بیست و پێنجەمی نوامبر وەبیرهێنەرەوەی خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی ملیۆنان ژنی ئازادیخوازە لە سەرانسەری جیهان لەدژی ستەم و هەڵاواردن و توندوتیژیی سیستەمی چینایەتی پیاوسالار. ئەم ڕۆژە بانگەوازێکە بۆ لەقاودان و خەبات لەدژی ئەو پێکهاتانەی کە سەرچاوەی توندوتیژی دژی ژنانن و پەرەی پێدەدەن و بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوەی دەبەن. دونیای ژێر هەژموون و دەسەڵاتی نیۆلیبرالیزم تەژییە لە توندوتیژی دژ بە مرۆڤ و سروشت کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بەشێکە لە ڕۆڵ و کردەوەی ئەم سیستەمە سیاسی و ئابوورییە چینایەتی و پیاوسالارە، کە بە شێوازی جۆراوجۆر ستەم و توندوتیژی بنەماڵەیی، دەوڵەتی و کۆمەڵایەتی دژ بە ژنان بەکاردەهێنێ و دەیانکاتە قوربانی. توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی جیهانییە. چونکە لە سیستمی زاڵ بەسەر جیهاندا، ستەم لە دژی ژنان بەشێکی دانەبڕاو و پێویستیی ڕۆڵ و کردەوەی ئەو سیستەمەیە.
ئەمڕۆ سەرەڕای خەبات و تێکۆشانێکی هەمەلایەنە و بەربڵاو لە ئاستی جیهاندا دژ بە توندوتیژی بۆسەر ژنان، بەردەوام شاهیدی بڵاوبوونەوەی هەواڵی توندوتیژی بەربڵاو دژ بە ژنان لە کۆمەڵگا و لە بنەماڵەداین. بەرهەڵستی دەسەڵاتە ئیسلامییەکان لە بەرامبەر ویست داواکارییەکانی ژنان، سیمایەکی سیاسیی هەرچی زیاتری بە بزووتنەوەی ژنان بەخشیوە. لەبەر ئەوەی کە ژنان لەدژی دەسەڵاتە سیاسییە پیاوسالاری و ئایینییەکان خەبات و تێکۆشان دەکەن. توندوتیژی لەناو بنەماڵە و کۆمەڵگادا بە پاڵپشتی ئەم دەسەڵاتانە لە ئاستێکی بەربڵاودا بەکردەوە دەردێت. دەوڵەت و دامودەزگاکانی سەر بە دەوڵەت، لە ژێر پاساوی فەرهەنگ و نەریتی ئایینی و خێڵەکیدا، تاوانباران دادگایی ناکەن و سزایان نادەن. بێگومان فاکتەرە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە. کۆمەڵگا هەرچی زیاتر تووشی قەیرانی ئابووری و سیاسی و دۆخی شەڕلێدراو بێت، چینی دەسەڵاتدار بۆ مانەوە و کۆنترۆڵکردنی دۆخی هەبوو، زیاتر پەنا دەباتە بەر ڕێوشوێن و ئامرازەکانی سەرکوتکردن و بەکارهێنانی توندوتیژی. هاوکات هەرچەندە توندوتیژی لە کۆمەڵگادا زیاتر تەشەنە بکات، ژنان زیاتر لەگەڵ توندوتیژی بەرەوڕوو دەبنەوە. وەک ئەوەی هەر ئێستا لە سودان، غەززە و فەلەستین، ئۆکراین، ئەفغانستان و ئێران دەبینرێت.
