بەپێی هەواڵەکان، بەردەوامبوونی گرانی، دابەزینی بەردەوامی نرخی دراو و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان، هۆکاری پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بوون لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا نرخی ماددە خۆراکییەکان لەوانە، گۆشت، برنج، ڕۆن و شیرەمەنییەکان لە شارەکانی وەک تاران، مەشھەد، شیراز، تەورێز، ئەهواز و کرماشان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەتەوە. هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کە لە هەندێک کاتدا ١٢٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ و توانای کڕینی خەڵک هەبووە. لە هەندێک لە شارەکانی وەک سنە، بۆکان، مەریوان و بانەش، ژمارەیەک لە دووکاندار و کاسبکاران بە داخستنی دووکانەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە دەکەن کە بێکاری لە ناو گەنجاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە و زۆرێک لە بنەماڵەکان بۆ دابینکردنی کرێی خانوو و خەرجیی ڕۆژانە ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە. شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی هەڵاوسان، نەبوونی وەبەرهێنان و زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی هەرچی زیاتری قەیرانی دارایی و فراوانبوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە مانگەکانی داهاتوودا.
