ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی گوڵان، دەزگای دادی ڕژێم، هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی دەیان کەسی لە پارێزگاکانی هەمەدان و مازندەران بە تۆمەتگەلێکی وەک “خیانەت لە نیشتمان” ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، دەزگای دادی ڕژێم، دەستی بەسەر ماڵ و موڵکی ٤٠ هاووڵاتی دا گرتووە بە تۆمەتی“خیانەت لە نیشتمان” . هاوکات، داواکاری گشتیی پارێزگای مازندەرانیش هەواڵی دەستنیشانکردن و دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی ٢٠ مڵکی بڵاو کردەوە کە سەر بەو کەسانەن کە بە وتەی ئەو، پەیوەندییان بە نەیارانی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە. بە وتەی ئەم بەرپرسە دادوەرییە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا زیاتر لە هەزار کەیفەرخواست بۆ ئەو کەسانە دەرچووە کە بە ئیدیعای ئەو “ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان” لە خۆپیشاندانەکاندا هەبووە. هەروەها ماڵ و موڵک و ژمارە بانکییەکانی ئەو کەسانەی کە بە وتەی بەرپرسانی ڕژێم لە وێرانکارییەکاندا هاوکارییان لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە، دەستنیشان کراون و دەستیان بەسەردا گیراوە.
