ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٦ی خاكه‌لێوه‌ی ١٤٠٤، له به‌رده‌وامی چالاكییه‌كانی هاووڵاتیان بۆ پاراستنی سرووشتی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی ژینگه پارێزانی ژیانی سه‌وزی سه‌قز، له داوێنی شاخی بێژنگ سه‌ر به ئاوایی ئه‌نگیجه‌ر ده‌یان نه‌مامیان چاند.
به پێی ئه‌و وێنانه‌ی به ده‌ستمان گه‌یشتووه، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ژینگه‌پارێزی ژیانی سه‌وز و دانیشتوانی گوندی ئه‌نگیجه سه‌ر به شاری سه‌قز به چاندنی نه‌مام، هه‌وڵی زیندوو كردنه‌وه‌ی سرووشتی كوردستانیان دا و هه‌روه‌ها به‌م چالاكییه په‌یامێكیان ئاراسته‌ی ئه‌و كه‌سانه كرد كه به مه‌به‌ستی وه‌ده‌ستهێنانی پاره‌یه‌كی زۆرتر زیان به ژینگه‌ی كوردستان ده‌گه‌ینن. جێگای ئاماژه‌یه له ساڵانی ڕابردوودا به هۆی بڕینی دارستانه‌كانی كوردستان له لایه‌ن كه‌سانی هه‌ڵپه‌ره‌ست و قازانجخوازه‌وه، به‌ره‌یه‌كی زۆر له سرووشتی كوردستان له ناو چووه و ئه‌مه‌ش بووه به هۆی په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی ژینگه پارێزی له لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه.