ئەمڕۆ هەمووان لەوە تێگەیشتوون کە داروپەردووی ڕاستەقینەی شەڕ، بەسەر سفرەی خاڵی، حەقدەستە بێبایەخبووەکان، خانوە کرێکان، منداڵانی بێبەش لە خواردنی تەندروست و کرێکاراندا ڕووخاوە. گوشاری ئابووری گەیشتووەتە ئاستێک کە زۆرێک لە خەڵک بۆ بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانە و دابینکردنی تێچووە سەرەکییەکان، دەستیان داوەتە فرۆشتنی داراییەکانیان. دەستپێوەگرتنی باو چیتر سوودی نییە، چونکە ئاستی بەکاربردنی ئەوان لە لانیکەمیش کەمتر بووەتەوە. ئەمڕۆ گرانی چیتر تەنیا کەلوپەلی لۆکس ناگرێتەوە، شەکر، هێلکە، ڕۆن، نان، ماکەرۆنی، شیرەمەنی، گۆشت، مریشک، ماسی، میوە و سەوزەی تازە، واتە سەرەکیترین پێداویستییە خۆراکییەکانی خەڵک، بوونەتە شتێکی کە وەدەست هێنان و کڕینیان بۆ ملیۆنان بنەماڵە گەلێک دژوار یان مەحاڵ بووە. کاتێک شانەیەکی هێلکە دەگاتە سەدان هەزار تمەن، کاتێک ماکەرۆنی بۆ بەشێک لە خەڵک دەبێتە کاڵایەکی گران، کاتێک گۆشت و ماسی دەمێکە لە سفرەی هەژاران سڕاوەتەوە، لە ڕاستیدا ئێمە لەبەردەم قەیرانێکی جددیی بژێوی و تەندروستی گشتیداین.
ڕۆژنامەی «دنیای اقتصاد»ی چاپ تاران، سێ سیناریۆی بۆ هەڵاوسان لە ئێران خستووەتە ڕوو و دەنووسێت:
لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، واتە ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بکرێت، ڕێژەی هەڵاوسان ٤٩٪ دەبێت. ئەگەر دۆخی “نە شەڕ و نە ئاشتی بەردەوام بێت، هەڵاوسان دەگاتە ٦٧٪. و ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، ئێران ڕووبەڕووی هەڵاوسانێکی گەورەی ١٢٣٪ دەبێتەوە. بانکی ناوەندی ڕێژەی ئێستای هەڵاوسانی بە ٥٠.٦٪ ڕاگەیاندووە، بەڵام سەرچاوە سەربەخۆکان ئەم ژمارەیە بە کەمتر لە ڕاستی دەزانن.
هەڵاوسان، وەک دەوترێت، جۆرێکە لە باجی شاراوە بەڵام باجێک کە نەک لە دەوڵەمەندەکان، بەڵکوو لە هەژارترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگە وەردەگیرێت. بەرزبوونەوەی نرخی دراو، چاپکردنی پارەی بێ پشتیوان، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان، گەندەڵی دامەزراوەیی، سزا ئابوورییەکان، نائەمنی و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوونی سیاسی و ئابووری، هەموو دەستیان داوەتە دەستی یەک تا نرخەکان بەردەوام لە توانای کڕینی خەڵک پێش بکەون. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە دۆلاری ئەمریکا لە سنووری ١٨٠ هەزار تمەن تێپەڕیوە و تەنیا لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە ١٦ هەزار تمەن بەرز بۆتەوە. کاتێک دۆلار لە یەک ڕۆژدا بەو ڕادەیە بەرز دەبێتەوە، بەدوای ئەوەدا نرخی خۆراک، دەرمان، کرێی گواستنەوە، کرێی خانوو، پۆشاک و تەنانەت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ڕۆژانەش بەرز دەبنەوە. لەم ڕەوتەدا، کرێکار هەمیشە دوادەکەوێت، چونکە حەقدەستەکان درەنگتر لە کاتی خۆی و بە ناتەواوی و زۆر کەمتر لە ڕێژەی ڕاستەقینەی هەڵاوسان زیاد دەکرێن.
لەپاڵ هەموو ئەم گوشارانە، پچڕانی ئینتەرنێت گورزێکی ئابووری جیاوازی لە جەستەی کۆمەڵگەی ئێران داوە. بەپێی خەمڵاندنی ژووری بازرگانی ئێران، زیانی ڕاستەوخۆی ئەم پچڕانە ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٤٠ ملیۆن دۆلارە و کۆی زیانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەگاتە ٧٠ بۆ ٨٠ ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا. بە وتەی وەزیری پەیوەندییەکانی ئێرانیش، بەردەوامی ئەم دۆخە هەڕەشەیەکی جیددی و ڕاستەوخۆیە بۆ سەر کار و پیشەی نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس.
بەڵام مەسەلەکە تەنیا گرانی نییە، بەڵکوو بێپەنایی خەڵکە لە بەرانبەر گرانیدا. لە کۆمەڵگەیەکدا کە ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان سەرکوت دەکرێن، لە کۆمەڵگەیەکدا کە کرێکاران پرشوبڵاون، لە کۆمەڵگەیەکدا کە بێکاران، خانەنشینان، ژنانی ناوماڵ و کرێکارانی نافەرمی هاودەنگ و ڕێکخراو نین، گوشاری قەیرانەکە چەند هێندە قورسایی دەکات. سەرمایەداران، دامەزراوەکانی دەسەڵات و گروپە سوودمەندەکان، ئامرازی هەیە خۆیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، بەڵام کرێکاران ئەگەر ڕێکنەخرێن، هەر یەکەیان بە تەنیا و بێدیفاع لە بەرانبەر تۆفانی قەیرانەکەدا دەمێننەوە.
لە ئاوا دۆخێکدا هەنگاوی یەکەم، بریتییە لە ڕێکخراوبوون و خۆ ڕزگارکردن لە پرشوبڵاویی. کرێکاران لە ناوەندەکانی کار، گەڕەکەکان، کارگەکان، قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان، کارخانەکان و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان دەتوانن ئەڵقەی پەیوەندی و هاوپشتی دروست بکەن. ئەم ئەڵقانە دەتوانن لە بچووکەوە دەست پێ بکەن. هەر ئەم کۆڕ و کۆمەڵە بچووکانە، ئەگەر شێلگیرانە و وشیارانە بجوڵێنەوە، دەتوانن ببنە بنەمای ڕێکخراوی گەورەتر و کاریگەرتر.
دووەم، دەکرێت سندوقی هاوپشتی لۆکاڵی و پیشەیی پێکبهێنرێت. لە کاتی قەیراندا، زۆرێک لە کرێکاران بەهۆی دەرکردن لە کار، نەخۆشی، دەستبەسەرکردن، مانگرتن یان بێکاریی کتوپڕ، پێویستیان بە پاڵپشتی خێرا هەیە. سندوقەکانی هاوکاری، هەرچەندە بچووکیش بن، دەتوانن بەشێک لەم گوشارە کەم بکەنەوە و هەستی متمانە و یەکگرتوویی بەهێز بکەن. ئەم جۆرە سندوقانە لە هەمان کاتدا قوتابخانەیەکی هاوپشتین.
سێیەم، پێویستە ویست و داواکارییە بەپەلە و ڕوونەکان لە ئاستێکی بەرفراواندا بخرێنە ڕوو. زیادکردنی حەقدەست بەگوێرەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە، پێدانی حەقدەست لە کاتی خۆیدا، بیمەی تەواو، قەدەغەکردنی دەرکردنی سەرەڕۆیانە، پشتیوانی لە بێکاران، دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکان، خوێندن و چارەسەری بێبەرامبەر و بە گونجاو، کۆتاییهێنان بە سنووردارکردنی ئینتەرنێت، مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ و مافی ناڕەزایەتی، لە زومرەی ئەو داواکاریانەن کە دەتوانن توێژە جیاوازەکانی کرێکار و هەژاران بەیەکەوە گرێ بدەن. داواکارییەکان ئەگەر ڕوون، گشتی و شیاوی تێگەیشتن بن، جەماوەرێکی زیاتر بەرەولای خۆیان ڕادەکێشن.
چوارەم، دەبێت لە نێوان بەشە جیاوازەکانی چینی کرێکاردا لەوانە: کرێکارانی فەرمی و نافەرمی، شاغلان و بێکاران، ژنان و پیاوان، کرێکارانی شارەزا و ناشارەزا، موعەلیمان، پەرستاران، خانەنشینان، شۆفێران، کرێکارانی پڕۆژە و کارمەندانی خزمەتگوزاری، پەیوەندی دروست بکرێت. ئەو قەیرانەی ئێستا هەموو ئەم چین و توێژانەی کردووەتە ئامانج، هەربۆیە وەڵامەکەش دەبێت سەرتاسەری، چینایەتی و بەکۆمەڵ بێت.
پێنجەم، دەبێت لەسەر شێوازی ئەمن، وشیارانە و بەکۆمەڵی خەبات جەخت بکرێتەوە. ناڕەزایەتییە پرشوبڵاو و بێ بەرنامەکان، هەرچەندە نیشاندەری توڕەیی ڕاستەقینەی خەڵکن، بەڵام بەتەنیا بەس نین. ڕێکخراوبوون، پەیوەندیگرتن، بڵاوکردنەوەی ئەزموونەکان و هەماهەنگی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا، دەتوانێت هێزی ناڕەزایەتییەکان چەند هێندە بکات. خەباتی بەکۆمەڵ ئەو کاتە کاریگەرترە کە لەسەر وشیاری، هاوپشتی و بەردەوامیی بونیاد بنرێت.
لە کۆتاییدا، نابێت لەبیر بکرێت کە سەرچاوەی قەیرانی بژێوی، دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی سیاسی و شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت. تا ئەو کاتەی کرێکاران و هەژاران لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا دەوریان نەبێت، تا ئەو کاتەی سەروەتی کۆمەڵگە، لەپێناو شەڕ، سەرکوت، گەندەڵی و پەرەپێدانی خورافات دا خەرج بکرێت و لەژێر کۆنترۆڵی سیستمێکی چەوسێنەر و سەرکوتگەردا بێت، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ژیانی خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراودا ڕوو نادات.
بەڵام سستی و بێدەنگیی، ڕێگەی ڕزگاری نییە. نە چاوەڕوانی لە سەرەوە، نە بەڵێنە دووبارەکان، نە دانبەخۆداگرتن و خۆگونجاندن، هیچ کام لەمانە وەڵامی ئەم دۆخە نین. بەڵکوو وەڵامی ڕاستەقینە بریتییە لە یەکگرتوویی، ڕێکخراوبوونی سەربەخۆ، خستنەڕووی داواکارییە سەرتاسەرییەکان و خەباتی بەکۆمەڵە بۆ ژیانێکی شایستە. کرێکاران و زەحمەتکێشان ئەگەر بە پرشوبڵاوی بمێننەوە، دەبنە قوربانییە بێدەنگەکانی قەیران، بەڵام ئەگەر ڕێکبخرێن، دەتوانن ببنە هێزێک کە نەک هەر لە بەرانبەر داروپەردووی شەڕ و هەژاریدا دەوەستێت، بەڵکوو ئاسۆیەکی دادپەروەرانەتر و مرۆییتر بەڕووی کۆمەڵگەدا دەکاتەوە.
