کۆمەڵانی خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی مانگی خەرمانان، لە ساڵیادی دەستپێکی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) دا، لاپەڕەیەکی نوێی پڕشنگداری دیکە له مێژووی خەباتی کۆمەڵگای کوردستان هەڵدرایەوە. بانگەوازی مانگرتنی گشتی، بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئەو شۆڕشەی کە چوار ساڵ لەمەوبەر بە هیممەتی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان لە ئارامستانی شاری سەقز و لە کاتی ئەسەپەردە کرنی “ژینا“دا که ناوی بوو بە ڕەمزی خۆڕاگریی دەستی پێکرد، وەڵامێکی لێبڕاونەی لە لایەن ئێوەوە وەرگرتەوە.
پەیامی سیاسی ئەم مانگرتنە ڕوون و ئاشکرایە: شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوامە، و ئیرادەی خەڵکی ستەملێکراو و بێبەش بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن بەرزتر لە هەموو کاتێکە. ئەم مانگرتنە ڕایدەگەیەنێت کە ئێمە ملکەچی هەژاری و کۆت و بەندی سەرکوت نابین و لەپێناو ژیانێکی شایستە، ئازادی و یەکساندا خۆڕاگر دەبین. مانگرتنی سیاسی گشتی نەریتێکی جێگیرە لە کۆمەڵگای کوردستاندا و ئەم جارەش جەماوەری خەڵک بە یەکگرتوویی هێزی خۆیانیان لەم شێوازە ناڕەزایەتیی دەڕبرینە سیاسییەدا نواند.
ئەم مانگرتنە بە ڕوونی نیشانی دا ئەگەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بە وشیاری و بە پشتبەستن بە ئەزموونی دەوڵەمەندی خەباتی دەیان ساڵەی خۆیان، ناکەونە داوی بوون بە دەستچیلەی شەڕێکی کۆنە پەرستانە و ناڕەواوە، کە نامۆیە ویست و بە ئاواتەکانیان، بەڵام لە هەمان کاتدا لە سەر ڕێبازی خۆیان کە پشت بەستن بە هێزی لەبن نەهاتووی جەماوەری وشیاره بەردەوامن و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو سەرکەوتن رێگە دەپێون.
مانگرتنی گشتی ئەمڕۆ، ٢٥ی خەرمانان، یەکێکە لە لاپەڕە درەوشاوەکانی ئەم مێژووە بە تایبەت کە لە بارودۆخ و کاتێکی پڕمانادا ڕوویدا. سڵاو دەنێرین بۆ هەموو تێکۆشەران، هەڵسووڕاوان و جەماوەری یەکگرتووی خەڵک کە ئەم سەرکەوتنەیان مسۆگەر کرد. یادی هەموو گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەرز و بەڕێز بێت.
بژی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان!
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥
