ڕۆژنامەی “دەیلی تەلەگراف“ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاند کە لانی کەم ٦٢ کەس لە هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووبەڕووی تۆمەتی قورسی دادوەری بوونەتەوە و مەترسیی جیددیی بڕیاری لەسێدارەدانیان لەسەرە؛ ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە کۆماری ئیسلامی ئەم سزایە وەک ئامرازێک بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە بەکاردێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی ڕۆژنامەی “دەیلی تەلەگراف“، دۆسیەی ٦٢ لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە. ئەم کەسانە ڕووبەڕووی تۆمەتی وەک “محاربه” و “ئەفساد فی الارض” کراونەتەوە و بۆ بەشێکیان سزای سەرەتایی سێدارە دەرچووە و نێردراوە بۆ دیوانی باڵای وڵات. چالاکوانانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە کە پرۆسەی دادگاییکردنی ئەم تۆمەتبارانە ناڕوون بووە؛ ئەوان لە مافی پارێزەری سەربەخۆ بێبەش کراون و سزاکان تەنیا لەسەر بنەمای “دانپێدانانی زۆرەملێ” لەژێر ئەشکەنجەدا سەپێنراون. ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشداری دەدەن کە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتە هۆی لەسێدارەدانی ئەم دەستبەسەرکراوانە، بۆیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا دەکەن بە فشارە دیپلۆماسییەکانیان ڕێگری لەم کارە بکەن.
