ڕۆژی پێنجشهممه ٢ی گهلاوێژ، ئاگر له پووش و پاوانی چیای ئاویهر كهوتهوه و وەکوو هەمیشە دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە بەرامبەر بەم ڕووداوە خەمسارد بوون. لە حاڵێکدا کە مەترسی بڵاوبونەوەی ئاگر لەسەر هەموو ناوچەکە بوو، تێکۆشەرانی ژینگەپارێزی شاری سنە بەخێرایی قۆڵی هیمەتیان هەڵماڵی و بە کەرەستەی سەرەتایی و لەڕاستیدا بەدەستی بەتاڵ، چوونە شەڕی ئاگرەکە و سەرەنجام دوای چەند کاتژمێر ئاگرەکە کۆنترۆڵکراو و دامڕکایەوە. بەداخەوە لەم ڕووداوەدا، لاوێکی ژینگە پارێزی شاری سنە بە ناوی حەمید مورادی گیانی بەختکرد و چوار تێکۆشەری دیکەش بە ناوەکانی محهممهد حسێن پهناهی، ئاریاس سهلیمی، خهبات ئهمینی و چیا یووسف نەژاد بریندار بوون.
ههموو ڕۆژێک ههواڵی ئاگر گرتنی گۆشهیهك له سروشتی جوان و سهرسهوزی چیاکانی زاگروس بڵاو دەبێتەوە. وەک بڵێی چارهنووسی چارهەڵنەگری ئهم ناوچەیە ئەوەیە كه ههموو ساڵێک له مانگهكانی جۆزهردان و پووشپهڕدا ئاگر له گیانی بهربێ. سپای پاسداران کە گەڵێک جار خۆی هۆکاری خوڵقاندنی کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و چیاکانی زاگروسە، بەم هەموو کەرەستە و ئیمکاناتە مودێرنەش کە لەبەردەستیدایە، چکۆلەترین جوڵەیەک ناکات و کۆنتڕۆڵی کارەساتەکە بۆ خەڵکی ناوچەکە بەجێ دەهێڵێت.
دوای ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی ڕۆژی پێنج شەممە، جەماوەری شاری سنە خرۆشان و لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا تەرمی حەمیدی مورادییان بە سرودی شۆڕشگێڕانە و بەرزکردنەوەی دروشمی توڕەیی و ناڕەزایەتی، لە ئارامگای بەهەشتی مەحەمەدی شاری سنە ئەسپەردە کرد.
ئێمە وێڕای دەربڕینی ئەوپەڕی پەژارەی خۆمان بۆ گیانبەختکردنی هاوڕێ حەمید مورادی، سەرەخۆشی دەکەین لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و خەڵکی شاری سنە و هەموو کوردستان و هێوای چاکبونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٣ی پوشپەڕی ١٤٠٤ ی هەتاوی