ئەرتەشی ئیسرائیل لە درێژەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا، هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان و کەرتی غەززە چڕتر کردەوە.
بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکانی لوبنان، تۆپخانەکانی ئیسرائیل دەوروبەری گوندی “تەبنیت”یان لە بناری چیای “عەلی ئەلتاهێر” لە ناوچەی نەبەتیەی باشووری لوبنان بە سەختی تۆپباران کردووە، کە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لەو ناوچەیە. هاوکات لە کەرتی غەززە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل کارگەیەکی بە ناوی “بەیت عەفانیە”ی لە شەقامی ئەلشەناعە لە ڕۆژئاوای شاری غەززە کردووەتە ئامانج. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی ئەم هێرشەوە ژمارەیەک کەس کوژراون، بەڵام تا ئێستا ئاماری وردی کوژراوان و قەبارەی زیانەکان بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.
