سازمانی پزیشکی قانونی رژیمی كۆماری ئیسلامی رایگەیاندووە کە لە ماوهی ٥ ساڵی رابردودا ٩٧ هەزار و ٢٧٢ کەس لە جادەکانی وڵاتدا بەهۆی رووداوی شۆفیریەوە گیانیان لەدەست داوە. واتە دەکرێ بوترێت کە بە شێوەی مامناوەند رۆژانە ٥٤ کەس لە ئێران دەبنە قوربانی رووداوی جادەکان. ساڵی ڕابردو نزیکەی ١٧ هەزار کەس لە رووداوی جادەکاندا گیانیان لهدهستدا. تەسادوفی ڕانەندەگی لە ئێران یەکێک لە سێ هۆکاری سەرەکی مەرگ و میرە کە ساڵانە هەزاران کەس دهكاته قوربانی و هەزارانی تریش توشی کەمئەندام بوون دەکات. بەڵام ئامارە جیهانیەکان دەڵێن ئێران پێنجەمین وڵاتی خاوەن زۆرترین تەلەفاتی جادەییە لە دنیادا.لە لایەکی ترەوە ٢٤١ هەزار کوژراو و سێ ملیۆن و ٦١٥ هەزار بریندار، ڕەقەمێکە کە بۆ تەلەفاتی رووداوی رانهندهگی ئێران لە دەیەی ٨٠ دا بەراورد کراوە. بەمجۆرە کۆی کوژراوەکانی روداوی ڕانەندەگی لەم ١٠ ساڵەدا لە کۆی کوژراوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاقیش زیاترە و تەسادوفات هەردوو ساڵ جارێک بە ئەندازەی بومهلەرزەکەی بەم، لە ئێراندا خەڵک دەکوژێ.کارەساتی ئینسانی لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی، تەنیا بە پەسەرەسەندنی ئاستی جەنایەتەکانی رۆژانەی حکومەتەوە بەرتەسک نابیتەوە. هەموو جۆرە رووداوێکی قابیلی پێشگیریش لە کەمیندان تا گیانی ئینسانەکان بستێنن. کۆماری ئیسلامی تەنیا لەبەر کوشتنە بە ئانقەستەکان نییە کە خاوەنی پلەی یەکەمە لە دنیادا، ئەم ڕژیمە شوێنی کار و ژیانی سروشتی کرێکاران و زەحمەتکێشانیشی کردوەتە کەمینگای مەرگ. لە هەموو ئان و ساتێکدا دەکرێ شاهیدی رووداوێکی دەڵتەزێن، رووداوێکی چاوەڕنەکراو و کارەساتێکی ئینسانی بین.ئەم ڕژیمە لە حاڵێکدا کە خۆی کات و سات و سهعات و رۆژی مەرگی ئینسانەکان دیاری دەکات، بە شاراوەیی و بە ئاشکرا، پەتی مەرگ دەخاتە ملی ئینسانەکان، بەشێوەیەک شوێنی کار و ژیانی ئینسانەکانی نائەمن کردوە هیچ رۆژێک نییە کە هەواڵێکی دڵتەزێن نهبیسترێ. ڕێژەی مەرگ و رووداوە شیاوی پێشگیری و پێش بینیەکان و رووداوە سروشتی و شیاوی پێش بینی نەکرانەکان، گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی مومکین.
