بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، لە بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و شەپۆلی جێبەجێکردنی سزاکانی مەرگ، حەوت بەندکراو لە زیندانەکانی شووشتەر، خوڕەمئاوا، ساری و ئەلیگودەرز لەسێدارە دران.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی، حوکمی لەسێدارەدانی گەنجێکی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی “ئەمین خدری میرقائید“: کە هاووڵاتییەکی لوڕە، لە زیندانی ناوەندیی شووشتەر جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە چوار ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. هاوکات لە زیندانی خوڕەمئاوا دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی “مەهدی شەهریسوەند” و “عەلیڕەزا بارانی” کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوون، لەسێدارە دران. لە هەمان ڕۆژدا، سێ بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی “فیردەوس مێعماری” ، “شاهین سەدر” و “سەعید ئارمەند” بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە زیندانی ساری لەسێدارە دران. هەروەها لە زیندانی ئەلیگودەرز، گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی “کەریم میرزایی“ کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە کاتی تێکهەڵچوونێکدا بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەر کرابوو، لەسێدارە درا.
