بەپێی ڕاپۆرتەکان، لانیکەم ٣٠ خوێندکاری زانکۆی پیشەسازیی شەریف لە ئێران، بەهۆی چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو، سزا دراون.
بەپێی زانیارییەکان، بۆ هەندێک لە خوێندکاران سزای دەرکردن لە زانکۆ و چەند ساڵێک بێبەشبوون لە خوێندن دەرکراوە و بۆ ژمارەیەکی دیکەش سزای ڕاگرتنی کاتی خوێندنیان بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە هەندێک لە دۆسیەکان پەیوەندییان بە چالاکیی خوێندکاران لە فەیسبووک، تێلگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە هەبووە.
بە وتەی چالاکوانانی خوێندکاری، زیادبوونی فشارە ئەمنییەکان لەسەر زانکۆکان و بانگهێشتی خوێندکاران بۆ لێپێچینەوە، لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
