بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، دادگاکانی ڕژیم لە شارەکانی “تاران” و “مەحەلات“ی پارێزگای مەرکەزی، حوکمی قورسی سێدارە و زیندانی تەعزیرییان بەسەر هەشت بەندکراوی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاویدا سەپاندووە.
لەم پێوەندییەدا، “ئەرغەوان فەلاحی” بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکان و “وەحید خان سەنەمی” بە تۆمەتی موحاربە لەلایەن “ئەبولقاسم سەڵەواتی” لە “تاران” حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و “ڕاحلە موعینی” خوێندکاری زانکۆش بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە. هاوکات پێنج بەندکراوی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە شارستانی “مەحەلات” بە ناوەکانی “عێرفان خەلیلی“، “عەلی ئەکبەر مەحلوجی“، “حسام عیسائی“، “حسێن شوکوھی” و “ئەبولقاسم کازم ئەسڵانی” بە تۆمەتی موحاربە حوکمی سێدارەیان بۆ دەرچووە و ئێستا لە زیندانی “ئەراک” ڕاگیراون. جێگای ئاماژەیە کە سەپاندنی ئەم حوکمە قورسانە و بەکارهێنانی ئەشکەنجەی توند و دانپێدانانی زۆرەملێ، بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ چاوترساندنی چالاکانی مەدەنی، سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک لە ئێران.
