کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قەیرانی سووتەمەنی، ئاگرێکی ژێر خۆڵەمێش لە ئێران

IMG 4710

ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ لە قەیرانی سووتەمەنی. ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕیزە دوور و درێژەکانی بەنزینخانەکان، لابردنی کارتە ئازادەکان، سنووردارکردنی نافەرمی وەرگرتنی سووتەمەنی و دروستبوونی بازاڕی ڕەشی بەنزیندا دەبینرێت، نیشانەگەلێکی ئاشکرای قەیرانێکی قووڵترن، قەیرانێکی کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناکارامەیی، گەندەڵی، گەمارۆکان، کۆنبوونی ژێرخانەکان و لێکەوتەکانی شەڕی ئەم دواییانە. بەڵام وەک هەمیشە، تێچووی کۆتایی ئەم قەیرانە دەخرێتە سەر شانی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، شۆفێران، پەراوێزنشینان و بنەماڵە هەژار و کەمداهاتەکان.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هێشتا باس لەبەڕێوەبردنی بەکاربردندەکەن و هەوڵ دەدەن حاشا بکەن لە بوونی قەیرانەکە. بەڵام ڕاستی سەر شەقامەکان شتێکی دیکەیە. ڕاپۆرتەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێرانەوە ئەوە نیشان دەدەن کە خەڵک بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە نۆرەی بەنزینخانەکاندا دەمێننەوە، کارتە ئازادەکان یان بە تەواوی لابراون یان ڕووبەڕووی سنووردارکردنی توند بوونەتەوە. لە هەندێک ناوچە، بەتایبەت پارێزگاکانی باشوور و پارێزگا سنوورییەکان، بازاڕی ڕەشی بەنزین بە خێرایی پەرەی سەندووە.

بەپێی خەمڵاندنەکان، بەکاربردنی ڕۆژانەی بەنزین لە ئێران گەیشتووەتە نزیکەی ۱۳۰ ملیۆن لیتر، لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنانی وڵات پێش شەڕی ئەم دواییانە نزیکەی ۱۱٥ ملیۆن لیتر بووە لە ڕۆژێکدا. ئەمەش واتە تەنانەت لە بارودۆخی ئاساییشدا، وڵات لەگەڵ کەمبوون یان کورتهێنانێکی نزیکەی ۱٥ ملیۆن لیتری لە ڕۆژێکدا بەرەوڕوو بوو. ئەم کورتهێنانە لە ڕابردوودا لە ڕێگاکانی وەک هاوردەکردنی سنووردار، گۆڕینەوەی نەوت بە بەنزین یان بەکارهێنانی کۆگاکان قەرەبوو دەکرایەوە. بەڵام ئێستا، بەهۆی زیانبەرکەوتنی هەندێک لە ژێرخانە سەرەکییەکانی وزە و سنوورداربوونی ڕێگاکانی هاوردەکردن، ئەم کەمبوون و کورتهێنانە بووەتە قەیرانێکی جددی.

حکومەت بۆ یەکەمجار ناچار بووە بە ڕاشکاوی باس لە زیانگەیشتن بە بەشێک لە ژێرخانەکانی سووتەمەنی و وزە بکات لە کاتی شەڕی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، شەڕێکی کە سەرەڕای ئاگربەستێکی لەرزۆک، هێشتا سێبەرێکی قورسی بەسەر بازاڕی وزەی ئێراندا کێشاوە. هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکان، کۆمەڵگاکانی پێترۆشیمی و ڕێڕەوەکانی دابینکردنی ماددە زیادکراوەکانی بەنزین، توانای بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سووتەمەنی خستووەتە ژێر گوشارەوە. پاڵاوگەی لاوان کە لە کاتی شەڕەکەدا کرایە ئامانج، ڕۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن و حەوتسەد هەزار لیتر بەنزین و دوو ملیۆن و چوارسەد هەزار لیتر گازوئیلی بەرهەم دەهێنا، توانایەکی کە ئێستا لە بە تەواوی لەکار کەوتووە.

بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینێکی شیاوی بەکارهێنان و خاون بەکوالێتی، پێویستە ماددەی تایبەت زیاد بکرێت کە بەشێکیان لە کۆمەڵگاکانی پێترۆشیمی وەک ماهشەهر و عەسەلوویە بەرهەم دەهێندران. بەهۆی زیانگەیشتن بەم کۆمەڵگایانە، دابینکردنی ئەم ماددانەش ڕووبەڕووی کێشەی جددی بووەتەوە.

لە ڕابردوودا، بەشێک لە نەوتی ئێران لە بەرامبەر وەرگرتنی بەنزیندا بە شێوەی پایاپای مامەڵەی پێوە دەکرا. بەڵام ئێستا بەهۆی گەمارۆی دەریایی و سنوورداربوونی توندی هاتوچۆ و گواستنەوە، ئێران توانای بەکارهێنانی کۆگاکانی نەوتی خۆی نییە لەسەر ئاوەکانی دەوروبەری چین بەمەبەستی هاوردەکردنی بەنزینی پێویست. لە ئاوا بارودۆخێکدا، حکومەت ئیتر ناتوانێت وەک ڕابردوو پێداویستییەکانی ناوخۆیی دابین بکات و ناچار دەبێت ڕێوشوێنی جیرەبەندی ڕەسمی یان ناڕەسمی، کەمکردنەوەی پشکەکان و زیادکردنی نرخ بگرێتە بەر.

بەڵام گرانبوونی بەنزین تەنها بە واتای گرانبوونی کاڵایەک نییە. بەنزین لە ئابووری ئێراندا ڕۆڵێکی زنجیرەیی هەیە. زیادبوونی نرخی بەنزین، دەستبەجێ کاریگەری دەکاتە سەر کەرتی گواستنەوە، نرخی ماددە خۆراکییەکان، تێچووی هاتوچۆی کرێکاران و قوتابییان، کرێی تاکسی و وانێت، سەرویسی قوتابخانەکان، گواستنەوەی بار، نرخی میوە و سەوزە، تێچووی بەرهەمهێنان و تەنانەت خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەیییەکان. کاتێک سووتەمەنی گران دەبێت، بارهەڵگر، شۆفێری تاکسی، جووتیار، دوکاندار و بەرهەمهێنەر هەموویان ناچارن تێچووەکانی خۆیان بەرز بکەنەوە. لە کۆتاییدا، ئەم زیادبوونی تێچووە دەگوازرێتەوە بۆ سەر سفرەی خەڵک.

لە وڵاتێکدا کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، گوشارێکی لەو شێوەیە دەتوانێت زۆر وێرانکەر بێت. موعەلیمێکی کە مووچەکەی جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ تێچووی پێداویستییەکانی ژیانێکی ئاسایی، خانەنشینێکی کە داهاتەکەی تەنانەت تێچووی دەرمان و کرێی خانووی پێ دابین ناکرێت، کرێکارێکی کە حەقدەستی مانگانەکەی لە کرێی خانووەکەی کەمترە و هەروەها بنەماڵەیەکی کە تەواوی ڕۆژەکەی هەوڵ دەدات ژەمێک خۆراکی گونجاو دابین بکات، چۆن دەتوانێت بەرگەی زیادبوونی نرخی نوێی بەنزین و ئەو شەپۆلە گرانییە بگرێت کە بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟ بۆ چینە مامناوەندەکان ڕەنگە گرانبوونی بەنزین بە واتای کەمکردنەوەی سەفەر یان کەمتر بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بێت، بەڵام بۆ چینە هەژار و کەمداهاتەکانی خوارەوە، بە واتای کەمکردنەوەی بەشێک لە خۆراک، دەرمان، خوێندن یان هاتوچۆی پێویستە.

قەیرانی سووتەمەنی کارگەکان و یەکە بەرهەمهێنەرەکانیش دەگرێتەوە. کەمیی گازوئیل، تێکچوونی پڕۆسەی گواستنەوەی ماددە سەرەتاییەکان، زیادبوونی تێچووی گواستنەوەی کاڵا و گرانبوونی وزە، دەتوانێت بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە و بێکاری پەرەپێبدات. کارگەیەکی کە ڕووبەڕووی کەمیی ماددەی سەرەتایی یان تێچووی بەرزی گواستنەوە ببێتەوە، یان نرخی کاڵاکەی بەرز دەکاتەوە یان کرێکارەکانی دەر دەکات. لەهەردوو

حاڵەتدا، چینی کرێکار دۆڕاوە.

حکومەت هەوڵ دەدات سزاکان و شەڕ وەک هۆکاری سەرەکی قەیرانەکە بناسێنێت. بێگومان گوشاری سزاکان و لێکەوتەکانی شەڕ زەبری لە ئابووری ئێران داوە و زۆرترین زیانیشی بەر چینی کرێکار و خەڵکی هەژار کەوتووە. بەڵام دەسەڵات ناتوانێت بە خۆشاردنەوە لە پشت سزاکان و شەڕەوە، خۆی لە بەرپرسیارێتی سیاستەکانی بشارێتەوە. ساڵانێکی زۆر داهاتی نەوتی وڵات لەجیاتی وەبەرهێنان لە ژێرخانەکانی وزە، گواستنەوەی گشتی، پاڵاوگەکان، چاککردنی شێوازەکانی بەکاربردن و خۆشگوزەرانی گشتی، بۆ ئۆرگانە سەربازییەکان، دام و دەزگاکانی سەرکوت و چەواشەکاری و سەرکێشییە ناوچەیییەکان خەرج کرا.

گەندەڵی بەربڵاویش بەشێکی جیانەکراوەیە لەم قەیرانە. لە ئابوورییەکدا کە ڕانت، قاچاخ، بازاڕی ڕەش و تۆڕەکانی سەر بە دەسەڵات، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی تێدا دەگێڕن، هەر کەمبوونێک دەبێتە دەرفەت بۆ بەرژەوەندی گرووپێکی تایبەت. بەنزینێکی کە دەبێ بە نرخی گونجاو بگاتە دەستی خەڵک، لە بازاڕی ڕەشدا بە نرخگەلێکی چەندین هێندە دەفرۆشرێت. ئەوانەی دەستیان بە سەرچاوەکان، کارتەکان، پشکەکان و تۆڕەکانی دابەشکردن دەگات، قازانج دەکەن و ئەوانەش کە تەنها داراییان، بریتییە لە حەقدەستێکی کەمی ڕۆژانە، زیاترین زیان دەبینن.

لە ئاوا بارودۆخێکدا، زیادکردنی نرخی بەنزین دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر بژێوی خەڵک. ئەم بڕیارە لە پاڵ گرانبوونی ئاو، کارەبا، گاز، کرێی خانوو، دەرمان، خوێندن و ماددە خۆراکییەکان، ژیانی ملیۆنان بنەماڵەی گەیاندووەتە لێواری لەناوچوون. خەڵکێکی کە پێشتریش لەژێر گوشاری هەڵاوسان، بێکاری، حەقدەستە دواکەوتووەکان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە پیشەیییەکاند بوون، ئێستا ئیتر توانای تەحەممول کردنی گوشاری نوێیان نەماوە.

موعەلیمان، خانەنشینان و کرێکاران ساڵانێکە لە ڕێگەی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانی خۆیانەوە داوای حەقدەستی دادپەروەرانە، بیمە، دەرمانی بێبەرامبەر، خوێندنی بێبەرامبەر، ئەمنییەتی پیشەیی و ژیانێکی شەرافەتمەندانە دەکەن. ئێستا قەیرانی بەنزین و شەپۆلی نوێی گرانی، پێویستیی هاوپشتی نێوان ئەم گرووپانەی زیاتر کردووە. خۆڕاگریی بەکۆمەڵ و ڕێکخراو لە دژی سەپاندنی تێچووی قەیرانەکە بەسەر خەڵکدا، دەتوانێت هەزینەی ئەم سیاسەتانە بۆ دەسەڵات بەرز بکاتەوە. نابێ

تێچووی ڕاگرتنی دام و دەزگای گەندەڵی حکومی، دامەزراوەکانی سەرکوت، بنیادە ناپەرسیارەکان و سەرکێشییە سەربازییەکان لە سفرەی خاڵی خەڵک دابین بکرێت. قەیرانی سووتەمەنیش وەک هەموو قەیرانەکانی تری کۆماری ئیسلامی، ئەوە زۆرینەی خەڵکەن کە ناچارن باجەکەی بدەن. لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر بژێوی ژیانی خەڵک، تەنها ڕێگەی کاریگەر بریتییە لە ڕێکخراوبوون، یەکگرتوویی و هاوپشتی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، شۆفێران و سەرجەم خەڵکی ستەملێکراو و بێبەش.