ڕۆژی ڕابردوو، دوو کرێکاری شاغڵ لە کانگەی مسی ناوچەی محەممەد ئاباد، سەر بە شارستانی دلیجان، بە هۆی بایەخ نەدانی بەرپرسانی ئەو کانگەیە بە ئیمەنی شوێنی کرێکاران، تووشی ڕووداو بوون.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، ئەو دوو کرێکارە کاتی کار لەو کانگەیە، بە هۆکارێکی نادیار تووشی ڕووداوی تەقینەوەیەک لە نێو کانگەکەدا بوون و دەستبەجێ یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و هەروەها کرێکاری دیکەی بریندار، پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بە هۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستداوە. شایانی باسە کە کرێکارانی ئەو کانگەیە، سەبارەت بەم کارەساتە ڕایانگەیاندووە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە دژ بە خراپی دۆخی پیشەیی و ئیمەنی شوێنی کارەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام بەرپرسانی ڕژیم نەک تەنیا وڵامی داخوازییەکان نەداوەتەوە، بەڵکوو هەڕەشەی ساز کردنی دۆسیەیان لە کرێکاران کردووە.
