کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەی هاوبەش

ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەی هاوبەش

ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەی هاوبەش

بەم جۆرە ئاگادارتان دەکەین کە رۆژی سێشەممە، ١٣ی جۆزەردان، کۆبوونەوەیەک لە نێوان دوو هەیئەت لە سەرکردایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.

بەشداربووان لە لایەن کۆمەڵەی شۆڕشگێڕەوە:

بەڕێزان:

عەبدوڵڵا موهتەدی

عومەر ئیلخانی‌زادە

ناهید بەهمەنی

عەبدوڵڵای ئازەربار

ئیدریس کولاهدووزی

لە لایەن کۆمەڵەی کۆمۆنیستەوە:

بەڕێزان:

ئیبراهیم عەلی‌زادە

گەلاوێژ ڕۆستەمی

جەمال بزورگپوور

ئەدیب وەتەن‌دۆست

شۆڕش کەریمی

پێویستە بگوترێ ئەم کۆبوونەوەیە لە درێژەی پەیوەندی دوو لایەن لە دوو سێ ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچووە. ئەم پەیوەندی و هاوکارییە تا ئێستا لە بوارگەلێکی وەک مانگرتنە گشتیەکان لە کوردستان، هاوکاری و هاوئاهەنگی لە سەر ئەو گیرۆگرفتانەی کە لە هەرێمی کوردستان بۆ هەردوولا هاتۆتە پێش، بەڕێوەچوون.

باسەکانی کۆبوونەوەکە

بارودۆخی سیاسی

لەم کۆبوونەوەدا بە تێروتەسەل باسی هەستیاربوونی بارودۆخی سیاسی ئێران و کوردستان کرا. هەڵسەنگاندنی هەردوولا لەسەر ئەم بابەتە لە یەکتر نزیک بوو. هەردوولا لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە ئەم بارودۆخە ئەرکی تایبەتی دەخاتە سەر شانی ئەو هێزانەی کە لە بزووتنەوەی کوردستاندا چالاکن. پێویستی بە کردارێکی خێرا و بەرپرسیارانە هەیە بۆ ئەوەی لە دەرفەتەکان کەڵک وەربگیرێ و مەترسیەکان بڕەوێنێتەوە.

چەتری هاوکاری

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە ئەو گیرۆگرفتانە کرا کە لە سەر ڕێگەی پێکهێنانی چەتری هاوکاری لە نێوان حیزب و ڕێکخراوە چالاکەکان لە کوردستان بوونیان هەیە.

سەبارەت بەم بابەتە، لایەنی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) باسی لەسەر چوار خاڵ کرد کە مەرجی پێویست بۆ شکڵگرتنی هەرچەشنە هاوکارییەکی پتەو و درێژخایەن لە نێوان ئەم هێزانەن:

یەکەم: بینینی هەر دانوستانێک لەگەڵ حکومەتی ناوەندی وەکوو پرسێکی نەتەوەیی کە هەموو لایەنەکان ڕاستەوخۆ تێیدا بەشدار بن و ڕێک نەکەوتنی بە جیا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی.

دووەم: بەڵێنی بۆ پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی لە کوردستان و بە تایبەت دەست نەبردن بۆ چەک لە کێشە و ناکۆکیەکانی ناوخۆ.

سێیەم: هەبوونی زەوابت و ئیلزاماتی هاوبەش بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیەکانی باڵای خەڵکی کوردستان.

چوارەم: بە فەرمی ناسینی مافی دەسەڵاتدارەتیی جەماوەر، هیچ لایەنێک بۆی نەبێ بە دوور لە دەنگی ئازادانەی خەڵک دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت.

لایەنی بەرانبەر ئەم سەرەتایانەی بە گرنگ زانی و باری سرنجی خۆی لە پێناوی وردکردنەوەی زیاتریان خستە ڕوو و قسەوباسی لەسەر کرا.

بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە

لە ئەنجامدا کۆبوونەوەکە بڕیاری دا کە:

یەکەم: ئەو هاوکارییانەی کە تا ئێستا بەڕێوە چوون بەردەوام بن.

دووەم: دانیشتن و گفتووگۆی دوولایەنە بەردەوام بێت لە پێناوی کار بۆ پێکهێنانی چەتری هاوکاری لە کوردستان بە شێوەیەک کە هیچ لایەنێک کەم یا زۆر چالاک بێت، پەراوێز نەخرێت.

دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤

۴ی ژوئن ٢٠٢٥