ئەم ڕۆژانە ساڵیادی زنجیرە ئۆپەراسیۆنی دژی ئینسانی و کۆمەڵکوژی سامناکی ناسراو بە “ئەنفال” بە دەستی ڕژێمی بەعس لە کوردستانی عێراقە. ٣٧ ساڵ لەمەو بەر لە وەها ڕۆژەگەلێک دا، لە کاتێکدا کە ڕژێمی خوێنمژی بەعس، بە زەبری کوشت و بڕ و ئاگر و ئاسن ئیرادەی خۆی بە سەر کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتە داسەپاندبوو، لە ماوەی کەمتر لە ٤ مانگ و لە ٨ قۆناغی جیا جیا دا، بە پلانێکی داڕێژراو، زیاتر لە ١٨٠ هەزار ئینسان، لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان، دەستە دەستە، دەستبەسەرکران و بە کۆمەڵ گواسترانەوە بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و لەوێ کۆمەڵکوژ کران و لە گۆڕی بە کۆمەڵدا خرانە ژێر خاکەوە. تێپەڕبوونی زەمەن، دوای ٣٦ ساڵ نەیتوانیوە برینەکانی ئەم جینایەتە بە سەر جەستەی ئەو کۆمەڵگایەوە، ساڕێژ بکات. ئاسەوارە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەو کارەساتە ئێستاش بەربینگی ئەو کۆمەڵگایەی بەرنەداوە.
ساڵی ١٩٨٨، لە کاتێکدا کە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بەرەو کۆتایی دەچوو، ڕژێمی بەعسی عێراق بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئەولەویەتی خۆی لەم شەڕە کۆنەپەرەستانەیدا خستە سەر بەرەکانی کوردستان و بە سەدان هەزار هێزی چەکداری بە تانک و تۆپ و هەموو کەرەسەیەکی پێشکەوتووی شەڕەوە، ڕەوانەی کوردستانی عێراق کرد. مەبەستی ڕاگەیاندراوی ئەو هێرشە، پاککردنەوەی کوردستان لە هێزی پێشمەرگە بوو. بەڵام ئەوە ڕواڵەتی پلانەکە بوو. ئەوەی کە لە کردەوەدا بەڕێوەچوو، جینۆسایدێکی تەواو و کەماڵ بوو. ئەو ئۆپەراسیۆنە ناوی ئەنفالی لە سەر دانرا. ئەو ناوە کە لە دەقێکی قورئان وەرگیراوە کە بە واتای غەنیمەت و دەسکەوتی شەڕ هاتووە. ئەم ناوە لە بنەڕەتدا بۆ هاندانی داروودەستەکانی موستەشار و بە کرێگیراوی کورد کە چەکداری ڕژیم بوون، بەکاردەهێنرا. مەبەستی ڕژێمی بەعس ئەوە بوو ڕێگا بە بەکرێگیراوانی خۆی بدات کە ماڵ و سەروەتی خەڵکی بێ دیفاعی ئەو دێهات و شار و شارۆچکانەی کە چۆلیان دەکردن، بە تاڵان بۆ خۆیان بەرن. بە هەزاران کەس لە ژن و پیاو و مناڵ و پیر و لاو لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان هەڵکەندران، بە بێ ئەوەی ڕێگایان پێبدرێ کە جگە لە لیباسی بەریان هیچ شتێکی دیکە لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن. ئەو جەماوەرە زۆر و زەوەندەیان بە ئوتوبوسی سۆغرە بەرەو بیابانەکانی “نۆگرە سەلمان” لە ناوەندی عێراق ڕاپێچ کرد و لەوێ بەرەبەرە بە بێ بەزەییانەترین شێوە لەناویان بردن و لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا شاردیاننەوە. تاک تاک کەسانێک کە لەو مەرگەساتە ڕزگاریان بووە، داستانە خۆفناک و پڕ لە ئێش و ئازارەکانی ئەم کۆمەڵکوژییەیان ئاشکرا کردووە.
