ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، دوو چالاکی مەدەنی دانیشتووی شارەکانی ئەهەر و گورگان، لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراون.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، “نیروانا تورەبەتی نەژاد” چالاکی سیاسی و دانیشتووی شاری گورگان، بە عهێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ماڵەکەی بەوپەڕی توندوتیژییەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەکان کراوە. لە هەمان کاتدا “جەلال درەوگەری” چالاکی مەدەنی خەڵکی شارستانی “ئەهەر” سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، بە هەمان شێوە دەستبەسەر و هێشتا چارەنووسی دیار نییە. بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، “نیروانا تورەبەتی نەژاد” بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە، لە دۆخێکی زۆر خراپی تەندروستیدایە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی خێرا هەیە.
