ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندان ئاژانسی هەواڵی “هرانا” بڵاویکردەوە، له سی و پێنجەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، کۆی گشتیی کوژراوانی ئهم دوایانه گەیشتووەتە ٦ هەزار و ٧١٣ کەس.
پێشهاتەکانی ئەو ڕۆژە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر زیادکردنی فشاری ئەمنی لەسەر گرووپە پیشەییەکانی کۆمەڵگا بەتایبەتی پارێزەران و کارمەندانی پزیشکی بووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەک پارێزەر دەستگیر یان بانگهێشتکراون و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون. جگە لەوەش سەپاندنی کەفالەتی قورس و دەرکردنی سزای زیندانی بۆ بەشێک لە دەستگیرکراوەکان هەروا بەردەوامە. لە بواری چاودێری تەندروستیدا، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی فەرمی، ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک پزیشک و کارمەندی پزیشکی دەکەن بە تۆمەتی چارەسەرکردنی بریندارەکان لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا. هەروەها دەستبەسەرکردنی چالاکانی پیشەیی کرێکاری، مامۆستایان، خوێندکاران و هاوڵاتیان لە شارە جیاجیاکان بەردەوامە و لە هەندێک حاڵەتیشدا دەستگیرکراوەکان بۆ شوێنی نادیار گواستراونەوە و ڤیدیۆی بەناو دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ بڵاوکراوەتەوە.
