بانگەوازی کەمپەینی سەرتاسەری، بۆ ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی
کۆماری ئیسلامی خولێکی نوێی دەرکردنی حوکمی ئێعدامی لەدژی چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەست پێکردووە. وەک دوایین حاڵەت، حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای باڵاوە پشتڕاستکراوەتەوە و ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمەکەی، هەڕەشە لە گیان و ژیانی ئەم هەڵسووڕاوە مەدەنییە دەکات. پەخشان عەزیزی هەڵسووڕاوێکی مەدەنی و بوارەکانی مافی مرۆڤە کە چەندین ساڵی تەمەنی بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی توندوتیژی و شەڕ لە سووریە و عێراق بەسەر بردووە و هاوکاری ڕێکخراوە ناوچەیی و جیهانییەکانی مافی مرۆڤی کردووە. ناوبراو بە تۆمەتی درۆ و بێبنەما دەستبەسەر کرا و کەوتە ژێر توندترین ئەشکەنجە و ئەزییەت و ئازار و ئێستاش حوکمی لەسێدارەدانی لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاستکراوەتەوە. هەروەها وریشە مورادی، چالاکی بواری مافەکانی ژنان و ژینگەپارێز و زیندانی سیاسیی، ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە لایەن دەزگای ئەمنییەتی ڕێژیمی ئیسلامییەوە دەستبەسەرکرا و دوای ئەشکەنجە و ئەزییەت و ئازارێکی زۆر، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتی ئەبولقاسم سەلەواتی، بە تۆمەتی “بەغی” یان خەباتی چەکداری لە دژی نیزام حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا.
خولی نوێی دەرکردنی سزای ئێعدام لە دژی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە بارودۆخێکدا دەستی پێکردۆتەوە کە ڕێژیمی ئیسلامی لەناوخۆ، لە هەموو بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا گەیشتووەتە بنبەست، لە ناوچەکەدا لەگەڵ شکستی قەرەبوو نەکراوە بەرەوڕوو بووەتەوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بە تەواوی پەراوێز کەوتووە. چڕبوونەوەی گوشارەکان لەسەر کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێکە لە پڕۆژەیەکی سەرکوتگەرانە کە بە مەبەستی پاراستن و مانەوەی ئەم دەسەڵاتە لە بەرامبەر شەپۆلی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، بەرنامەڕێژی کراوە و جێبەجێ دەکرێت. بە تایبەت لە کوردستان کە دژایەتی لەگەڵ نیزامی ئیسلامی، ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی بە پانتایی هەموو کۆمەڵگا گرتووەتەوە، ڕێژیمی ناچار کردووە کە بە بەکارهێنانی بەربڵاوترین شێوازەکانی سەرکوت، لەوانە دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ چالاکانی سیاسی و مەدەنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە خەیاڵی خاوی خۆی، ڕێگری بکات لە خەبات و ناڕەزایەتی مافخوازانەی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان. ئەوە لە کاتێکدایە کە خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازان بە پانتایی هەموو جوگرافیای ئێران پەیوەندییەکی مێژوویی پەیداکردووە و سەرکوتی هەر بەشێک لەو خەبات و ناڕەزایەتییە، بە کردەوە دەبێتە هۆی پەرەسەندن، بەهێزتربوون و لێکنزیکبوونەوەی هەرچی زیاتر و خێراتری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بزووتنەوەی خانەنشینان و هتد.
لەم هەلومەرجەدا، خستنەگەڕی هەر هەوڵێک بە مەبەستی ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان لەدژی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، بووەتە ئەرکێکی ئینسانی و پێویستییەکی خەباتکارانەی کە، گرتنەبەری ڕێوشوێن و هەوڵی کرداریی بەپەلە و هەنووکەیی دەخوازێت. بەلەبەرچاوگرتنی ئەم زەرورەتە، ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، تا هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، کەمپەینێکی سەرتاسەری و جیهانی ڕادەگەیەنێت و لە ماوەی ئەو کەمپینەدا، هەوڵ دەدات بە بەڕێوەبردنی ئاکسیۆن، کۆبوونەوە و پەیوەندی لەگەڵ ڕاگەیەنەرەکان و ناوەندە مرۆڤدۆست و ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ، ڕای گشتی جیهان لە دۆخی نالەبار و مەترسیداری زیندانیانی سیاسی و مەدەنی و سیاسەتە تاوانکارییەکانی ڕێژیم ئاگادار بکاتەوە و لەم ڕێگەیەوە هەوڵەکانی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە نامرۆڤانەیە بخاتەگەڕ. بۆ بەسەمەرگەیاندی ئەو هەوڵانە، داوا لە سەرجەم ئازادیخوازان، ناوەند و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات دەکەین کە، بۆ ئەم مەبەستە بە شێوەیەکی هاوبەش و هەماهەنگ، لەو چالاکیانەدا بەشداری بکەن.
کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی
کۆمۆنیستی ئێران
١٢ی ژانویەی ٢٠٢٥