لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە سێبەری نەبوونی ئیمەنی شوێنی کار و بارودۆخی نەگونجاوی کارکردن، پێنج کرێکار لە شارەکانی ڕودان و ڕەفسەنجان تووشی ڕووداوی کار بوون.
بەپێی هەواڵەکان، سێ کرێکار لە گوندی “فاریاب” سەر بە شارستانی ڕودان کاتێک لە ناو بیرێکدا کاریان دەکرد، بە هۆی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی تووشی گازگرتن بوون. لە ئەنجامدا کرێکارێکی ٥١ ساڵە گیانی لەدەست دا و دوو کرێکاری دیکەش بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی “ئیمام عەلی“ی ڕودان گوازرانەوە. هەروەها لە دوو ڕووداوی جیاواز لە شارستانی ڕەفسەنجان، دوو کرێکاری ٥١ ساڵە گیانیان لەدەست دا. لە ڕووداوی یەکەمدا کرێکارێک کاتێک لەگەڵ ئامێری تێکەڵکەری بتۆن کاریدەکرد، تووشی ڕووداو بوو و لە ڕووداوی دووەمیشدا کرێکارێک لە کاتی کاری ئیزۆگامدا بە هۆی تەقینەوەی کەپسوولی گاز و ئاگرکەوتنەوە گیانی لەدەست دا.
