ڕۆژی شەممە، نۆیەمین ڕۆژی مانگی ڕەشەممە، ئەوەی بۆ ماوەی چەندین هەفتە لە پشت پەردەی دیپلۆماسی و هەڕەشە و دانوستاندا شاردرابووەوە، بە یەکجاری خۆی نیشاندا. هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە شێوەیەکی هاوکات هێرشیان کردە سەر ئێران و شەڕێک دەستی پێکرد کە بۆ زۆر کەس پێشبینیکراو بوو، بەڵام هەمووان تا کۆتا ساتەکان هیوادار بوون کە ڕەنگە ڕێگەیەکی باشتر لە شەڕ بدۆزرێتەوە. چەند خولێکی دانوستان لە نێوان کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئەمریکا بێ ئەنجام کۆتایی هات و لایەنەکان ئامادە نەبوون لە هەڵوێستەکانی خۆیان پاشەکشە بکەن. ئێستا ئەوە خەڵکی ئێرانن کە لە نێو ئاگرێکدا دەسووتێن کە کەسانی تر هەڵیانگیرساندووە.
سەبارەت بە شیکردنەوەی زەمینەکانی ئەم شەڕە، قسەی زۆر کراوە، لە بەرژەوەندییە ژیۆپۆلیتیکییەکانەوە بگرە تا کێبڕکێ ناوچەییەکان و ئامانجە ئابووری و ستراتیژییەکانی هەر کام لە لایەنەکان. بەڵام ئەوەی دەبێ جەختی لەسەر بکرێتەوە ئەوەیە کە ئەم شەڕە، لە لایەن هەڵگیرسێنەران و زەمینەخۆشکەرانیەوە لە هەردوو لا، هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێرانەوە نییە. نە بە ئازادییان، نە بە ئاسایشیان و نە بەو ژیانە باشترەی کە ساڵانێکە ئاواتی بۆ دەخوازن. لە ئاوا شەڕێکدا، بێجگە لە وێرانی و لەدەستچوونی گیانی مرۆڤە بێدیفاعەکان، هیچ شتێک نەسیبی خەڵکی ئەم وڵاتە نابێت. بۆ تێگەیشتن لە کاردانەوەی بەشێک لە کۆمەڵگای ئێران بەرامبەر بەم شەڕە، دەبێ لە خاڵێکی ترەوە دەست پێ بکەین. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل و حەوت ساڵ دەسەڵاتی خۆیدا، خوێنی زۆرینەی خەڵکی کردووەتە شووشەوە و مانەوەی خۆی لە دروستکردنی قەیران و تێپەڕبوون لە قەیرانێکەوە بۆ قەیرانێکی تردا بینیوەتەوە. ئەم ڕژێمە نەک هەر هیچ کات وەڵامدەرەوەی داخوازییە سەرەتاییەکانی خەڵک نەبووە، بەڵکوو هەر دەنگێکی ناڕەزایەتی بە توندترین شێوە کپ کردووە.
کوشتاری بەفرانباری ئەمساڵ جارێکی تر نیشانی دا کە توانای ئەم ڕژێمە لە مرۆڤکوژی و دڕندایەتی، سنوور ناناسێت. ئەم ڕووداوە تاڵە، لە مێشک و دەروونی کۆمەڵگایەکدا کە ساڵانێکە لەژێر فشاری خەفەقان و هەژاری و سەرکوتدا وەتەنگ هاتووە، شوێنەوارێکی قووڵی جێهێشت. ڕق و بێزاریی پەنگخواردووی ناو دڵی خەڵک گەیشتووەتە ئاستێک کە بەشێک لەوان، وێرانکاریی شەڕیان بەلاوە باشترە لە بەردەوامبوونی دەسەڵاتی ئەم ڕژێمە. ئەم ڕاستییە، قووڵایی ئەو کارەساتەیە کە ٤٧ ساڵە بەسەر ئەم خەڵکەدا هاتووە.
کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی دانوستانەکانی پێش شەڕدا، لەبەردەم دوو بژاردەدا بوو: ڕێککەوتن یان شەڕ. ڕێبەرانی ئەم ڕژێمە دەیانزانی کە لە هەردوو باردا، ڕێگاکە بەرەو جۆرێک لە تەسلیمبوون دەچێت بە هەندێک جیاوازییەوە لە شێواز و ڕادەکەیدا. هەروەها دەشیانزانی ئەو ڕژێمەی لە ئەنجامی ڕێککەوتن یان شکستی سەربازی دێتە ئاراوە، ئیتر ئەو کۆماری ئیسلامییەی جاران بەو دەموچاوانە و بەو پێکهاتەی دەسەڵاتەوە نابێت. کەواتە ئەگەر هەرەس و داڕمان لە هەردوو ڕێگاکەدا چاوەڕوانکراوە، ڕەنگە لە هەڵبژاردنی شەڕدا هێشتا دەرفەتێک بۆ ڕزگاربوون شک ببەن. ڕەنگە بتوانن لە نێو دووکەڵ و ئاگردا، چەند ڕۆژێکی تر کات بۆ مانەوەی خۆیان بکڕن.