توندوتیژی بنەماڵەیی دژی ژنان باوترین جۆری توندوتیژی دژ بە ژنانە، کە لەلایەن پیاوانی بنەماڵەوە بە مەبەستی زاڵکردنی هەژموون و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر بنەماڵە و ملکەچ و گوێڕایەڵکردنی ژنان بەڕێوە دەچێت. توندوتیژی دژی ژنان لە بنەماڵەدا تەنها لە توندوتیژی جەستەییدا بەرتەسک نابێتەوە، بەڵکوو هەر لە توندوتیژیی زارەکی و سوکایەتی پێکردن و بێ حورمەتی بە ژنانەوە کە هەر لە سەرەتای منداڵییەوە دەست پێدەکات بگرە تا بێبەشکردن لە کار و خوێندن، وابەستەیی ئابووری بە پیاوی بنەماڵە و تەنانەت ئەگەر ژنەکە کارێکیشی هەبێت، کوشتن لەژێر ناوی شەرەف، فرۆشتنی کچان، هاوسەرگیری لەسەردەمی منداڵی، هاوسەرگیری زۆرەملێ، دەستدرێژی لەناو بنەماڵە و خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنانیش دەگرێتەوە، کە بەردەوام زیان بە ژنان دەگەیەنێت و دەیانکاتە قوربانی. ژنان بەردەوام لەگەڵ توندوتیژی ڕاستەوخۆی دەوڵەت لە کۆمەڵگادا، وەک سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، هەڵاواردنی ڕەگەزی، بەبیانووی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە شوێنە گشتییەکان لەگەڵ ئەو پیاوانەی کە ئەندامی بنەماڵە نین، بەشداریکردن لە چالاکییە سیاسی و هونەرییەکان بەرەوڕوو دەبنەوە، دەستبەسەر و ئەشکەنجە و زیندانی دەکرێن. هەموو ئەم توندوتیژیانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە پشتیوانیی نەزمی هەنووکەیی و یاسا و ڕێسای پیاوسالاری و سیستەمی دژە ژن بەڕێوە دەچێت.
خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان خەباتێکی هەمەلایەنە و ڕێکخراوە لەدژی تەواوەتی سیستەمی سەرکوتگەر، چەوسێنەر و دژە ژن و پێویستی بە پشتیوانیی و هاوپشتی بزووتنەوە ئازادیخواز و عەداڵەتخوازەکانی دیکەی کۆمەڵگا هەیە. بەخۆشییەوە لە ئێران پتر لە یەک دەیەیە کە بزووتنەوەی ژنان ڕوو لە پەرەسەندنە و لە ئاخێزی ساڵەکانی ٩٦ و ٩٨دا ئاراستەیەکی سیاسی و جەماوەریی بەخۆیەوە گرت و لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی“دا کە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە پێکهاتەی بزووتنەوەی دژ بە ستەم و سەرەڕۆیی خەڵکی ئێراندا هێنایە ئاراوە، گەیشتە لوتکە. ئێستا دەتوانین بڵێین سەرەڕای هەموو سەرکوتگەرییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و بە تایبەتی ژنان، لێبڕاوانە بڕیاریان داوە ئەمجارە و بۆ هەمیشە خۆیان لە چنگی ئەو سیستەمە دیکتاتۆرییە ڕزگار بکەن. ویست و داواکارییەکان بەشێوەیەکی ڕیشەیی و ڕادیکاڵتر بەرەوپێش دەبەن و ژنان لە دژی ئەم سیستەمە ڕاپەڕیون و دژ بە یاسا و ڕێسای هەبوو دەستیانداوەتە خەبات و تێکۆشان. سەرکەوتن لەم بوارەدا پێویستی بە خەباتێکی ڕێکخراو هەیە کە هەموو چین و توێژە ستەملێکراوەکانی کۆمەڵگا خۆیانی تێدا ببیننەوە.
ئێمە لەم بۆنە جیهانییەدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی هەموو ئەو ژنانەی کە لە پێناو ئازادیدا گیانیان بەختکردووە یان هەرئێستا لە زیندانەکانی ڕژیمدا بەسەر دەبەن، جارێکی دیکە لەسەر پێویستی خەباتێکی ڕێکخراو، وشیارانە و ڕادیکاڵ لە دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی پێکهاتەیی و تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی دژ بە ژنان جەخت دەکەینەوە و لەو باوەڕەداین کە خەبات لە دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات لەپێناو هەڵتەکاندن و لەگۆڕنانی سەرلەبەری ئەو سیستەمە ستەمکارە و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و ئازاد و دادپەروەر. تەنیا بە گۆڕینی بنچینەیی پێکهاتەکانی دەسەڵات و ڕیشەکێشکردنی سیستەمی چینایەتی پیاوسالار، دەتوانرێت ڕزگاری ڕاستەقینەی ژنان بەدیبهێنرێت.
کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٢ی نوامبری ٢٠٢٥
