ڕاگەیاندنی هاوبەشی
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
وحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران
شەپۆلێکی گرتن و ئێعدام و دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە ئێران دەستی پێکردووە. کۆماری ئیسلامی دەیەوێت تۆڵەی شکستە سەربازی و سیاسییە سەرشۆڕانەکانی خۆی لە جەماوەر بکاتەوە و لە سەرانسەری وڵات دەستیکردووە بە هەڕەشە، بانگهێشتکردن، گرتن و ئێعدام و سزای ئێعدامی زیاتری دەرکردووە. پێنج زیندانی سیاسی بە ناوەکانی عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سۆڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بیگزادە بابامیری و تەیفور سەلیمی بابامیری، بە تۆمەتی “بەغی“، “چالاکی چەکداریی“، “پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری“، “هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل“، “پڕوپاگەندە لەدژی نیزام” و “قاچاخی ئامێرەکانی ستارلینک مەحکووم کردووە“. ئەم پێنج کەسە کە نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بوکان دەستبەسەر کرابوون، چەند مانگێکە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە توندی ئەشکەنجە دراون و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆیان کراون و مەترسی ئەوە هەیە کە دام و دەزگای ئینسانکوژی کۆماری ئیسلامی ئەم کەسانەش هەروەک ئەو سێ کۆلبەرەی کە ماوەیەک لەمەوبەر لەسێدارەیدان، ئێعدام بکات. لە شاری ئەهواز سێ زیندانی سیاسی بە ناوەکانی عەلی موجدەم، موعین خەنفەری و محەممەد ڕەزا موقەدەم کە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێنراوە، لە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ەوە گواستراونەتەوە بۆ زیندانی تاکەکەسی و گیانیان لە مەترسیدایە. ئەم سزا نامرۆڤانە بە مەبەستی چاوترسێن کردنی کۆمەڵگا و لەدژی سەرجەم خەڵکی بێبەش و ئازارچێشتوو لە سەرتاسەری وڵات بەڕێوە دەچێت و دەبێ ڕێگرییان لێبکەین.
حکوومەت بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە سەرکوت و ئینسانکوشتن هەیە و لە ڕێگەی لەسێدارەدانەوە درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. ئەم سزا و ڕێوشوێنە سەرکوتگەرانەی حکوومەت، نیشانەی ترسی دەسەڵاتدارانە لە ئەگەری سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی ئاخێزی جەماوەریی. بەرپرسانی حکوومەت دەزانن کە کۆمەڵگا تەژییە لە توڕەیی و نەفرەت و دەرکردنی ئەو حوکمە جینایەتکاریانە بۆ ڕێگریکردنە لە هاتنەوە مەیدانی جەماوەر.
لە هەلومەرجی ئێستادا، کە حکوومەت لە هەموو کاتێک داماو و ڕسواترە، بە پشتبەستن بە ئەزموونە بەنرخەکانی جەماوەر لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بە پشت بەستن بە بوونی هەزاران چالاکی کرێکاری و کۆمەڵایەتی، بزووتنەوەی بەهێز و ڕزگاریخوازانەی ژنان کە بینای حیجابی زۆرەملێیان بەسەر دەسەڵاتدا ڕووخاندووە، بزووتنەوەی بەربڵاوی دادخوازی، تێکۆشەرانی بزووتنەوەی دژی لەسێدارەدان، گەنجان و خوێندکاران و هونەرمەندان و چالاکانی سیاسی و هەروەها ئەو ملیۆنان خەڵکەی کە بەرەو هەژاری و بێبەشیی پاڵپێوە نراون، دەتوانین کۆمەڵگا بخرۆشێنین و یەکگرتووانە بەرامبەر بە هەر چەشنە نەخشە و پیلانێکی حکوومەت بوەستینەوە. ئێمە ئەوەمان زۆر جار و تایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوودا نیشان داوە.
بانگەوازی ئێمە بۆ جەماوەری ئازادیخواز لە سەرتاسەری ئێران ئەوەیە کە بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لە دژی حوکمی لەسێدارەدانی ئەو ئازیزانە بەرز بکەنەوە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکانیان و ئازادکردنی دەستبەجێی ئەوان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی بن. یەکڕیزیتان بەهێز بکەن. هاوسۆزیتان لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیانی زیندان پەرەپێبدەن. لە بەیاننامە و تۆماری ناڕەزایەتییەوە بگرە تا کۆبوونەوە لەبەردەم دام و دەزگا حکوومەتییەکان و کۆبوونەوە لە ماڵی ئەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، تا ئامادەبوون لە مەراسیمی گیانبەختکردووان و وتنەوەی دروشمی دژی لەسێدارەدان و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، هەموو ئەمانەمان ئەزموون کردووە و زۆر گرنگە لە هەلومەرجی ئێستاشدا پەرەیان پێبدەین.
دەرکردنی سزای لەسێدارەدان دەبێ ڕابگیرێت و سەرجەم زیندانیانی سیاسی دەستبەجێ و بەبێ شەرت و مەرج ئازاد بکرێن.
حیزبی کۆمۆنیستی حیزبی کرێکاری ئێران و
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ بەرامبەر بە ١٣ی ژوئیەی ٢٠٢٥