کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وانەکانی شۆڕشێکی کە شکستی خوارد

تظاهرات 15 خرداد، تهران

٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ شۆڕشێکی جەماوەریی بەربڵاو بوو کە ستەم و سەرەڕۆیی پاشایەتی تێکشکاند و کۆتایی بە دوایین حکوومەتی پاشایەتی لە ئێران هێنا. دەزگای پۆلیسینیزامی شا، سیستەمی تاک حیزبی، سەرکوتی سیاسی و سووکایەتی کۆمەڵایەتی ملیۆنان کەس تێکڕووخا و خەڵک بۆ ساتێکی کورت خۆیان لە پێگەی خوڵقێنەرانی مێژووی خۆیاندا بینی. سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەو شۆڕشە لە لوتکەی سەرکەوتنیدا شکستی هێنا، هەڵبەت نەک بەو مانایەی کە ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی شکست بوو، بەڵکوو بەو مانایەی کە شۆڕش نەیتوانی ئەو ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری و ژیانە باشترە بەدەست بهێنێت کە لە پێناویدا خەباتیان کردبوو، وە لە هەناوی خۆیدا فاشیزمێکی ئایینی جینایەتکار سەریهەڵدا کە کۆمەڵگای تووشی نەهامەتییەکی بێ وێنە کرد. پرسیاری ٢٢ ڕێبەندانی ئەمڕۆ ئەوەیە کە بۆچی ئەو شۆڕشەی توانی ڕژێمی پاشایەتی بڕووخێنێت، نەیتوانی پێش بە دامەزراندنی ستەم و سەرەڕۆییەکی نوێ و قووڵتر بگرێت؟ شۆڕشی ڕێبەندان، شۆڕشێکی دژواز بوو. تەرکیزی دروشمی سەرەکی شۆڕش لەدژی دەسەڵاتی پاشایەتی ئەوەندە قورس بوو کە خەڵک بە تەواوی دەیانزانی چییان ناوێت، بەڵام هیچ وێنایەکی ڕوونیان نەبوو لەوەی کە چییان دەوێت و چۆن بەدەستی بهێنن. “نابۆ شا گشتگیر و یەکگرتوو بوو، بەڵامبەڵێبۆ داهاتوو، ناڕوون و پرشوبڵاو بوو. ئەم ناڕوونییە بۆشایییەکی گەورەی لەناو ڕیزی جەماوەریی بزووتنەوەکە و داواکارییە ڕەواکانی و ڕێبەرایەتی کۆنەپەرستانەی بزووتنەوەکەدا دروستکرد. کاتێک بەشێک لە هەژاران و چەوساوەکان کەوتنە شوێن ئاخووند و مەلا کۆنەپەرستەکان بە ڕێبەرایەتی خومەینی، هێزێکی بەرین کەوتە دەست کۆنەپەرستانی ئیسلامی، هێزێک کە نەک لە وشیاریی سیاسی دیموکراتیک، بەڵکوو لە تۆڕەکانی بەسیجی ئایینی و فەرهەنگی گوێڕایەڵی و بەڵێنیچارەسەری هەموو شتێک لای ئیسلامە، وزەی بەدەست دەهێنا.

ئاخووندە کۆنەپەرستەکان خاوەن پێگە و باڵادەستییەکی ئەوتۆ و چارەنووسساز بوون کە زۆرێک لە هێزەکانی دیکە لێی بێبەش بوون. هێزێکی ڕێکخراوەیی کە ئامرازەکانی وەک ڕێکخراوە و ناوەندە ئایینییەکان، دەستەی ماتەمینی، مزگەوت، مینبەر و میسیۆنەری خاوەن عەمامە و بێ عەمامەیان لە هەر گۆشە و کەنارێکی ئێراندا لەبەردەستدا بوو. هەموو ئەمانە تۆڕێکی ئامادەبەکاری سەرتاسەری بوو کە دەیتوانی پەیامەکە بگەیەنێت و هێز کۆبکاتەوە و نەزم دروست بکات و پێگەی نەیارەکەی لاواز بکات. ئەم تۆڕە پێویستی بە مۆڵەتی فەرمی نەبوو، ساڵانێک وەکحکومەتێک لەناو حکومەتێکدابوونی هەبوو، وە لە لوتکەی شۆڕشدا، بە خێرایی مەیدانەکەی گرتەدەست. لە ئەنجامدا دروشمە جەماوەرییەکان، لەژێر گوشاری کاریگەریی مەلا و ئاخووندە کۆنەپەرستەکان و دام و دەزگا تەبلیغاتییەکەی، وەرگێڕدرایە سەرکۆماری ئیسلامی، وەرگێڕانێک کە لە ڕووکەشدا بەڵێنی کۆماریی دەدا بەڵام بە کردەوە دەوڵەتێکی ئایدیۆلۆژیی دروستکرد کە دواتر بوو بە فاشیزمێکی مەزهەبی بەتەواو مانا و زەبرێکی قورسی لە زۆربەی دەستکەوتە مۆدێرنەکانی خەڵکی ئێران، هەر لە شۆڕشی مەشرووتەوە بگرە تا ئەزموونە ئازادیخوازانەکانی تا ئەوکاتی دا. سەرکوتی ڕێکخراو، لەناوبردنی نەیار، هەڵاواردن لە دژی ژنان و نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران، کپکردنی دامودەزگا سەربەخۆکان و گۆڕینی ئایین بۆ ئامرازێکی هێز، بوو بە ڕەوتێکی ئاسایی لە ژیانی ژێر دەسەڵاتی نیزامی نوێدا. بەڵام ٢٢ی ڕێبەندان تەنها ڕۆژی یادکردنەوە لە شکستێکی مێژوویی نییە، بەڵکوو ڕۆژی وانە وەرگرتنیشە بۆ ئەمڕۆ. ئەگەر شۆڕشی داهاتووی ئێران نایەوێت چارەنووسی شۆڕشی ١٣٥٧ی بەسەردا بێت، دەبێ لە دژوازییەکانی ئەو شۆڕشە وانە وەربگرێت و ئەمجارە، سەرکەوتنی شەقام بە سەرکەوتنی سیاسەت و ڕێکخستن و بنیاتنانی داهاتووەوە گرێبدات.

