بەپێی دوایین زانیارییەکان، هاوکات لەگەڵ قووڵبوونەوەی ململانییە سەربازییەکانی ناوچەکە، ئاڵۆزییەکانی نێوان عەرەبستانی سعوودیە و چەکدارە حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن، پێی نایە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە بۆردومانێکی چڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعایان کردووە. ئامانج لەم هێرشە ڕێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی “ماهان“ی ئێرانی بووە، کە بەهۆی بۆردومانەکەوە ناچار بووە ڕێڕەوەکەی بگۆڕێت و لە فڕۆکەخانەی حودەیدە بنیشێتەوە. هەرچەندە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی یەمەن بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی بۆ سەر ڕێڕەوی فڕۆکەخانەی سەنعا لەئەستۆ گرتووە، بەڵام حووسییەکان ڕاستەوخۆ سعوودیە بە ئەنجامدەری بۆردومانەکە تۆمەتبار دەکەن. لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، حووسییەکان هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر قووڵایی خاکی سعوودیە ئەنجام دا و ڕاستەوخۆ ڕیازی پایتەختیان کردە ئامانج. بەپێی دوایین هەواڵەکان، مووشەکێکی بالستیکیی حووسییەکان ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی “مەلەک خالید” لە ڕیاز کراوە، و هاوکات فڕۆکەخانەی “ئەبها“ش کراوەتە ئامانج. لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکان باس لە تۆمارکردنی تەقینەوەیەکی دیکە لە سعوودیە و کرانەئامانجی چەند پاڵاوگەیەکی نەوتی ئەو وڵاتە لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی نەناسراوەوە دەکەن، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی فڕۆکەکان و قەبارەی زیانەکان بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.
