سبەینێ ٢٦ی ڕێبەندان، ڕۆژی ئاشکرا بوونی کار و چالاکی کۆمەڵە و “ڕۆژی کۆمەڵەیە”، ڕۆژێکی کە لە ٢٦ی ڕێبهندانی ١٣٥٧، تەنیا چەند ڕۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕش، بوونی ئاشکرای ئەم ڕێکخراوەیە لە ساتەوەختێکی چارەنووسسازدا ڕاگەیەندرا. ئێران لە بەردەم خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییدا بوو. لە لایەک خەڵک لە ڕێگەی شۆڕشێکی جەماوەرییەوە لە چنگ دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی ڕزگاری ببوو و دەرفەتی ئەوەی بەدەست هێنابوو کە هەناسەیەک بە ئازادیی بکێشێت و لە لایەکی دیکەشەوە کابوسی هەژموونی دەسەڵاتێکی لەڕادەبەدەر کۆنەپەرست و دوژمنی ئازادی، کە خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات ئامادە دەکرد، سێبەری بەسەر کەشی سیاسی وڵاتدا کێشابوو. لە ئاوا چرکەساتێکی گرینگدا، ئاشکرابوونی کۆمەڵە، سەرەتای ڕێبازێکی وشیارانە بوو بۆ بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و گرێدانی بە ویست و داواکاری کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان و نەتەوە ستەملێکراوەکانەوە. ڕەوتی ئیسلامی، دوای ٢٢ی ڕێبەندان ئەرکی کپکردنی دەنگی شۆڕشی لە ئەستۆ گرت. لە زۆر شوێنی وڵات سەرکوتی خەباتی ئازادی و ڕزگاریخوازانە بە خێرایی دەستی پێکرد. بەڵام لە کوردستان دۆخەکە جیاواز بوو. لاوازی ڕەوتی ئیسلامی لەم ناوچەیە و کاریگەریی سیاسەتی چەپ و ڕادیکاڵ و سیکۆلار لە نێو جەماوەردا و هەروەها بوونی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، هاوسەنگی هێزێکی ئەوتۆی پێکهێنابوو کە ڕێگەی نەدەدا شۆڕش بە ئاسانی دەستی بەسەردا بکرێت. کوردستان، لە ڕاستیدا بوو بە یەکێک لە ناوەندەکانی بەردەوامبوونی شۆڕش، شوێنێکی کە داخوازییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بە چڕی و بابەتیانە، بەرامبەر بە حکوومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو تیایدا سەریهەڵدا.
ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرا، تەنیا ناڕەزایەتییەکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرین بوو کە چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئاوێتەی یەکتر کردبوو. کرێکارانی چەوساوە خوازیاری ژیانێکی باشتر بوون. زەحمەتکێشانی گوندنشین کە لە کۆت و بەندەکانی سیستەمی ڕزیوی فیۆداڵی ڕزگاریان ببوو و دەیانویست بەرهەمی شۆڕش لە خاک و نان و کەرامەتی مرۆڤایەتی خۆیاندا هەست پێ بکەن. ژنان تینووی مافی یەکسان بوون و نەیاندەویست ڕژێمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بە “یاسا” و “نەریت” و “ئایین” پاشەکشەیان پێ بکات. جەماوەری خەڵکیش چیتر توانای تەحەمولی قورسایی ستەمی نەتەوەییان نەمابوو. ئەو ئاوات و داخوازییانە لە شێوەی بزووتنەوەیەکی خۆڕاگریی جەماوەریدا خۆی نیشاندا، بزووتنەوەیەکی کە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە نوێیە ئامادە دەکرد، کە هەڕەشە بوو بۆسەر دەستکەوتەکانی شۆڕش. هەر لەسەرەتاوە کۆنەپەرستانی خۆجێیی و پاشماوەکانی سیستەمی فیۆداڵی ڕزیو، هەوڵیاندا بە پشتبەستن بە حکوومەتی ناوەندی، پێگەی لەدەستچووی خۆیان بەدەست