ئۆپەراسیۆنی ئەنفال لە مانگی فێورییەی ساڵی ١٩٨٨ی زایینیەوە دەستی پێکرد و لە مانگی سێپتامبری هەمان ساڵدا کۆتایی پێهات، ئەو ئۆپەراسیۆنە بەربڵاوە تەواوی کوردستانی عێراقی هەر لە گەرمیانەوە تا بادینانی، گرتەوە و سەدان هەزار کەس تێیدا بوونە قوربانی و لە نێوبران و ئاوارە کران. هەر چەند تاکوو ئێستاش ئامارێکی وردی ئەم کارەساتە لە بەردەست نییە، بەڵام لە ڕووی ئەم گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە دۆزراونەتەوە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە لەو کارەساتەدا نزیکەی ١٨٠ هەزار ئینسان لە ژن و پیاو و منداڵ و پیر و لاو، قەتڵی عام کراون. لە جەریانی ئەنفالدا نەک هەر ئینسان، بەڵکوو ئاژەڵ و پەلەوەر و دار و درەخت و سەوزاییش لەناودەبران و هەزاران ناوچەی سەوزەڵان و پڕ دار و درەخت سوتێنران. سەرجەم دانیشتوانی گوندەکانی ناحیە و قەزا هەڵوەشاوەکانیش، ئەوانەی کە گیانیان دەرباز ببوو، لە ئۆردوگای گەمارۆ دراوی شێوە سەربازگەییدا دەستبەسەر کران.
ئۆپەراسیۆنی “ئەنفال” بە ٨ قۆناغی جیاواز لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی عێراق لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، موسڵ، کەرکوک و سلێمانی بەڕێوەچوو. ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕووداوێکی کتوپڕ نەبوو بەڵکوو لە ساڵەها پێشترەوە، بە پێی پلانێکی ڕژیمی بەعس، بەرە بەرە خەریک بوو بەڕێوەدەچوو و لە ساڵی ١٩٨٨دا بوو کە گەیشتە لوتکەی خۆی.
وێرانکردن و چۆڵکردنی دێهات لە ساڵەکانی دەیەی حەفتای زایینیدا، وەکوو بەشێک لە ڕێکەوتننامەی ئەلجەزایر. لەم شاڵاوی وێرانکاریەدا، زیاتر لە ٤ هەزار ئاوایی کوردستانی وێران کرد، ڕەز و باخ و کانیاوەکانی کوێر کردەوە و دانیشتووانەکەی ڕەوانەی ئوردۆگا ئیجبارییەکان کرد. ئەمجارەیان بەوەش ڕانەوەستا و دەستیکرد بە وێرانکردنی شاری قەلادزێ و سەید صادق و سەرەتاکانی وێرانکردنی شاری ڕانیەش دەستپێکرد کە ڕاپەرین مەجالی پێنەدا. پێشتریش شاری هەڵەبجە تەفروتوونا کرابوو و پێنج هەزار کەس لە خەڵکی ئەم شارەی بە گازی ژاراوی لەناو بردبوو.
لە کارەساتی ئەنفالدا هەزاران بنەماڵەی کورد بەتەواوەتی هەڵوەشانەوە، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی تێکچوو، هەزاران ژن بێ هاوسەر مانەوە و هەزاران مناڵ بێ باوک بوون، سەدان کەس باری دەروونیان تێکچوو، هەژاریی و نەبوونی و گەلێک ئازاری کۆمەڵایەتی بە شوێنیدا پەرەیان سەند.
لەم جەریانەدا گوند هەبوو بە تەواوەتی دانیشتووانەکەی ئەنفال کرا، بۆ نموونە گوندی جەلەمۆرد لە سنووری پارێزگای کەرکوک ٣٧٨ کەسی لێ ئەنفالکرا، لە ئاوایی گۆگتەپە ٣٣٤ کەس و لە ئاوایی فەقێ مستەفا ٢٠٠ کەس لەناوبران.
بە پێی هەندێ سەرچاوە و ئاماری بەردەست، تەنها لە سنووری کەرکوک ٦٠٧١ کەس بەتەواوەتی لە ناوبران. ئەم کارەساتە کوردستانی بەرەوڕووی وەها قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی، دەروونی و ئابووری کردەوە کە تا ئەمڕۆش شوێنەواری هەر ماوە و دەیان ساڵی دیکەش شوێنەواری دەمێنێ. زۆربەی بەکرێگراوەکان، لە موستەشار و سەرۆکی داروودەستەکانی کوردی سەر بە حکوومەتی بەعس، نەک هەر سزا نەدران، بەڵکوو لە سەر سەروەت و سامانێک کە بە تاڵان و بڕۆی خەڵکی ئەنفالکراو دەستیان کەوتبوو، دانیشتوون و ئێستاش وەکوو دڕکێک لە چاوی کۆمەڵگای کوردستاندا، ژیانی ئاسایی خۆیان درێژە پێدەدەن.