وانەی یەکەم ئەوەیە کە نابێت ڕێگە بدرێت شۆڕش لە نیوەی ڕێگادا تووشی نسکۆ بێت. ساڵی ١٣٥٧، ڕێک لەو کاتەدا کە شۆڕا جەماوەرییەکان لە شوێنە جۆراوجۆرەکان، لەوانە لە پیشەسازی نەوت، لە ناوەندە کرێکاریی و کارمەندییەکان و تەنانەت لە گەڕەکەکانیشدا پێکدەهات، هەوڵەکان بۆ وەستاندنی شۆڕش دەستیپێکرد. هێشتا هاوسەنگی هێز بە قازانجی بزووتنەوەی ئیسلامی جێگیر نەببوو، بەڵام میکانیزمەکانی گواستنەوەیەکی کۆنترۆڵکراو چالاک کرابوون. بەرپرسانی زلهێزە سەرمایەدارییەکان، کە نیگەران بوون لە ئەگەری بەهێزبوونی پێگە و نفووزی سۆڤیەت، لە لوتکەی ململانێی جەنگی سارددا، بە خێرایی کەوتنەخۆ. لە دانیشتنی گوادالۆپدا گەیشتنە ئەنجام و ئەرتەشی شایان کە پایەی سەرەکی مانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بوو، ڕازی کرد لەگەڵ بەدیلە ئیسلامییەکە سازش بکات. دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو کە شۆڕش بەر لەوەی ناوەندە و دامەزراوە دیموکراتیک و جەماوەرییەکانی بە ڕادەی پێویست، جێگیر بن، بە ئاقارێکی دیکەدا برا ودامەزراوە نوێیەکانی سەرکوتخێراتر لەدامەزراوەکانی ئازادیپێک هات. ئەمڕۆ مەترسی دووبارەبوونەوەی هەمان لۆژیکی وەستان و بەلاڕێداچوون لە ئارادایە. لەلایەک سەڵتەنەتخوازان خۆیان لەوە خۆشکردووە کە بگەن بە تەختی دەسەڵات و بە پشتبەستن بە پشتیوانی دەرەکی بەتایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی گەڕاندنەوەی سەرلەنوێی دەسەڵاتە لەدەستچووەکەیان دەدەن. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا لە ژێر سایەی شەڕ یان هەڕەشەی شەڕدا، بە دوای دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤی دڵخوازی خۆی لە ناوخۆی ئەم ڕژێمەوەیە. بەدیلێک کە ڕەنگە لە ڕووکەشدا نەرمتر بێت، بەڵام مەرج نییە بە مانای ئازادی و دادپەروەری بۆ خەڵکی ئێران بێت. ئەگەر شۆڕش لە نیوەی ڕێگادا تووشی نسکۆ بێت، لەوانەیە پرۆسەیگۆڕینی ڕژێمبۆگۆڕینی هەیکەلی دەسەڵاتکورت بکرێتەوە و ڕەوڕەوەی ستەم و سەرەڕۆیی سەرلەنوێ بەرهەم بهێنرێتەوە.

