شەوی ڕابردوو، هاوکات لەگەڵ درێژەی شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانی بەندکراوانی لە ئێران، سێ بەندکراوی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری 1404ی هەتاوی، لە لایەن دەزگای جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دران.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، ئەو سێ هاووڵاتییە بە ناوەکانی “ئەبولفەزل و عەلیڕەزا سپاهی و ئەمیر حسێن سەفەری“، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و پاشان لە دۆسیەیەکی پەیوەندیدار بە مەیدانی عەلیخانی شاری ئیسفەهان، بە تۆمەتی شۆڕشی چەکداری دژ بە ڕیژم و کوشتنی ئەندامانی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، کە لە ئەنجامدا شەوی ڕابردوو بە شێوەیەکی عەلەنی، لە مەیدانی عەلیخانی شاری ئیسفەهان، حوکمەکانیان بەڕێوەچوو. شایانی باسە کە خەڵکی ناڕازی شاری ئیسفەهان، بە مەبەستی ڕێگری کردن لە بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی ئەو سێ هاووڵاتییە، شەوی ڕابردوو ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕەوانەی مەیدانی عەلیخانی ئەو شارە بوون، بەڵام هێزە سەرکوتگەرکانی کۆماری ئیسلامی، بە توندی هێرشیان کردە سەریان و بڵاوەیان بە کۆبوونەوەی ناڕازیان کرد.
