کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیەندراوی بەڕێوەچوونی پلینۆمی یازدەهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

ڕاگەیەندراوی بەڕێوەچوونی پلینۆمی یازدەهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
بەمجۆرە بەئاگاداریتان دەگەیەنین کە پلینۆمی یازدەهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە، ۲٥ و ۲٦ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی، بەرامبەر بە ۱۷ و ۱۸ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦، بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و هەروەها هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمیتەی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات و ژمارەیەک لە کادیرانی حیزب کە وەک چاوەدێر بانگهێشت کرابوون، بەڕێوە چوو.
پلینۆم بە سروودی ئینتێرناسیۆنال و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی هاوڕێ ئاوارە سادقی و تەواوی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم، کە لە نێوان هەردوو پلینۆمی دەیەم و یازدەهەمدا گیانیان بەخت کردبوو، دەستی بە کارەکانی کرد.
دەستووری کاری پلینۆم بریتی بوو لە:
1. ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتیی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بە پلینۆم
2. تاوتوێکردنی بڕیارە پێشنیارکراوەکان
3. دابەشکردنی کار و ئەرکەکانی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەری لە پلینۆمدا کەوتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، ناوەرۆکەکەی وردبینیی بۆ کرا و گشتییەتەکەی پەسەند کرا. هەروەها بڕیار درا کە لە ماوەیەکی نزیکدا وەک بەڵگەنامەیەکی حیزبی، کە دەبێتە بنەمای سیاسیی کارەکانمان تا پلینۆمی داهاتوو، بڵاو بکرێتەوە.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
۲۷ی ڕەزبەری ۱٤۰٥
١٩ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