وانەی دووەم ئەوەیە کە نابێت ڕێگە بدرێت شۆڕش ببێتە قوربانی ئامانجە ناڕوونەکانی خۆی. لە مانگەکانی کۆتایی دەسەڵاتی شادا، ئاوات و ئارەزووەکانی خەڵک بۆ ئازادی و ژیانێکی باشتر، کەوتە ژێر کاریگەریی دروشمە نەرێنییەکان. “مەرگ بۆ شاببوو بە خاڵی کۆکەرەوەی جەماوەر، بەڵام وەڵامێکی ڕوونی بەو پرسیارە نەدایەوە کە دەبێ چ سیستەمێک جێگەی بگرێتەوە، مافە سەرەتاییەکانی خەڵک چۆن دەستەبەر دەکرێت، ڕۆڵی ئایین لە حکوومەتدا چییە، مافی ژنان و نەتەوە و کەمینەکان چی دەبێت، پەیوەندییەکانی نێوان کار و سەرمایە چۆن ڕێکدەخرێن و میکانیزمەکانی ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی سەرلەنوێی ستەم و سەرەڕۆیی چی دەبێت. ناڕوونیی ئامانج، مەیدانی دا بە هێزێکی خاوەن بەرنامەیەکی هەرچەند کۆنەپەرستانە بەڵام یەکدەست و ڕێکخراوی ئەوتۆ بوو کە دەیتوانی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت. ئەگەر شۆڕشی داهاتووی ئێران نەتوانێت ئاسۆیەکی ڕوون و شیاوی تێگەیشن لە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بخاتەڕوو، بێگومان لەگەڵ هەمان مەترسی بەرەوڕوو دەبێتەوە. وانەی سێیەم ئەوەیە کە ئەڵتەرناتیڤی ڕێژیمی ئیسلامی لە بنەڕەتدا لەسەر بەستێنی شەڕ و ململانێکانی ئێستا و لە ناوخۆی وڵاتدا پێک دێت. ئیسلامی سیاسی لە ساڵی ١٣٥٧دا تەنیا بەهۆی ئایدۆلۆژیا یان کاریزمای خومەینی نەبوو کە سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بەڵکوو لەوەش گرنگتر، بەهۆی هەیکەلی ڕێکخراوەیی نافەرمی ئایینی شیعە بوو، کە ساڵانێک بوو وەکدەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدامامەڵەی دەکرد و ئامرازەکانی کۆکردنەوە، پارە، تەبلیغات و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها ڕێبەریی لەبەردەستدا بوو. ڕژێمی شا ئەم ڕەوتەی تەحەمول کرد و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا ئیمکانی بەهێزبوونی پێدەدا. هێزەکانی تر تەنانەت ئەگەر لە مەشروعییەت و جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتیش بەهرەمەند بووبێتن، بەڵام ڕێکخستنێکی خاوەن ڕەگ و ڕیشەیان نەبوو.

کەواتە، بۆ ئەوەی شۆڕشی داهاتوو سەربکەوێت، هیچ ڕێگەیەکی تر بوونی نییە جگە لەوەی کە دەبێ پرۆسەی ڕووخاندن لە هەمان کاتدا پڕۆسەی داڕشتنەوەی دەسەڵاتی داهاتووش بێت، واتە پێویستە لەسەر بەستێنی خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، دامەزراوەکانی سیستەمی نوێش بنیاتبنرێن: ڕێکخراوە خۆجێییە بەردەوامەکان، شۆڕا و کۆڕ و کۆمەڵەکان لە شوێنی کار و ژیان، تۆڕی هاوپشتی و بەرگریکردن لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵک و میکانیزمەکانی بڕیاردانی بەکۆمەڵ، کە هەم بتوانن نوێنەرایەتی ویست و داواکارییە هەنووکەییەکان بکەن و هەم داهاتووی گۆڕانکاریی دیموکراتیک و ژیانێکی باشتر گەرەنتی بکەن. ئەگەر بڕیارە ٢٢ی ڕێبەندان تەنیا ساڵڕۆژێک نەبێت و ببێتەوانەیەکی سیاسی، پەیامەکەی ڕوونە: شۆڕش بەبێ بوونی ئاسۆیەکی ڕوون، بەبێ ڕێکخستنی سەربەخۆ و بەبێ پێکهێنانی ناوەندە و دامەزراوەی دیموکراتیک، دەتوانێت بکەوێتە دەستی هێزێک کە ئەگەر لە ناوخۆی کۆمەڵگاشەوە سەرهەڵبدات، بەڵام لە دژی کۆمەڵگا حوکم دەکات. ٢٢ی ڕێبەندان ئەزموونێکی مێژووییە کە هەم توانایی و پۆتانسێلی بەهێز و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران نیشان دەدات و هەم هۆشدارییەکە سەبارەت بەو مەترسیانەی کە دەتوانن ببنە هۆی نسکۆی شۆڕش. پێویستە وانەکانی ساڵی ١٣٥٧ ببێتە هەوێنی هۆشیارییەکی قووڵتر لەو بزووتنەوەی ئێستادا. ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێران بە بەراورد لەگەڵ ٤٧ ساڵ لەمەوبەر، بە ئەزموونتر، وشیارتر و لێبڕاوترە. ژنان له  ڕیزی پێشەوەی خەباتدا وەستاون و بزووتنەوەکەیان کردووە بە بزووتنەوەیەک بۆ ئازادی ڕاستەقینە. ٢٢ی ڕێبەندان وەبیرهێنەروەی ئەو ڕاستییەیە کە شۆڕشێکی بێ ئەڵتەرناتیڤی ڕوون، بێ ڕێکخستنی جەماوەری و بێ ئاگایی لە پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، دەتوانێت کارەساتی لێبکەوێتەوە. بە وانە وەرگرتن لەم ئەزموونە تاڵە، دەتوانین ڕێگا بۆ سەرکەوتنی ڕاستەقینە خۆش بکەین