لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بیجاڕ بە ناوی “سادق فەزلعەلی” بە تەقەی هێزە جەنایەتکارەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، گیانی لە دەستداوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، سادق فەزلعەلی سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، کاتی تێپەڕبوون لە خاڵی پشکنینی چوونەژوورەوەی شاری بیجاڕ، لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە دەسڕێژی گوللەی بەسەردا کراوە. لە هەمان ڕووداودا، حەبیبوڵڵا شێرگڕ، زاوا و هاوڕێی ناوبراو، بە سەختی بریندار بووە. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سادق فەزلعەلی لە کاتی ڕووداوەکەدا دەمانچەیەکی پلاستیکی لە دەستدا بووە و هێزەکانی ڕژیم بە گومانی ئەوەی چەکێکی ڕاستەقینە بێت، دەستیان بە تەقەکردن کردووە. هەروەها دەوترێت کە پاش گواستنەوەی سادق فەزلعەلی و حەبیبوڵڵا شێرگڕ بۆ نەخۆشخانە، دەیان ئەندامی هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی ڕژیم لەو شوێنە ئامادەبوون و بنەماڵەی ناوبراو کەوتوونەتە ژێر گوشار تاکوو هۆکاری گیانلەدەستدانی بە شێوەیەکی دیکە ڕاگەیەنن.
