لە ئیسفەهان، مەترسی دەرچوون یان جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە. هەندێکیان کاتی دەستبەسەرکرانیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە. ئامانجی ئەم لەسێدارەدانانە، هیچ شتێک نییە جگە لە زاڵکردنی ترس و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان.

دەزگا تبلیغاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی فریوکارانە لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی تاوان، دابینکردنی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی دادپەروەری دەناسێنن. بەڵام ئەزموونی هەموو کۆمەڵگە مرۆییەکان و ئامارە جێگەی متمانەکان پێچەوانەی ئەوە نیشان دەدەن: لە هیچ کۆمەڵگەیەکدا کوشتنی ڕێکخراوی دەوڵەتیی ڕێژەی تاوانی کەم نەکردووەتەوە. مرۆڤەکان خراپکار، بکوژ یان تاوانبار لەدایک نابن. لە شیکارییەکی کۆتاییدا، ئەمە بارودۆخی مادیی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە تاکەکان بەرەو تاوانکاری ڕادەکێشێت. هەژاری، بێکاری، هەڵاواردن و بێمافی. دەوڵەتەکان و چینە دەسەڵاتدارەکان بەرپرسی ڕاستەقینەی سەپاندنی ئەم بارودۆخە زاڵمانەن بەسەر زۆربەی هەرەزۆری جەماوەردا. پشكی هەرەزۆری لەسێدارەدراوان بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان، کە زۆربەیان سەر بە هەژارترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و نەتەوە ژێردەستەکانی کورد و بلووچ و عەرەب و پەنابەرانی ئەفغانستانین، بەڵگەیەکی ئاشکرای ئەم ڕاستییەن. ئەوانەی زەمینە کۆمەڵایەتییەکانی تاوان دەخوڵقێنن، خۆیان شایەنی دادگاییکردنن، نەک قوربانییانی ئەم سیستەمە نادادپەروەرە.

لەسێدارەدان لە کۆماری ئیسلامیدا هاولفی بەدەسەڵاتگەیشتنی ئەم ڕژێمە و بەردەوام یەکێک بووە لە ئامرازە سەرەکییەکانی مانەوەی. ئەم تاوانانە بە لەسێدارەدانی بەرپرسانی ڕژێمی پاشایەتی دەستی پێکرد، بەڵام زۆر زوو تێکۆشەران و نەیارانی ڕژێمی ئیسلامیشی گرتەوە. لە بەهاری ١٣٥٨ـدا دەیان کەسایەتیی دیار و  ناسراوی ناو زیندانەکانی ڕژێمی شا، کە بە هیممەتی راپەڕینی جەماوەر ئازاد ببوون، سەرلەنوێ دەستبەسەر کران و زۆربەیان لەسێدارە دران. هەر لەو ساڵەدا تێکۆشەران و ڕێبەرانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تورکەمەنسەحرا لەسێدارە دران. لە گەلاوێژی ١٣٥٨ـدا، پاش فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان، دەیان کەس لە ڕۆڵە دلێرەکانی خەڵکی کورد لە پارێزگاکانی کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا لەلایەن خەڵخاڵی تاوانبارەوە ئێعدام کران. لەسێدارەدانی تێکۆشەرانی سیاسی لە دەیەی شەستدا بێوچان بەردەوام بوو. لە گەلاوێژ و خەرمانانی ١٣۶٧دا هەزاران زیندانیی سیاسی کۆمەڵکوژ کران و لە گۆڕە بێ ناونییشانەکاندا بەخاک سپێردران. پاش ئەوەش جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی هەرگیز شەپۆلی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی و سزادراوانی دادگا ئاساییەکانیان ڕانەگرت. لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و ئێستاش پاش ڕاپەڕینی بەفرانبار، جارێکی تر دوژمنایەتیی لەئاشتی نەهاتووی خۆیان لەگەڵ گەنجانی خەباتکار و تێکۆشەر نیشان دا و گیانی دەیان گەنجیان لە بلووچستانەوە تا کوردستان ئەستاندووە.

کۆماری ئیسلامی یەکێکە لەو دەگمەن دەسەڵاتانەی جیهان کە هێشتا منداڵی تاوانبار لەسێدارە دەدات، مرۆڤەکان لەبەرچاوی خەڵک بە قەنارەکانی ئامێری بەرزکەرەوەدا هەڵدەواسێت و کوشتنی دەوڵەتیی دەکاتە بابەتێکی ڕۆژانە. دەزگای دادوەریی ئەم ڕژێمە، بە سەرۆکایەتیی موحسنی ئێژەیی کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا زۆرترین سزای لەسێدارەدانی سێ دەیەی ڕابردووی تۆمار کردووە، هێشتا لەسەر سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانی “چاو لە بەرامبەر چاو” و “کوشتن بەمەبەستی پەند و عیبرەتی کەسانی تر” پێداگری دەکات. لەسێدارەدان، ئەشکەنجە، بڕینەوەی ئەندامەکانی لەش و نابیناکردن لەم ڕژیمەدا ڕیشەی داکوتاوە و بەرگی قانونی پۆشیوە.

