بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی “حەوت” داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە دەستبەجێ چەکدارکردن و پشتیوانیکردنی مادی و سەربازی لە حووسیەکانی لە یەمەن ڕابگرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بڵاو کراوەتەوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەمەریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئاڵمان، “یتالیا، کانادا و ژاپۆن رایانگەیاندووە پشتیوانییەکانی تاران بۆ حۆسییەکان بەشێکە لە پرۆسەیەکی مەترسیداری پەرەسەندنی گرژییەکان، کە ئاسایشی بازرگانیی جیهانی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی خستووەتە مەترسییەوە. وەزیرانی ئەم وڵاتانە داوایان لە حۆسییەکان کردووە کە سەرجەم هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر کەشتیوانیی مەدەنی و ئامانجەکان لە ناوخۆی یەمەن و خاکی عەرەبستانی سعوودی ڕابگرن و بە هۆشیارییەوە بگەڕێنەوە بۆ پرۆسەی سیاسی.
