ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندان، شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی گرێبەست و نافەرمی نەوت، بەیاننامەیەکی توند و ناڕەزایەتییان بڵاوکردەوە و تیایدا ئیدانەی کوشتاری خۆپیشاندەران و سەرکوتەکانی ئەم دواییەیان کرد و ڕایانگەیاند کە بە هیچ ڕێژەیەک لە کوشتن ناگەڕێنەوە بۆ بارودۆخی پێشوو.
لەم بەیاننامەیەدا کرێکارانی نەوت وێڕای ئاماژە بە گیانلەدەستدانی خۆپیشاندەران، ڕایانگەیاندووە کە هاوسۆز و هاوپشتی بنەماڵەی دادخوازانن و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەریایەکی خوێن لە نێوان خەڵک و حکوومەتدا دروست بووە، ئەمەش وایکردووە هەر سازشێک مەحاڵ بێت. کرێکارانی نەوت هەروەها ڕایانگەیاندووە کە لە کاردانەوە بە سەرکوت و کوشتار، مانگرتن و کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەخەنە بەرنامەی کاری خۆیانەوە بۆ ئەوەی دەنگی داخوازیی خەڵکی ئێران بە گوێی جیهان بگەیەنن. ئەوان هەروەها خوازیاری ئازادی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی سەرجەم دەستگیرکراوان و ڕاگرتنی لەسێدارەدان و کۆتاییهێنان بە سەرکوت و هەڵوەشاندنەوەی هەر چەشنە کەشێکی ئاوارتە بوون.
