بەپێی ئەو وێنانەی کە بە دەستمان گەیشتوون، هێزەکانی ئەرتەشی ئەمریکا بەرفراوانترین هێرشی ئاسمانی و دەریاییان لە ماوەی پاش یادداشتنی لێکتێگەیشتنەکە، بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە باشووری ئێران ئەنجام دا و زیاتر لە ١٤٠ ئامانجی سەربازییان خاپوور کرد.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕ، شەپۆلی سێهەمی هێرشەکانی ئەمریکا دەستی پێکرد و تێیدا دەیان ناوەند و بنکەی سوپای پاسداران لە شارەکانی بەندەرعەباس، دەیـر، عەسەلوویە، چابەهار، ماهشەهر، جاسک، میناب و چەندین ناوچەی دیکە کرانە ئامانجی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی، درۆن و کەشتییە جەنگییەکان، ئامانجە سەربازییەکان، وەک سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و درۆن، کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی و دامەزراوە دەریاییەکانی ڕژیمیان پێکاوە. شایانی باسە کە هاوکات لەگەڵ ئەم بۆردومانانەدا، دەیان فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی تاراندا بینراون و دۆخێکی نائاسایی باڵی بەسەر پایتەختدا کێشاوە، بەڵام بەرپرسانی ڕژیم تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمییان لەسەر قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان بڵاو نەکردووەتەوە.
