کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەممەدی

photo 2025 08 20 19 51 51

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەممەدی

دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە کردەوەیەکی نامرۆڤانەدا، سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی هەڵسووڕاوی کرێکاریی پشتڕاستکردەوە. شەریفە محەممەدی، کە یەکێکە لە هەڵسووڕاوانی ناسراوی بزووتنەوەی کرێکاریی، مانگی سەرماوەزی ١٤٠٢ دەستبەسەر و مانگی پووشپەڕی ١٤٠٣ بە تۆمەتی بێبنەمای “بەغی” (خەباتی چەکداری) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. ئەگەرچی ئەم سزایە مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بەهۆی گوشار و ناڕەزایەتی ئازادیخوازان هەڵوەشایەوە، بەڵام ئێستا سیستەمی قەزایی نامرۆڤانەی ڕێژیمی ئیسلامی سەرلەنوێ سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەم هەڵسووڕاوە کرێکارییە دەرکردۆتەوە.

ئەم سزا نامرۆڤانەیە کردەوەیەکی سیاسی و ئەمنییەتی ئاشکرایە لە دژی چینی کرێکاری ئێران و بەمەبەستی سەرکوتکردنی تێکۆشەرانی ئەم بزووتنەوەیە. شەریفە محەممەدی بەهۆی خەبات لەپێناو پێکهێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان، کراوەتە ئامانج. ڕێژیمی ئیسلامی و سەرمایەدارانی پشتیوانی، لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی کرێکاران و خەباتی بەردەوامیان دەترسن، چونکە ئەزموونی مێژوویی مانگرتنەکان، بە تایبەت مانگرتنی کرێکارانی نەوت لە کاتی ڕووخانی ڕژیمی شا، نیشانی داوە کە هێزی ڕێکخراو و یەکگرتووی چینی کرێکار دەتوانێت هەر دیکتاتۆرێک بەچۆکدا بهێنێت.

دەسەڵاتی دادوەری ڕێژیمی ئیسلامی ناوەندێکی ئەمنییەتی و سەرکوتگەرەکە ئەرکی بریتییە لە سەرکوتکردنی هەر ناڕەزایەتییەکی ئازادیخوازانە. ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە بە توندترین شێوە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتە ئامانج و بە تایبەتی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاریی، بەمەبەستی لاوازکردنی هەرچی زیاتری خەباتی چینی کرێکار،  دەخاتە ژێر گورزی سەرکوتگەرانەی خۆیەوە.

بەڵام سەرەڕای ئەوەش بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران هەرگیز تەسلیمی ئەوهەلومەرجە سەرکوتگەرانە نەبووە و وازی لە خەبات و تێکۆشانی خۆینەهێناوە و ناهێنێت. ئەم بزووتنەوەیە باش دەزانێت کە تەنیا لە ڕێگەی یەکڕیزی، وشیاریی، خەباتی شێلگیرانە و ڕێکخراوبوونەوە دەتوانرێت بەسەر هەژاری و ستەم و چەوساندنەوەدا زاڵ بێت.

کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی، داوا لە سەرجەم هێز و لایەنەئازادیخوازەکان، ڕێکخراوە کرێکارییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەو سزا نامرۆڤانەیە بەرزبکەنەوە و هەوڵبدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەتەواوەتی سزای لەسێدارەدان لەئێراندا.

کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٥