لە ناخی ئەم تاریکییەدا، بڵێسەی ئومێد لە ناو زیندانەکانەوە بەرز دەبێتەوە. کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” ئێستا پێی ناوەتە نێو سێیەمین ساڵی خۆیەوە و زیاتر لە ١۴٠ هەفتەی یەک لەدوای یەک بەردەوام بووە. زیندانیان لە نزیکەی ۶٠ زیندان لە سەرانسەری ئێران، سەرەڕای شەڕ، سەرکوت و هەڕەشەی بەردەوام، هەموو سێشەممەیەک مان لە خواردن دەگرن. هاوینی ئەمساڵ زیندانییانی مەحکووم بە لەسێدارەدان لە زیندانی قزڵحەسار بە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر گواستنەوەی هاوبەندییەکانیان بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ئێعدام وەستانەوە. ئامانجی ئەم کەمپەینە بریتییە لە دژایەتیکردنی لەسێدارەدان وەک سزایەکی نامرۆڤانە و لەقەرەبوونەهاتوو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جۆری تۆمەت یان بیروباوەڕی سزادراوان. خۆڕاگریی ئەم تێکۆشەرانە دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەبووە و بووەتە ئیلهامبەخشی بزووتنەوەی “نا بۆ لەسێدارەدان” لە ئێران و جیهان.

ژیان مافی سروشتیی هەر مرۆڤێکە و هیچ کەس مافی ئەوەی نییە بە هیچ بیانویەک لە مرۆڤێکی تری زەوت بکات. لەسێدارەدان نەک هەر دەرفەتی بەخۆداچوونەوە و قەرەبووکردنەوەی هەڵەکان لە مرۆڤ دەسێنێت، بەڵکوو کۆمەڵگە لە چارەسەرە مرۆیی و کاریگەرەکان بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش دەکات و گەلێک جار بووەتە هۆی نادادپەروەرییەکی قەرەبوونەکراوە. ئەمڕۆ ١١٣ وڵاتی جیهان سزای لەسێدارەدانیان بە تەواوی هەڵوەشاندووەتەوە و ١۴٥ وڵات، واتە زیاتر لە دوو لەسەر سێی وڵاتەکانی جیهان، لە یاسادا یان لە پراکتیکدا لایان بردووە. دروشمی ئەمساڵی ڕۆژی جیهانی، “چیرۆک گەلێک لەپێناو ژیاندا“، لەسەر ئەو مرۆڤ و بنەماڵانە جەخت دەکاتەوە کە ژیانیان لەژێر سایەی ئەم سزایەدا وێران دەبێت. سەرەڕای ئەمەش، کۆماری ئیسلامی هێشتا لەسەرووی ئەم ڕیزبەندییە نگریسەوەیە. دەسەڵاتێکی کە خۆی لە ناو گێژاوی قەیران و ڕق و بێزاریی گشتیدا دەبینێت، پەتی سێدارەی کردووەتە کۆتا ئامرازی مانەوەی خۆی.

ئێستا خەبات دژ بە لەسێدارەدان بووەتە داخوازییەکی بەرینی کۆمەڵایەتی. ئەم “نا” گەورەیە بە کوشتنی بەئەنقەستی دەوڵەتیی، کەمپەینێکە کە لە زیندانەکانەوە تا شەقامەکانی ئێران و دەرەوەی وڵات بەردەوامە. ئازادیی دەستبەجێی زیندانییانی سیاسی، ڕاگرتنی بێمەرجی لەسێدارەدانی ناڕازییانی بەفرانبار و ڕاگرتنی بێ شەرت و مەرجی سزای لەسێدارەدان پێویستی بە خەباتێکی ئامانجدار و یەکگرتووانە هەیە. بزووتنەوەی کرێکاری بە هێزی ڕێکخراوی خۆی، بزووتنەوەی ژنان وەک پێشڕەوی خەبات بۆ ئازادی، بزووتنەوەی خوێندکاری بە وزە و وشیاریی خۆی و ڕێکخراوەکانی خانەنشینان، موعەلیمان، پارێزەران، پزیشکان، هونەرمەندان و نووسەران بە ئەزموون و متمانەی کۆمەڵایەتیی خۆیان دەتوانن لە بزووتنەوەیەکی سراسەریدا یەکبگرن. ئەم بزووتنەوەیە دەتوانێت نەک تەنها لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان، بەڵکوو بەمەبەستی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەر، بەبێ زیندان و ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و تیرۆر، سانسۆر و سەرکوت خۆی ڕێکبخات.

سزای لەسێدارەدان کوشتنی بەئەنقەستی دەوڵەتییە. دەبێت لە بەرامبەر ئەم سزا دڕندانەیەدا بە شێوەیەکی لێبڕاوانە و شێلگیر بەرگری لە مافی ژیان بکرێت. هەڵوێستوەرگرتنی بێ شەرت و مەرج و لە هەر بارودۆخێکدا دژ بە لەسێدارەدان، نەک تەنها بنەمایەکی ئینسانیی، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئازادی.

دەی ئۆکتۆبر، کە ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ ١٨ی ڕەزبەر، دەرفەتێکە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕاستیە سادە بەڵام بنەڕەتییەی کە ژیان مافی ڕەوای هەر مرۆڤێکە و هیچ دەوڵەتێک، هیچ یاسایەک و هیچ ئایدیۆلۆژیایەک مافی ئەوەی نییە لە مرۆڤەکانی زەوت بکات.

کۆمیتەیناوەندییحیزبیکۆمۆنیستیئێران

١۶یڕەزبەری١۴٠٥

٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢۶