وتەبێژی دەزگای قەزایی ئێران ڕایگەیاند کە لەمساڵدا ٧٠٠ هەزار پەروەندەی شەڕ و تێکهەڵچوون لە ئاستی ئێراندا تۆمار کراوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەم ئامارە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو پتر لە ٤٠% زیادی کردووە. لە هەمان کاتدا خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە ئەم ئامارە ساڵ بە ساڵ بەرزتر دەبێتەوە. کەمبوونەوەی ئاستی تەحەمول و لێبوردەیی خەڵک بەرامبەر بە یەکتر، یەکێکە لەو پرسە کۆمەڵایەتیانەی کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. ناوەندی ئاماری گالۆپ، ئێران، عێراق و سوودانی باشووری وەک تووڕەترین وڵاتانی جیهان دەستنیشان کردووە. بە پێی ڕاپۆرتی ئەم ناوەندە، ٥٠ لەسەدی دانیشتوانی ئێران توڕەن. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، هەڵگری هەموو پێداویستییەکانی کۆمەڵگەیەکی تووڕە، نیگەران، شێواو و قەیرانیی، لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و ژینگەییەکاندایە. ئەم ڕێژیمە ڕادەی تەحەمول و لێبوردەیی خەڵکی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، تا ئاستی تەقینەوە بردووە. خۆڵبارین و لافاو و بوومەلەرزە، نەخۆشیەکانی وەک کۆرۆنا و گرانی و بێکاریی تاقەت پروکێن، هەڵاواردن و توندوتیژی بەرامبەر بە کۆڵبەران و سوختبەران، هەڵاواردنی سیستماتیک بەرامبەر بە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، گەندەڵی ئیداری، حیجابی ئیجباری و هەڵسوکەوتی لات و چەقۆکێشە ئیسلامییەکان لەم پێوەندییەدا، تەنیا چەند نموونەیەکن لەو هۆکار و فاکتەرە بەرچاوانەی کە ئەمنییەتی دەروونی و تەندروستی خەڵکیان لەگەڵ مەترسییەکی جددی بەرەوڕوو کردووەتەوە. کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییە جددیەکانی وەک گیرۆدەبوونی ملیۆنان کەس بە ماددە هۆشبەرەکان، توندوتیژییە فرەچەشن و بەردەوامەکانی حکوومەت، هەڕەشەی بەردەوامی دام و دەزگا ئەمنییەکان لەسەر خەڵک، زیادبوونی ٢٠ هێندەی ژمارەی زیندانییە ئاساییەکان، پەرەسەندنی تەڵاق و زیادبوونی لەشفرۆشی ئیسلامی لەژێر ناوی سیغە، دزی و تاڵان و بڕۆی بەرپرسانی ڕێژیم، نائەمنی ڕێگاوبانەکان، نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی و پەرەسەندنی بەرچاوی منداڵانی کار و بێ سەرپەرشت، بێ سەرپەنایی و نەبوونی شوێنی نیشتهجێبوونی پێویست و سەرەنجام، بێهیوایی زۆرێک لە بەشەکانی کۆمەڵگا سەبارەت بە باشتربوونی بارودۆخی ئێستا، هەموویان لە زومرەی ئەو هۆکار و فاکتەری هەڵچوون و توڕەییانەن لە کۆمەڵگادا.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی کارناسانەی کە لەناوخۆی وڵاتدا ئەنجام دراوە، “بەهۆی پەرەسەندنی هەژاری و هەڵاواردن و نایەکسانی، زۆربەی خەڵک بە ناچاری، هەموو وزە و تاقەتی خۆیان تەنیا لە پێناو دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیاندا بەکار دەهێنن و چیتر دەرفەتی ئەوەیان بۆ نامێنێتەوە کە گرنگی بە پێداویستییەکانی کەسانی تر و کاروبارە پێویستە کۆمەڵایەتییەکان بدەن بەمەبەستی بەردەوامیی ژیانی کاریگەرانەی کۆمەڵگاکەیان. بەم شێوەیە فۆرمێک لە تاکگەرایی دروست دەبێت کە ئاکامەکەی دەبێتە کەمبوونەوەی متمانە لە نێوان خەڵک و هەروەها لە نێوان خەڵک و ڕژێمی دەسەڵاتداردا. ئەم لێکۆڵینەوەیە بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ بوونی بێسەرەوبەرەیی و بێنەزمییەکی کۆمەڵایەتی بەربڵاو. ئاشکرایە کە لە ئاوا دۆخێکدا، توندوتیژی لە نێو دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگایەدا پەرە دەستێنێ و لەگەڵ پەرەسەندنیشی لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگادا، هەرچی زیاتر شاهیدی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی توندوتیژانە لەلایەن ئەو کەسانەوە دەبین کە پێشتر کەمتر چاوەڕوانییان لێدەکرا. دەتوانین لەسێدارەدان وەک یەکێک لە دیارترین نموونەکانی هۆکاری پەرەسەندنی توندوتیژی، تووڕەیی و نائارامی دەروونی لە کۆمەڵگای ئێراندا ناو ببەین. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان ژمارەی ئێعدامەکان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، دوو هێندە زیادی کردووە و ئێران لەم بابەتەوە لە ڕیزبەندی یەکەمی هەموو وڵاتانی جیهاندایە.
لە سێدارەدان بە گشتی و لە سێدارەدان لەپێش چاوی خەڵک، کە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەیەکی بەربڵاو بەڕێوە دەچێت، نموونەیەکە لە ڕەواج و پەرەپێدانی توندوتیژییەکی وشیارانە لە کۆمەڵگادا. لە سێدارەدان خۆی لەخۆیدا، هەستی تۆڵەسەندنەوە و دەروونناسی توندوتیژی، بەهێز دەکات. کاتێک کوشتن لە بەرامبەر کوشتندا لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێگە پێدراو بێت، چۆن کەسانی تر هان نەدرێن بۆ ئەوەی بە دەستی خۆیان ئەم بەناو دادپەروەرییە بەڕێوەببەن؟ لەکاتێکدا کە جێبەجێکردنی ئەم سزایە، نەک هەر هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوانەکان نییە، بەڵکوو کاتێک دەوڵەتەکان بەشێوەیەکی یاسایی، لەژێر ناوی سزای لەسێدارەدان، خەڵک دەکوژن، لەڕاستیدا بە کەمکردنەوەی بەهای پاراستنی گیانی مرۆڤ، ڕێگە بۆ دووبارەبوونەوەی لە کۆمەڵگادا خۆش دەکات. ئەو پاساوانەی کە لەم پێوەندییەدا بۆ سزای لەسێدارەدان دەهێنرێتەوە، هیچی تر نییە جگە لە درۆیەکی ئاشکرا، چونکە، یەکەم ئەوەی کە هیچ مرۆڤێک بەشێوەیەکی سروشتی توندوتیژ لەدایک نابێت، بەڵکوو لە هەڵسەنگاندن و شیکاری کۆتاییدا، ئەوە بارودۆخی ماددی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە بەرەو توندوتیژییان دەبات و دەوڵەت و چینە دەسەڵاتدارەکان ڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لە ئاست سەپاندنی ئەم هەلومەرجە ماددییە بەسەر ژیانی زۆرینەی خەڵکدا. مانەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشەیەکی بنەڕەتییە بۆ سەر ئەمنییەتی دەروونی و تەندروستیی خەڵک. بۆ ئەوەی کە بگەین بە کۆمەڵگایەکی کە تیایدا توندوتیژی کەمتر بێت و شادی و ڕەزامەندییەکی زیاتر بوونی هەبێت، هیچ ڕێگەیەکی تر نییە جگە لە ڕزگاربوون لە دەست حکوومەتی ئیسلامی. هەر ڕۆژێک کە ئەم حکوومەتە زیاتر لەدەسەڵاتدا بێت، هیچ مانایەکی تری نییە جگە لە پەرەسەندنی توڕەیی گشتی و توندوتیژی و خوێنڕشتن و نەخۆشخستنی زیاتری دانیشتوانی کۆمەڵگا.