پێویست بە وەبیر هێنانەوە نییە کە هەمووی ئەو ڕوداوانە هەروەکوو ڕوداوەکەی هەڵەبجە لە بەرچاوی دەوڵەتانی گەورەی دنیا و لە سەرووی هەموانەوە بە بەرچاوی دەوڵەتی ئامریکاوە ڕویاندا و میدیای جیهانی کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو دەوڵەتانەدا بوو لە ئاست وەها جینایەتێکی سامناک بێدەنگ بوو. ئەمڕۆ لە کاتێکدا پاش ٣٧ ساڵ، یادی قوربانیانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە کە ڕژیمی دیکتاتۆری بەعسی عێراق لە دەسەڵاتدا نەماوە، بەڵام هێشتا ڕەنج و ئازار و برینەکانی ئەو خەڵکە ساڕێژ نەبۆتەوە. هەر ئێستا دەیان هەزار بنەماڵەی ئەنفالکراو بە دەست هەژاری، نەداری و غەمی لەدەستدانی ئازیزانیانەوە دەناڵێنن.
پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە کە ڕوداوی ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە ٣١ی مانگی ژوئیەی ١٩٨٣دا، یەکێکی دیکە لە تراژیدیا هەرە دڵتەزێنەکانی مێژووی کوردستانە. لەم ڕۆژەدا، ڕژێمی بەعسی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن، زیاتر لە ٨٠٠٠ پیاوی سەر بە عەشیرەتی بارزان، کە تەمەنیان لە نێوان ٨ تا ٧٠ ساڵدا بوو، ڕفاندن و دواتر هەموویان لە بیابانەکانی باشووری عێراق ئیعدامکران و خستیاننە ناو گۆری بە کۆمەڵەوە. ئەم کردەوەیە بەشێک بوو لە سیاسەتی جینۆسایدی خەڵکی کورد کە ڕژێمی سەدام پەیڕەوی دەکرد. لەم روداوەدا هێزەکانی بەعس، پیاوەکانیان لە ناوچەکانی قوشتەپە و دیانا و هەولێر کۆکردەوە، بە بیانووی ئەوەی کە دەیانەوێت بۆ خزمەتی سەربازی بیانبەن. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەو پیاوانە بردران بۆ بیابانی نەجەف و کەربەلا و لەوێ لەناو گۆری بە کۆمەڵدا کوژران و نێژران. تاوەکو ئەمڕۆش، زۆربەی تەرمەکان نەدۆزراونەتەوە و خێزانەکانیان ناتوانن ڕێوڕەسمی شایستەی ناشتنیان بۆ بەڕێوە بەرن.
ئەم کردەوە دڕندانەیە، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کۆمەڵگای کوردی بە گشتی و عەشیرەتی بارزان بە تایبەتی جێهێشت. هەزاران خێزان بێ سەرپەرشت و بێ نان ئاوەر مانەوە، کە ئەمەش دۆخێکی مرۆیی زۆر دژواری خولقاند. لە ڕووی دەروونیشەوە، برینێکی قووڵی لە هەست و نەستی میللەتی کورددا جێهێشت کە هەتا ئەمڕۆش ساڕێژ نەبووە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، هەندێک گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە قوربانیان هێشتا نەدۆزراونەتەوە. بەڵگەنامەکانی حکومەتی عێراق پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەم تاوانە بەشێک بووە لە سیاسەتی جینۆساید دژی خەڵکی کوردستان.
لە یادی ٣٧ ساڵەی کارەساتی کۆمەڵکوژی ئەنفالدا جارێکی دیکە ئەوپەڕی نەفرەت و بێزاری خۆمان بەرامبەر بە بڕیاڕدەران و بەڕێوەبەرانی ئەو جینایەتە سامناکە دەردەبڕین و هەزاران سڵاو و دروود دەنێرین بۆ یادی گیانبەختکردووانی ئەم کارەساتە.