بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ڕافایل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ڕایگەیاند کە بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە، گفتوگۆکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاگیراون و بەتەواوی گەیشتوونەتە بنبەست.
گڕۆسی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “کلارین“، وردەکاریی زیاتری لەسەر دۆخی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران خستە ڕوو. بەڕێوەبەری ئاژانسەکە ئاشکرای کرد کە نزیکەی ٤٤٠ کیلۆگرام ئۆرانیۆمی پیتێنراوی کۆماری ئیسلامی، هەر لەو شوێنە کە لە کاتی جەنگە ١٢ ڕۆژییەکەی ساڵی ڕابردوودا لێی بووە ماوەتەوە. لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، گڕۆسی جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی بەهۆی ڕووداوەکانەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی تەواو، بەڵام پێشبینییەکانی ئاژانسەکە بۆ ئەوە دەچن کە تاران دەستی بە نۆژەنکردنەوەی بەشێک لەم ژێرخانە ئەتۆمییانە کردبێت.
