ئۆردۆن ڕایگەیاند کە ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەکراوی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی تێکشکاندووە و باڵیۆزخانەی ئەمریکاش هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی خۆی.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵیی دەوڵەتی ئۆردۆن، هێزەکانی ئەو وڵاتە توانیویانە هەشت مووشەک کە لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ئاراستە کرابوون، لە ئاسماندا تێکبشکێنن و پووچەڵ بکەنەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێ نەکەوتووەتەوە. لە هەمان کاتدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆردۆن پەیامێکی هۆشداریی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە جگە لە مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش ئاراستەی ئەو وڵاتە کراون، بۆیە داوای لە هاووڵاتییانی ئەمریکایی کردووە دەستبەجێ بچنە شوێنە ئارامەکان و پەنا بگرن.