مەرگ و میر بەهۆی پیس بوونی هەوا، مەرگ و میر بەهۆی رووداوی رانهندهگی، مردنی منداڵان بەهۆی موشکلاتی دەرمانی و خۆراکی و دابەزینی مامناوەندنی تەمەن و پیری و مەرگی نابەوەخت و هیتریش لە زومرهی ئهو هۆکارانهن. سازمانی بێهداشتی جیهانی باسی لە مەرگی نابەوەختی دەیان هەزار شارۆمەندی دانیشتوی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بەهۆی پیس بوونی كهش و ههوا لە ماوەی ئەم یەکساڵەی دواییدا کردوە.هەر ئەم نمونەیەی دوایی، خۆی نیشان ئەدات کە تەقریبەن یەک لەسەر چواری سەرجەم قوربانیانی رووداوی رانهندهگی تەنیا و تەنیا بە هۆی پارتی بازیەکان و گەندەڵی و ڕشوە خۆری بەرینەوە کە لە دەزگای سادر کردنی مۆڵەتی شۆفێریدا لە ئارادایە، بەهۆی نەبوونی پرد و تونێلێک کە خەڵکی پیادەی لێ بپەڕێتەوە، لەزۆر شوێن بەهۆی کەمبوونی سەرەتایی ترین خزمەتگوزاری وەک چرای ڕاهنمایی، خەتکێشی شەقامەکان، تابلۆی هێمای رانەندەگی و هیترەوه روویانداوە کە بە ئاسانی شیاوی پێشگیرین. بەپێی ئامارێک کە لەژێر چاودێری وەزاڕەتی ڕاه و تەرابەریدا بڵاو بۆتەوە، ئاماری تەسادوفاتی جادەیی لە ئیران بە بەراورد لەگەڵ باقی وڵاتانی تر بە نیسبەتی جەمعیەت، بەرزترین پلەی جیهانی هەیە.لە دەزگای ئیداری گەندهڵ و دواکەوتووی وەک کۆماری ئیسلامیدا، نە لەبنەڕەتدا تەرح و پلانێک بۆ بەرگرتن لە رووداوێک بوونی هەیە و نە سیستمی ئیداری بێ کیفایەت و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی توانایی پیادە کردنی تەرحی کارشناسی کراوی هەیە. هەر تەرحێکیشیان هەبێت ئەساسەن ئامرازێکە بۆ سوئیستیفادەی ماڵی و غارەت و تاڵانچێتی.بۆ بەرگرتن لە رووداوەکان، بە تایبەت ئەو روداوانەی شیاوی پێش بینی و پێشگیرین، و چ لە کارەدانەوە بە رووداوی چاوەڕوان نەکراو، ئەگەر کۆماری ئیسلامی تەرحە دژی خەڵکیە نیزامی و ئەمنیەتیەکانی خۆی کە ئەساسەن لە خزمەت سەرکوتی خەڵکدان، بنێتەلاوە و بەشێک لەو هەزینە زۆر و زهبهندهوه بەبێ حەیف و مەیل کردن بۆ پرۆژەی ئیمهن سازی، بازسازی، نوێژن کردنەوەی جادەکان و ئاموزشی گشتی تەرخان بکات؛ نە تەلەفاتێک لەم ئاستەدا بوونی دەبێت و نە خەسارەتی لەم ئاستەشدا.ئەگەر تەنیا بەشێک لەو میلیارد دۆلارەی کە رژیمی ئیسلامی سەرفی پرۆژە نیزامی و ئەمنیەتی و دەستێوەردانەکانی لە گۆشە و کەناری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەکات، تا لەو ئامرازێک بۆ مانەوەی خۆی دروست بکات، بۆ دروست کردنی رێگای ئاسن، گۆڕین و نوێژن کردنەوەی جادەکان و ئاموزش و کۆنترۆڵ کردنی هاتوچۆکانی، تەرخان بکات، ئیتر شاهیدی مەرگی ٣ کەس لە هەموو سهعاتێكدا نابین.بەڵام لە ڕژیمێک کە بێجگە لە مانەوەی خۆی بیر لە هیچی تر ناکاتەوە، ئاوا چاوەڕوانیەک ناکرێ هەبێت. لە ڕژیمێک کە کەشی سیاسی ئێرانی بەتوندی خەفەقان ئاوەر کردووە، دەبێ چاوەڕوانێت هەبێت کە شوێنی کار و ژیانی خەڵک نائەمن، شوێنی ژیانیان وێران، جادەکان مەرگبار و ئینسانەکان بە مەرگ و میری نابەوەخت مەحکوم بکات. تەنیا رێگای رزگار بوون لە بارودۆخیک کە ئەم وڵاتەی کردۆتە کوشتارگایەکی گەورە بۆ هاوڵاتیان، کێشانە خوارەوەیەتی لە دەسەڵاتدا.