کۆبوونەوەی سەرانی ناتۆ لە ئانکارا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەبارەت بە ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی و پشتیوانیی سەربازی لە ئۆکراین کۆتایی هات و کاردانەوەی توندی مۆسکۆی لێکەوتەوە.
سەرانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ لە کۆتایی دانیشتنەکەیاندا لە پایتەختی تورکیا، جەختیان لەسەر پرەنسیپی بەرگریی بەکۆمەڵ و پێویستیی بەردەوامبوونی یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ئۆکراین کردەوە. لە بەشێکی گرنگی ئەم بەیاننامەیەدا، ناتۆ بە ڕوونی هۆشداری داوەتە کۆماری ئیسلامی و ڕایگەیاندووە کە بە هەموو شێوەیەک ڕێگری دەکەن لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەیە و بڕیارە نوێیەکانی ناتۆ، دەستبەجێ کاردانەوەی توندی ڕووسیای لێکەوتووەتەوە. مۆسکۆ لەم بارەیەوە هۆشداری داوە کە سیاسەتە نوێیەکانی ناتۆ و بەردەوامیی پاڵپشتییەکانیان بۆ کیێڤ، دەتوانێت لێکەوتەی کارەساتباری بۆ سەر ئاسایشی جیهان هەبێت و گرژییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات زیاتر قووڵ بکاتەوە.