خومەینی ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر، شەڕی ئێران و عێراقی بە «بەرەکەت» بۆ مانەوەی ڕژێم ناوبرد. ئەم لۆژیکە هێشتا زیندووە. شەڕ دەتوانێت سەرنجەکان بەلاڕێدا ببات، نەیارانی ناوخۆ بێدەنگ بکات یان لە ژێر سێبەری شەڕدا سەرکوتیان بکات. ئەم حیساب و کتابە ڕەنگە لە ڕواڵەتدا دروست بێت، بەڵام لە کردەوەدا، ئەمجارە قورسایەکەی دەکەوێتە سەر شانی جەماوەرێکی کە ئیتر ناخەڵەتێن. ئیستا کە شەڕ بووەتە ڕاستییەک، ئەوەی دەبێ جەختی لەسەر بکرێتەوە ئەوەیە کە نابێت ئەم شەڕە درێژە بکێشێت. ئەو ژیانە کۆڵەمەرگییەی کە خەڵکی ئێران بەبێ شەڕیش دەست و پەنجەیان لەگەڵ نەرم دەکرد، نابێت ببێتە ژیانێکی لەوە تاڵ و تاقەت پروکێنتر. هەر ڕۆژێک کە شەڕ بەردەوام بێت، ماڵێک وێران دەبێت، گیانێک دەستێنرێت و هیوایەک دەکوژێتەوە. شەڕی کورتخایەن، هەرچەندە بە هەموو ئازار و تێچووەکانیەوە، دەتوانێت دەرفەتێک بێت. دەرفەتێک بۆ ئەوەی خەڵک دوای شەڕ بەخۆیاندا بێنەوە، جێگرەوەی خۆیان دروست بکەن و داهاتوو بە هێزی وشیاریی و ڕێکخراوەیی و خەباتی خۆیان دیاری بکەن. ئەم جێگرەوەیە لە ئاسمانەوە نازڵ نابێت و لە لایەن هیچ هێزێکی دەرەکییەوە وەک دیاری پێشکەش ناکرێت. بەڵکوو دەبێت لە ناخی خەڵکەوە هەڵقوڵێت.
لەو ڕۆژانەی کە شەڕ بەردەوامە، گرنگترین شتێکی کە دەبێ جەختی لەسەر بکرێتەوە، بریتییە لە هاوپشتی و بەهێزکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان. خەڵک دەبێ بە هانای یەکترەوە بچن، زیانەکان کەم بکەنەوە و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی یەکتر دابین بکەن. بەڵام ئەم حەرەکەتە دەبێ لە هاوسۆزییەکی تاکەکەسی تێپەڕێت و لە چوارچێوەی تۆڕە ڕێکخراوەکاندا کار بکات تا هاوکات لەگەڵ کەمکردنەوەی زیانەکانی شەڕ، ببێتە ناوەندێکی خەباتگێڕی بۆ قۆناغی دوای شەڕیش.
کۆماری ئیسلامی بێجگە لە مانەوەی خۆی بیر لە هیچ شتێک ناکاتەوە. هەر بۆیە نە هیچ هەوڵێک بۆ ئاسایشی خەڵک دەدات و نە بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕۆژانەکانیان کارێک دەکات. خەڵکی هاوچارەنووس دەبێ خۆیان بیر لە خۆیان بکەنەوە. سیما و ڕێبەرە جێگای متمانەکان لە نێو ئەم بزاڤە جەماوەریانەدا بناسرێن و خەڵک پشتیان پێ ببەستن. ئەم ڕێبەرانە نە لە سەرەوە دیاری دەکرێن و نە لە دەرەوە دەسەپێنرێن، بەڵکوو لە ناو کردەوەی هاوبەش و تاقیکردنەوەی متمانە بە یەکتردا دروست دەبن.
لەو نێوەندەدا، ئەزموونی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. خەڵکی کوردستان دەتوانن هەنگاو بە هەنگاو بۆشایی دەسەڵات پڕ بکەنەوە، لە دامەزراوە مەدەنی و جەماوەرییەکاندا خۆیان ڕێکبخەن و ئەو وشیاری و ئەزموونەی کە لە ساڵانێکی دوور و درێژی خەباتدا بەدەستیان هێناوە، بەکار بهێنن. ئەم کۆمەڵگایە دەزانێت چی دەوێت و چۆن دەبێ بۆی تێبکۆشێت. لە کاتی گونجاودا، دەبێ دامەزراوەکانی خۆیان بە مەبەستی پاراستنی دەستکەوتەکانیان بە چەکیش تەیار بکەن.
کۆمەڵە، وەک ڕەوتێکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، خۆی بە هێزێکی جیانەکراوە لەم بزاڤە دەزانێ و لە پێناو ژیانێکی باشتر و کەرامەتی مرۆیی و کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکساندا خەبات دەکات و بە هەموو توانایەوە بۆ بەهێزکردن و بە ئەنجام گەیاندنی ئەم بزاڤە تێدەکۆشێت.
