کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
ئێرانهه‌واڵه‌کان

لەسێدارەدانی چوار بەندکراو لە زیندانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

لەسێدارەدانی چوار بەندکراو لە زیندانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی 3

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دەزگای قەزایی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، چوار بەندکراوی دیکەی لە زیندانەکانی شیراز و قەزوین لەسێدارە دا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ، حوکمی سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی “سیامەک عەباس‌زادە” تەمەن ٤٠ ساڵ و باوکی منداڵێک، لە زیندانی قەزوین جێبەجێ کرا. ناوبراو سێ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوو. لە لایەکی دیکەوە لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز، ژمارەی قوربانییانی ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی ئاشکرابوونی لەسێدارەدانی ژنێک بە ناوی “ستایش محەممەدپوور” تەمەن ٥٢ ساڵ و دایکی دوو منداڵ، بۆ سێ کەس بەرز بووەوە. ستایش سێ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەرکرابوو. هەروەها ئاشکرا بووە کە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی پووشپەڕ، دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی “جەبار خادم” و “حسێن عەلی زەمانی” تەمەن ٥٦ ساڵ و باوکی سێ منداڵ، بەبێ چاوپێکەوتنی کۆتایی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، لە زیندانی عادڵ ئابادی لەسێدارە دراون. جێگای ئاماژەیە کە هەر لەم شارەدا، بەندکراوێک بە ناوی “میلاد” کە هەشت ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە لە سێدارە ڕزگاری بوو.