بهێننەوە. دارودەستەی چەکداریان ڕێکخست، هەڕەشەیان لە خەڵکی زەحمەتکێشی گوندەکان کرد و هەوڵیان دەدا بە زەبری چەک و بە پشتبەستن بە “ناوەند” پەیوەندییە کۆنەکان زیندوو بکەنەوە. وەڵامی کۆمەڵە لەم قۆناغەدا تەنیا وەڵامێکی تەبلیغاتی نەبوو، بەڵکوو بانگەوازێکی پراکتیکی و ڕێکخەر بوو، کە بریتی بوو لە ڕێکخستنی جوتیاران و وەرزێران لە یەکێتییەکانی جوتیاراندا بەمەبەستی داکۆکیکردنی ڕێکخراو و چەکدارانە لە مافەکانیان. ئەم هەنگاوە هەم بە مانای پووچەڵکردنەوەی دژە شۆڕشی خۆجێیی بوو و هەم کردنی دەستکەوتەکانی شۆڕش بە ناوەندە ڕاستەقینەکانی هێزی جەماوەریی لە لادێکاندا. جۆش و خرۆشی ئەو زەحمەتکێشانەی کە بە دەستی خۆیان سەرکەوتنیان مسۆگەر کردبوو، و هەروەها ئەو کەشە سیاسی–دیموکراتیکەی کە سەرانسەری کوردستانی داگرتبوو، ئەم ناوچەیەی کردبووە سەنگەرێکی بەهێز بۆ بەردەوامیی شۆڕش لەسەر ئاستی ئێراندا. کاریگەری سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵە لەو ئاوا بەستێنێکدا گەشەی کرد و تواناکانی بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی جەماوەر لە ڕووداوە گرنگەکاندا خۆی نیشاندا، لەوانە: کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان، مانگرتنی گشتیی یەک مانگەی خەڵکی سنە بۆ دەرکردنی سپای پاسداران لەو شارە، ڕێپێوانی بەربڵاو بەرەو مەریوان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئەو شارە و چاککردنی هێزی کۆنەپەرستی ناسراو بە” “سپای ڕزگاریی” کە لەلایەن شێخەکانی ناوچەکەوە ڕێکخرابوو. ئەمانە تەنیا “ڕووداو” نەبوون، بەڵکوو نموونە گەلێک بوون لە بەشداریی ڕاستەوخۆی جەماوەر لە سیاسەتدا و پشتبەستن بە هێزی بەکۆمەڵ و گۆڕینی ناڕەزایەتی بۆ ڕێکخستن.
ئەم ئاسۆ جیاوازە، ئاسۆیەکی کە تیایدا مرۆڤەکان دەیانتوانی لە ڕێگەی ناوەند و دامەزراوەکانی خۆیانەوە، داهاتوو بنیات بنێن، بۆ ڕێژیمی ئیسلامی تەحەمول نەدەکرا. کۆماری ئیسلامی سەرەتا بە درۆ و فریوکاری و هاتنە سەرمێزی دانوستان، کاتی بۆخۆی کڕی. بەڵام لە کۆتاییدا هەموو دەرگاکانی دیالۆگی داخست و دوای ئەنجامدانی چەندین کارەسات و تاوانی وەک کۆمەڵکوژی قاڕنێ و قەڵاتان و چەندین شوێنی تر، بە فەرمانی خومەینی لە ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٥٨دا، لەشکرکێشییەکی بەربڵاو و دڕندانە بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد. وەڵامی کۆمەڵە بانگەوازێکی ڕوون بوو: خۆڕاگریی لە بەرامبەر هێرش و پەلامارەکان لە هەموو بوارەکاندا. خەڵکی کوردستان بەدەنگ ئەو بانگەوازە هاتن و لە هەناوی ئەو خۆڕاگرییەدا مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێو و پڕ لە وانە و ئەزموونی دەیەکانی دواتر دروست بوو. ئەوەی کە چارەنووسی کۆمەڵەی بە چارەنووسی ملیۆنان ئینسانی ستەملێکراو و تینووی ڕزگارییەوە گرێدا، بریتی بوو لە خۆڕاگریی لە بەرامبەر دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگی کرێکاران و زەحمەتکێشان. ئەم خۆڕاگرییە شێوازی جۆراوجۆر و بەرجەستەی بەخۆیەوە بینی: بەرگریکردن لە جوتیاران لە بەرامبەر خاوەن زەوی و دەرەبەگەکان، دیفاع لە زەحمەتکێشانی گوندەکان لە بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان، بەرگریکردن لە ژنان لە بەرامبەر کۆنەپەرستی دەسەڵاتدار و فەرهەنگ و نەریتی ڕزیوی پیاوسالاریی، بەرگریکردن لە کرێکاران لە بەرامبەر سەرمایەداران، دیفاع لە چەکداربوونی خەڵک و هەوڵدان بۆ پڕچەککردنی زەحمەتکێشان، پێکهێنان و دروستکردنی کۆڕ و کۆمەڵە دێموکراتیکەکان، پێکهێنانی شۆڕای شاری سنە کە لەو ڕێگایەوە بوونی خۆی بە فەرمی بەسەر حکوومەتی کاتیدا سەپاند، پێکهێنانی شۆڕای گەڕەکەکان (بنکەکان) و هەروەها پێکهێنانی یەکێتی جوتیاران و شۆڕاکانی ژنان و خوێندکاران، هەموو ئەمانە نیشانیان دا کە خەبات تەنیا لە “مەیدانی نیزامی” یان “مەیدانی سیاسی“دا بەرتەسک ناکرێتەوە، بەڵکوو لە بنیاتنانی پێکهاتە جەماوەرییەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا مانا دەبەخشێت.
هەر ئەم توانایی و پۆتانسێلی بنیاتنانی دامەزراوە و کۆکردنەوەی جەماوەرە بوو کە بواری بۆ کۆمەڵە ڕەخساند ببێتە ئاڵاهەڵگری خۆڕاگریی جەماوەریی و چەکداریی خەڵکی کوردستان لە دژی لەشکرکێشیی هێزە داگیرکەر و سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی. هێرشی ڕژێمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بۆسەر کوردستان، بە خۆڕاگری و فیداکاری کەم وێنەی خەڵک و هێزی پێشمەرگە تێکشکا. ڕژیم دوای ئازاد کردنی شارەکان لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨دا، بەچۆکدا هات و بە شێوەیەکی ڕیاکارانە ملی بە وتووێژ و دانوستان دا. لێبڕاوی و لێهاتوویی کۆمەڵە لە دانوستان لەگەڵ ڕێژیم لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەکە و بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و پەرەپێدانی دیموکراسی، ڕێکخستنی بەرفراوانترین چالاکیی وشیاریدەرانە لە نێوان دوو پەلاماری ڕێژیم بۆسەر کوردستان، جارێکی تر توانایی کۆمەڵەی بۆ کۆکردنەوە و یەکگرتووکردنی جەماوەر و ڕێبەرایەتی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان نیشان دا.
ساڵیادی ئاشکرا بوونی کۆمەڵە وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەیە کە شۆڕش و ئازادی، بەبێ ڕێکخستنی جەماوەری و ناوەندە و دامەزراوەی سەقامگیر، ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەزموونی کوردستان لەو ساڵانەدا دەریخست کە لە بەرامبەر کۆنەپەرستی دا، چ لە فۆرمی خۆجێیی یان دەوڵەتی، تەنیا ویستن بەس نییە، بەڵکوو دەبێت توانای بنیاتنان بەدەست بهێنین. بنیاتنانی یەکێتییەکان، شۆڕاکان و جەمعییەتەکان و هتد، هەروەها داکۆکی لە مافی جەماوەر بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆ لە چارەنووسی خۆیان، لە زومرەی ئەو هەوڵانە بوون لەم پێناوەدا. بەم مانایە ٢٦ی ڕێبەندان، تەنیا مێژووی ڕێکخراوێک نییە، بەڵکوو وەبیرهێنەرەوەی نەریتێکی سیاسییە. نەریتی پشتبەستن بە هێزی ڕێکخراوی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لێک هەڵپێکانی ئازادی لەگەڵ یەکسانی و ژیانێکی باشتر، نەریتی دروستکردنی بونیادی ڕاستەقینەی دیموکراسی و دەسەڵاتدارێتی جەماوەر لە خوارەوە، ئەمەیە بنەڕەتیترین ئەزموونێکی کە تا ئێستاش زیندووە و ڕێگای داهاتووی گەشمان پیشان دەدات.
