ڕۆژی هەینی ٦ یپووشپەڕ ،زیندانیانی بەندی دووی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج، بۆ پێنجەمین ڕۆژی بەردەوام درێژەیان بە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیانداو ئامادەنەبوون جیرەی خۆراکی بەندیخانە وەربگرن.
زیندانیانی ناڕازی بە کۆبوونەوە لە ساڵۆنی بەندیخانەکە، دژایەتیی توندی خۆیان دژ بە سزای لەسێدارەدان ڕاگەیاند و ژمارەیەکیشیان بە بەرزکردنەوەی دروشمی “نەخێر بۆ سێدارە“، داوای ڕاگرتنی ئەو سزایانەیان کرد. لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە ئامێرەکانی تێکدەری شەپۆلەکانی پەیوەندیکردن لەناو بەندیخانەکەدا هێشتا چالاکن. بە وتەی ئەو سەرچاوانە، پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی مانگرتنی زیندانیان، بەرپرسانی بەندیخانەکە بە مەبەستی ڕێگری لە ناردنی وێنە و ڤیدیۆ بۆ دەرەوەی بەندیخانەکە ئەو ئامێرانەیان خستووەتە کار.
